شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتێك، داننانى ئهنجومهنى پیرانى فهرهنسا بهسهربهخۆیی قهرهباغ كاردانهوهى توركیاو خودى سهرۆكهكهى لێدهكهوێتهوهو ڕوسیاش دهخاته بهردهم ههڵوێستێكى زۆر قورسهوه.
ئیرینا یاروفایا لەگۆڤارى "فزغلیاد" ڕاپۆرتێکى بڵاوکردۆتەوە دەربارەى داننانى ئەنجومەنى پیرانى فەرەنسا بەسەربەخۆیى قەرەباغ، کاردانەوەى ئەردۆغانو هەڵوێستى قورسى ڕوسیا.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە ((ئەنجومەنى پیرانى فەرەنسا، پڕۆژە بڕیارێکى لەبەرەدەستدایە سەبارەت بەداننان بەسەربەخۆیى قەرەباغ)).
لەوبارهیەوە سیناتۆر برونر ڕیتایۆ بۆچونى وایه، "ئەنجومەنى پیران لە٢٥ى نۆڤەمبەردا، چاو بەپڕۆژە بڕیارێکدا دەخشێنێتهوه دەربارەى داننانى فەرەنسا بەکۆمارى ئەرتساخ".
بەگوێرەى قسەى ئەو سیناتۆره، تەنها داننان بەسەربەخۆیى وادەکات مافو ئازادیەکانى دانیشتوانى قەرەباغ بەشێوەیەکى بڕواپێکراو بەدەستبێت لەبەرامبەر فراوانخوازى ئیسلامى تورکیدا. لەگەڵ ئەوەى بڕیارەکانى ئەنجومەنى پیران بەسروشتى خۆى ڕاوێژکارییە.
لەوبارەیەشهوە سیرگى ڤیدوروف توێژەر لەناوەندى کێشە کۆمەڵایەتیەکان لەپەیمانگەى ئەوروپاى سەر بەئەکادیمیاى زاسنتە ڕوسیەکان ئاماژه بهوهدهكات، "پێدەچێت ئەنجومەنى پیرانى فەرەنسا ئەم بڕیارە دەربکات، بەڵام تەنها وەک ڕاگەیاندنێکى سیاسى دەمێنێتەوە".
بهبڕواى ئهو، "ئێستا دۆخى قەرەباغ زۆر ئاڵۆزەو ڕەنگە پەیوەندى نێوان تورکیاو فەرەنسا لەگرێژنە دەربکات، ڕەنگە ئەمجۆرە هەنگاوە سیاسیە ببێتە مایەى ململانێیەکى مەترسیدار".
بەگوێرەى بۆچونى توێژەرهكه، داننان بەسەربەخۆیى قەرەباغ تەنها شتێکى ڕەمزیە لەلایەن پاریسەوەو پێناچێت وڵاتانى ترى ئەوروپا هەمان هەنگاوى فەرەنسا جێبەجێبکەن، هەوەتر، بۆ ئەوەى ئەم بڕیارە نرخێکى ڕاستەقینەى پێبدرێت، پێویستە لەلایەن پەرلەمانى ئەوروپاوە پشتڕاستبکرێتەوە، ئەمەش زۆر دورە ڕوبدات، تائێستا بڕیارەکە وەک شتێکى ڕەمزى سروشتى دەمێنێتەوە.
سەبارەت بەئەگەرى کاردانەوە لەلایەن تورکیاوە، ڤیدوروف دەڵێت:"بەلاى ئەردۆغانەوە، ئەمە دەبێتە هۆکارێکى تر بۆ ئەوەى دەستوەردان بکات لهکاروبارى ناوحۆیى ئازەربایجانو جیهانى تورکى، بەڵام دۆخى ڕوسیا زۆر ئاڵۆزترە، ناکرێ پەیوەندى لەگەڵ ئەرمینیاو ئازەربایجان تێکبدرێ، ناشکرێ لایەندارى بۆ لایەکیان دەرببڕێ".
بهوتهى ڤیدوروف، "ڕوسیا ڕۆڵى پاراستنى ئاشتى دەبینێو پێویستى بەبڕیارێک نییە تاوهکو جارێکى تر، ببێتە مایەى زیاتر ئاڵۆزکردنى دۆخەکە".
سهرچاوه: RT.Arabic
ئامادهكردن: حیلمى ڕەسوڵ ڕەزا