شارپرێس:
به‌راورد بهمانگهكانى ڕابردوو پێدانى كاره‌باى نیشتیمانى له‌ئێستادا كه‌میكردوه، كۆنترۆڵى كاره‌باى هه‌رێمیش ڕونكردنهوه دهداتو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "لۆدێكى زۆر له‌سه‌ر كاره‌با هه‌یه بۆیه ئێستا 15 بۆ 16 كاتژمێر كاره‌با ده‌درێت".
به‌گوێره‌ى لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانى ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم‌و هاوكات وتەبێژی وەزارەتی کارەبا، "لۆدێكى زۆر له‌سه‌ر كاره‌با هه‌یه به‌هۆى نزمبونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رماوه، هه‌ربۆیه له‌ئێستادا ته‌نها 15 بۆ 16 كاتژمێر كاره‌باى نیشتیمانى ده‌درێته هاوڵاتیان".
به‌وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنترۆڵى كاره‌با، "لەهەرێمی کوردستان زیاتر لەملیۆنێكو 500 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، ئێستاش ڕۆژانە سێ هه‌زار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام ئەوەی زیادیکردوە خواستە لەسەر بەکارهێنانی، کە تەنها لەهەفتەیەکدا خواست 1100 مێگاوات له‌سه‌رو ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مده‌هێندرێت زیادیکردوە".
ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه، "له‌ئێستادا 1100 مێگاوات خواست زیادیكردوه، لەوەرزی زستاندا ئه‌و خواسته له‌دهۆک 1800 مێگاواتو سلێمانی 2200 مێگاواتو هەولێر 2800 مێگاواتو گەرمیانیش 350 مێگاوات کارەبایان پێویستە".
هه‌روه‌ك ئاشكراشیكرد، "بۆ زستانی ئەمساڵ به‌گشتى چاوەڕواندەکرێت خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ 7000 مێگاوات بەرزبێتەوە".
له‌دوو مانگى ڕابردودا 22 كاتژمێر‌و هه‌ندێك كات زیاتریش كاره‌باى نیشتیمانى به‌هاوڵاتیان ده‌درا، به‌ڵام له‌ئێستادا كه‌میكردوه بۆ 15 یان 16 كاتژمێر‌و ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى هاوڵاتیانى لێكه‌وتۆته‌وه.
