نەتەوە یەکگرتووەکان مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئاشکرا دەکات

جیهان

16/10/2020‌ 857 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە گۆڕانی کەشوهەوا لەساڵی ٢٠٠٠ وە ئاستی کارەساتە سرووشتییەکانی دوو ئەوەندە زیاد کردووە، هەربۆیە داوای کردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپێناو کەمکردنەوەی مەترسییەکان دەست بە جوڵە بکات، کە بەپێی داتاکان لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی ١،٢ ملیۆن کەس لە جیهاندا.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سنووردانان بۆ مەترسییەکانی کارەساتە سرووشتییەکان لە راپۆرتێکدا دەڵێت لەنێوان ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٩ نزیکەی ٧٣٤٨ کارەساتی سرووشتی لە جیهاندا روویاندا کە بەهۆیەوە ملیۆنێک و ٢٣٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانی ٢ تڕیلیۆن و ٩٧٠ ملیار دۆلاریشی لێکەوتۆتەوە.

پسپۆران ئۆباڵی گەورەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەدەنە پاڵ وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان، بەڵام ئەو هەنگاوانەی ئەو وڵاتانە بۆ رێگریکردن لە گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا دەیگرنەبەر سستن و لەئاست گەورەیی مەترسییەکاندا نین .

لەساڵی ٢٠١٦ دا ڕێککەوتنامەی پاریس بۆ کەشوهەوا واژۆ کرا لەپێناو کەمکردنەوەی تێکرای "قەتیسبوون"ی گەرمی لەجیهاندا بۆ کەمتر لەسەدا ٢ ، جگە لە هێشتنەوەی لە لەدەوروبەری لەسەدا١،٥ .

لەساڵی ٢٠١٧ شدا، دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریک کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتننامەی پاریس ئاشکرا کرد و رایگەیاند ئەو ڕێککەوتنە زیان بە ئابووری ئەمەریکا دەگەیەنێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی