شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە بەشێکی زۆری ئێزدییەکانی
عێراق و هەرێمی کوردستان متمانەیان بەپلانی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال نییە کە بەپێی
ئەو ڕێککەوتنەی لەم دواییە لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان حکوومەتەکەی مستەفا
کازمی واژۆ کراو هەردوولا بە ڕێکەوتنێکی مێژووییان وەسف کرد .
ئاژانسەکە لەسەر زاری ئێزیدییەکانەوە گواستوویەتییەوە کە ئەگەری هەیە
ڕێککەوتنەکە دۆخی ئەمنی ناوچەکە هێور بکاتەوە، بەڵام لەڕووی ئاوەدانکردنەوە و
بنیادنانەوە رەنگە دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات، بەتایبەت کە ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی چەندین گرووپ و هێزی چەکداریدایە و وا بەئاسانی ڕێگە بە گرێبەستە بازرگانییەکانی
ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و هاتنی ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیی و عێراقییەکان بۆ
نادەن، مەگەر تەنیا ڕێژەیەکی دیاریکراو لە پشکی بودجەی پرۆژە خزمەتگوازرییەکانیان
بەربکەوێت.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە پلانی حکوومەت بۆ سەپاندنی ئاسایش و
ڕێگەدان بە گەڕانەوەی دەیان هەزار لەو ئێزیدیانەی بەهۆی نەبوونی سەقامگیری و
نەبوونی پرۆژە خزمەتگوازرییەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، هەروەک چۆن بەشێکی زۆری
ئێزیدییەکانیش ترسی ئەوەیان هەیە حکومەت توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخی و ئەمنی و
جڵەوکردنی میلیشیاکانی نەبێت .
رۆژی
٩ی ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ڕێککەوتنێکیان راگەیاند بەمەبەستى ئاساییکردنەوەی
بارودۆخی شنگال، کەبەپێی ئەوە بەرپرسیارێتی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی فیدراڵی
دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییەکان لە شارەکە دەچنە دەرەوە و ڕێگەش بۆ
گەڕانەوەی ئاوارە ئیزیدییەکان بۆسەر جێگا و ڕێگای خۆیان خۆشدەکرێت.
وەرگێران : ئاکۆ ئاڵی