باندێکی مافیایی پێداویستیی خوێندن بەسەر منداڵە هەژارەکاندا دابەشدەکات

هەمەڕەنگ

14/10/2020‌ 933 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

باندێکی مافیایی مەکسیکی کە قاچاخچێتى مادە هۆشبەرەکان دەکات، لەپایتەختی ویلایەتی سینالوای مەکسیک پێداویستی خوێندنى بەسەر منداڵە هەژارەکانی شارەکەدا دابەشکرد.

لەیەکەم سەرنجدا ڕەنگە واگومان بكرێت ئەوەی پێداویستییەکانی قوتابخانەی دابەشکردوە خاچی سوری نێودەوڵەتی یان ڕێکخراوێکی خێرخوازی بواری کاروباری منداڵان بوە، بەڵام بەگوێرەی ڕۆژنامەی Milenioی مەکسیکی، بابەتەکە پەیوەستە بەباندێکی تاوانکاریی ڕێکخراو.

دیارییەکانی باندەکە پیتی یەکەمی ناوی خواکین گۆزمان لویرای ناسراو بە"ئێل چاپۆ"ی لەسەرە، پێداویستییەکانیش بەسەر ناوچە هەرە هەژارەکانی شاری لاس کۆلۆراداسدا دابەشکراون، ئامانجیش لەو هەڵمەتە بەدەستهێنانی پشتگیریی‌و سۆزی خەڵکی ناوچەکەیە.

ئەوە یەکەمجارنییە ئەو باندە مافیاییە هاوکاری خەڵکانی لێقەوماوی ئەو وڵاتە دەکات، بەڵکو لەدوای بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، خێزانی توشبوانی کۆرۆنا پێداویستی‌و خۆراک‌و هاوکاری تری باندەکەیان وەرگرتوەو لەڕۆژی جیهانی منداڵانیش باڵۆنی ڕەنگاو ڕەنگ‌و شیرینیان بەسەر منداڵاندا دابەشکردوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی