دەرمانی هەوکردنی جومگەکان ئەگەری مردن بەكۆرۆنا کەمدەکاتەوە

تەندروستی

18/11/2020‌ 364 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی، توێژەران بۆیان دەرکەوتوە کە دەرمانی چارەسەری هەوکردنی جومگەکان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕۆڵی دەبێت لەکەمکردنەوەی ئەگەری گیانلەدەستدان بەڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ.

ئەو توێژەرانە باسیان لەوەکردوە کە دەرمانی چارەسەرکردنی هەوکردنی جومگە کە یەکەمجارە کۆمپانیایەکی بەریتانی وەک یەکێک لەفاکتەرەکانی ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەکارهێناوە، ڕۆڵی هەبوە لەکەمکردنەوەی گیانلەدەستدان بەڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێژەی لە 71% بۆ ئەو توشبوانەی نیشانەی مامناوەندو توندی بەخۆشییەکەیان هەبوە.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێک لەلایەنە باشەکانی ئەو چارەسەرە ئەوەیە کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەسانی بەساڵاچوو هەیە، ئەمەش ئومێدی ڕزگارکردنی ئەو چینە لاوازەی کۆمەڵگه‌ بەرزتر دەکاتەوە.

توێژەرەکان باسیان لەوەکردوە، ئەو چارەسەرە ناوی "Parisitinebe"یەو لەژێر ناوی بازرگانی Olument  لەدەرمانخانەکاندا دەفرۆشرێت، کە تاڕادەیەک دەرمانێکی نوێی هەوکردنی جومگە ڕۆماتیزمییەکانەو تەنها سێ ساڵە بەردەستە.

ئەم چارەسەرە لەلایەن کۆمپانیای "پێنیڤۆڵنت ئەی ئای"ی بەریتانییەوە دەستنیشانکراوە کە لەهەوڵەکانی بۆ گەڕان بەدوای دەرمانێک کە بتوانێت بەرەنگاری كۆرۆنا ببێتەوە هەزاران دەرمانی تاقیکردۆتەوە.

لەئێستادا کە لەلایەن زاناکانی کیشوەری ئەوروپا بەڕێبەرایەتی پەیمانگای کارۆلینسکای سویدی لێکۆڵینەوە لەڕاستی‌و دروستیی کاریگەرییەکانی دەرمانەکە دەکرێت، باس لەوەکراوە کە دەرمانەکە ئەگەری گیانلەدەستدانی ئەوکەسانەی بەهۆی توشبون بەڤایرۆسی كۆرۆنا داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن بەڕێژەی دوو لەسەر سێ کەمدەکاتەوە.

لای خۆیەوە پڕۆفیسۆر جۆستین ستیبینگ پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لەدەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییە نیشتیمانییەکانی بەریتانیاو پزیشک لەزانکۆی ئیمپریال کۆلێج لەلەندەن دەڵێت:"دەرمانی پاریسیتینەب یارمەتی ڕزگارکردنی گیانی هەزاران کەس دەدات".

هەروەک پڕۆفیسۆر ڤۆلگەر لاوشکی لەپەیمانگای کارۆلینسکا کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکەی کردوە دەڵێت:"ئەو ئەنجامانە زۆر هاندەرانەن، لەبەرئەوەی لێکۆڵینەوەکە لەسەر ژمارەیەکی زۆر لەتوشبوی بەساڵاچوو کراوە کە بەگشتیی لەلێکۆڵینەوەکانی تردا دوردەخرێنەوە".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی