شارپرێس:
وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌وانه‌ى هه‌ڵده‌كوتنه‌سه‌ر شوێنه گشتییه‌كان ده‌ستگیركراون‌و به‌گوێره‌ى یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ده‌شڵێت:"ڕێگه به‌هیچ كار‌و تاوانێكى قێزه‌ون ناده‌ین له‌لایه‌ن هیچ كه‌سێكه‌وه"، ئاشكراشیكرد، دەیانەوێت بەشێك لەو خزمەتگوزاریانەی لەوەزارەتی ناوخۆ پێشكەش بەھاوڵاتیانى دەكەن، نەك ھەر شۆڕی بكەنەوە بۆ پارێزگاكان، بەڵكو دەیانەوێت فەرمانگەكانیش لەپارێزگاكان بگوازنەوە قەزاكان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ى 11ى 2020 بەئامادەبونی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومه‌تى ھەرێم‌و لیوا چه‌تۆ ساڵح بریكارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ‌و پارێزگاری سلێمانی‌و ژمارەیەك لەبەرپرسانی ئیداری‌و ئەمنی ناوچەكە نوسینگەی پاسپۆرت لەچەمچەماڵ كرایەوەو یەكەم پاسپۆرتیش لەسنورەكە درا بەنەوەی شەھیدێك.
لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیشدا كه په‌یامنێرى شارپرێس ئاماده‌یبوو، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێم ڕایگەیاند، "وه‌كو حكومەتی ھەرێم دەمانەوێت بەشێك لەو خزمەتگوزاریانەی لەوەزارەتی ناوخۆ پێشكەش بەھاوڵاتییانى دەكەین، نەك ھەر شۆڕی بكەینەوە بۆ پارێزگاكان، بەڵكو دەمانەوێت فەرمانگەكانیش لەپارێزگاكان بگوازینەوە قەزاكان".
ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه، قەزای چەمچەماڵ یەكێكە لەقەزا گرنگەكانی كوردستان كە نزیكەی 300 ھەزار كەس لەو قەزایە دەژین‌و 9 ناحیەو 140 گوند كەوتونەتە سنوری چه‌مچه‌ماڵه‌وه، "لەھەموشی گرنگتر زیاتر لەحه‌وت ھەزارو 500 خانەوادەی شەھید لەو قەزایەن‌و زۆربەی دانیشتوانی چەمچەماڵیش كەسێكیان لەدەستداوە، دڵخۆشم یەكەم پاسپۆرتی چەمچەماڵ كە ئەمڕۆ چاپكرا، ھی نەوەی شەھیدێكە كە باوكی تاقانەی ئەنفالە، خۆشم یەكێكم لەوانەی باوك‌و براو كەسوكارم لەپرۆسەی بەدناوی جینۆساید لەدەستداوە".
ئاماژه‌ى به‌مۆڵه‌تى شۆفێریش كرد له‌چه‌مچه‌ماڵ‌و وتى:"ئێستا شوفێران بۆ دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری دەچنە سلێمانی‌و دوای 10 ڕۆژ مۆڵەتەكەیان وەردەگرنەوە، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین لەماوەی ھەفتەدا تا 10 ڕۆژی دیكە وادەكەین مۆڵەتی شوفێری لەچەمچەماڵ بدرێتەوە، ھەروەھا نابێ چیتر مۆڵەتی شوفێری 10 ڕۆژی پێبچێت، بەڵكو دەبێ ھەمان ڕۆژ كە دەردەچێت مۆڵەتەكە بدرێتەوە".
له‌وه‌ڵامى پرسیارێكى په‌یامنێرى شارپرێسدا سه‌باره‌ت به‌ڕوداوه‌كانى هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر شوێنه گشتییه‌كان، وه‌زیرى ناوخۆ وتى:"هه‌موو ئه‌وانه‌ى هه‌ڵده‌كوتنه‌سه‌ر شوێنه گشتییه‌كان له‌هه‌ولێرو سلێمانى ده‌ستگیركراون‌و به‌گوێره‌ى یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت‌و ڕێگه به‌هیچ كار‌و تاوانێكى قێزه‌ون ناده‌ین له‌هه‌رێمى كوردستان".
له‌باره‌ى كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى خوێندنگه‌كانیش ئاشكرایكرد، "ڕۆژى 1ى 12ى 2020 كۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى باڵاى كۆرۆنامان هه‌یه، وه‌زیرانى په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستى ڕاپۆرته‌كانى خۆیان پێشكه‌شده‌كه‌ن، دواتر بڕیارده‌ده‌ین له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌مشێوازه‌ى كه هه‌یه یان كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى خوێندنگه‌كان".