شارپرێس:
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە نەخۆششخانەی بەناوبانگی "ریگز هۆسپیتاڵ"ی حکومی لەدانیمارک بڵاویکردۆتەوە، توێژەران نەیانتوانیوە هیچ بەڵگەیەکی ڕون بەدەستبهێنن کە دەریبخات دەمامک بەستن پارێزگارییەکی گەورە بۆ ڕێگریکردن لەگواستنەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەستەبەردەکات.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی کۆپنهاگن پۆست، هەرچەندە پێشتر زاناکان پێشبینیانکردبوو لەهەندێک حاڵەتدا ئەگەر مرۆڤ دەمامک ببهستێت، ئەوە مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بەڕێژەی لە 50% کەمدەبێتەوە، بەڵام ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەڵێن ڕێژەی پاراستنەکە زۆر لەوە کەمترە، بەشێوەیەک لە 15% بۆ 20% تێپەڕناکات.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕیگەر هۆسپیتاڵ دەڵێت:"ئەو جۆرە ئەنجامانە نابێت وا لەخەڵک بکات دەمامک نەبەستنو گومانیان لەسەر کارایی ئەو جۆرە ڕێکارەی خۆپاراستن بۆ دروستبێت، لەبەرئەوەی بەپێی چەندین لێکۆڵینەوە دەمامک بەستن کاتێک کاراییەکەی زیاتر دەردەکەوێت ئەگەربێتو خەڵک بەگشتیی دەمامک بکەن".
ئەنجامدەرانی لێکۆڵینەوەکە داوایانکردوە، بەدەر لەهەوڵەکانی حکومەت بۆ ناچارکردنی بەستنی دەمامک بەشێوەی ناچاری، بەشێوازی تریش هانی خەڵک بدرێت دەمامک بکەن، تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوەی تر لەسەر ئەو بابەتە دەکرێتو ئەنجامی یەکلاکەرەوە بەدەستدەهێنرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی