ئێران داواده‌كات خه‌ڵكی دوو ساڵی دیكه‌ش ماسک ببەستن

تەندروستی

20/11/2020‌ 391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی رەزا بیکلەری، سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ ئێران ڕایگه‌یاند، دەبێت خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی ماوەی دوو ساڵی تریش ماسک ببەستن و پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن.

بەپێی لێدوانی بیکلەری ئەو ڤاکسینەی لەجیهاندا دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەست دەبێت، لەساڵی یەکەمیدا لەباشترین حاڵەتدا بەشی لەسەدا ٢٠ ی دانیشتووانی جیهان دەکات، ئەگەر بێت و ئێرانیش ئەو ڤاکسینە هاوردە بکات ئەوە کاری لەپێشینە بۆ تیمی پزیشکی و منداڵ و ژنانی سکپڕ و کەسانی بەساڵاچوو دەبێت.

هەروەک مستەفا قانعی، سکرتێری دەستەی زانستی سەر بە بارەگای نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا رایگەیاندووە، لە ئەگەر بیانەوێت بەشێوەیەکی فراوان و هەمەلایەنە خەڵک بکوتن ئەوە لانیکەم تا ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتوو ئەو توانایەیان نابێت.

کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکی رایگەیاندووە کە دەتوانن ١،٣ ملیار پێکوتە بەرهەمبهێنن کە بەو ژمارەیە دەتوانن تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢١ نزیكه‌ ٦٥٠ ملیۆن کەسی پێبکوتن.

هێشتا ئێران پلانی خۆی بۆ کڕینی پێکوتەی دژە کۆڕۆنا رانەگەیاندووە، شرۆڤەکارانیش دەڵێن ئەگەر بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە لەجیهاندا بەو ئاستەی ئێستا بێت، ئەوە تاران تا چەند ساڵی تریش  ناتوانێت ڤاکسینەکە بکرێت.

ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی