ئەردۆغان بەموسڵمانەکان هەڕەشە لەئەوروپا دەکات

مەلەفی تایبەت

27/10/2020‌ 1393 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەلێکسى نیتچاییڤ لەگۆڤارى "فزغلیاد" ڕاپۆرتێکى بڵاوکردۆتەوە دەربارەى وێرانکردنى پەیوەندیەکانى تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتى گرینگدا لەلایەن ئەردۆغانەوە، بەڵام تائێستا مۆسکۆ لەوە بەدەرە.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، لەمدواییانەدا، سەرۆکى تورکیا چەندین لێدوانى توندیداوە، لەدژى ماکرۆن‌و ئەڵمانەکان، هەروەها خودى خۆشى بەپارێزەرى موسڵمانەکان ناودێرکردوە، لەهەمانکاتدا هەڕەشەى هەڵوەشانەوەى ئەوروپاى کردوە بەهۆى ڕەفتارەکانیان لەبەرامبەر موسڵمانان.

لەوبارەیەوە، ستانیسلاف تکاچینکۆ شارەزا لەیانەى فالداى‌و مامۆستا لەزانکۆى سان بترسبورگ وایدەبینێ، "لێدوانەکەى ئەردۆغان بۆ ماکرۆن (کارەساتێکى دیبلۆماسیەو شکستە بۆ تورکیا)، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەى پشت بەخۆبەستنى فشەڵەو ئارامى لەدەستداوە، هەروەها ڕەنگە لەدەستدانى متمانە بێت لەوەى تورکیا بەدەستى دێنێ لەسوریاو لیبیاو ناگۆڕنى قەرەباغ، چونکە ئەگەر وانەبێ، ئەوا لەسەرخۆ ڕەفتارى دەکردو بەچەند گوزارشتێکى گشتى کورت بابەتەکەى باسدەکرد.

لەهەمانکاتدا، شارەزایان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەردۆغان تەنها لەگەڵ فەرەنساو ئەمریکا ناکۆکى نەبوە، بەڵکو لەگەڵ ئەڵمانیاو چین بەهەمانشێوە ڕەفتارى کردوە، کەچى پەیوەندیەکانى لەگەڵ سەرۆکى ڕوسیاو سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا بەوشێوەیە نەبوە.

تکاچینکۆ باس لەوەدەکات، جێگەى سەرەنجە کاتێك سەرۆکى ڕوسیا لەکۆبونەوەى دیدارى فالدای سەرۆکى تورکیاى بەهاوڕێ‌و کەسێکى نەرم‌و نیان وەسفکرد؛ بەوەى ڕێککەوتن لەگەڵیدا ئاسانە، دیارە مۆسکۆ دڵنیایە لەوەى تورکیا وەک یاریچیەکى بەرپرس دەمێنێتەوە‌و لەچوارچێوەى پایەندبونە نێودەوڵەتیەکان دەرناچێت، هەروەها خۆى بەهاوبەش ڕوسیا ئەژماردەکات.

بەڵام سەبارەت بەوەى تورکیا نایەوێ پەیوەندى لەگەڵ لەندەن تێکبچێ، شارەزایان وايدەبینن، هۆکارەکەى ئەوەیە؛ دواى دەرچونى بەریتانیا لەیەکێتى ئەوروپا تائێستا چەمکێکى نوێى بۆ سیاسەتى دەرەوەى دانەڕشتوە، لەبەرئەوە، ئەنكەرە واینابینێ کە پێوستبێت ململانێ لەگەڵ سیاسەتى نادیاردا بکات، سەرەڕاى ئەوەش، ئەوکەسەى ئێستا سەرۆکایەتى هەواڵگرى بەریتانیا دەکات (ریچارد مۆر)ە، کە دیبلۆماتکارێکى کارامەیەو چەندین ساڵ لەگەڵ تورکیا کاریکردوە (لەنێویاندا باڵیۆزى بەریتانیا بوە لەئەنكەرە) پەیوەندیەکى زۆرباشى لەگەڵ ئەردۆغان هەیە.

وه‌رگێڕان: حیلمى ڕەسوڵ ڕەزا
سه‌رچاوه‌: RT.Arabic