مه‌حمود سه‌نگاوى: به‌هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى پێشترو ئێستاشم وتوه‌ با دوو ئیداره‌یی ڕابگه‌یه‌نین

کوردستان

30/11/2020‌ 5456 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوو ڕۆژ دواى په‌یامه‌كه‌ى بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتیی بۆ دژایه‌تیكردنى دوو ئیداره‌یی له‌هه‌رێم، مه‌حمود سه‌نگاوى له‌په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ دوو ئیداره‌ییم‌و به‌مه‌كته‌بى سیاسى پێشترو ئێستاشم وتوه‌".

له‌مه‌راسیمى ساڵیادى شه‌هیدبونى سمكۆى ئاسایش‌و هاوڕێكانیدا، مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیی نیشتیمانى كوردستان وتارێكى پێشكه‌شكردو ڕایگه‌یاند، "ئێستاو پێشتریش له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنى دوو ئیداره‌ییدا بوم‌و ده‌بم".

سه‌نگاوى ڕاشكاوانه‌ ئاشكرایكرد، "به‌هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى پێشترو ئێستاشم وتوه‌، پێویسته‌ دوو ئیداره‌یی ڕابگه‌یه‌نن‌و به‌داهاتى خۆمان موچه‌ دابین بكه‌ین".

ئه‌ندامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسی یه‌كێتیی ئه‌وه‌شى وت:"لێتان ناشارمه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ حه‌زده‌كه‌م ئه‌م حكومه‌تى هه‌رێمه‌ ببێته‌ دوو ئیداره‌ییه‌كه‌ى جاران، له‌مه‌كته‌بى سیاسى پێشترو ئێستاش وتومه‌، پێویسته‌ ببینه‌ دوو ئیداره‌، هیچ نه‌بێت بتوانین هه‌موو داهاتى ناوچه‌كه‌ى خۆمان كۆبكه‌ینه‌وه‌و موچه‌ دابین بكه‌ین‌و ژیانى خه‌ڵك خۆشبكه‌ین".

وته‌كانى مه‌حمود سه‌نگاوى له‌كاتێكدایه‌، دوو ڕۆژ به‌ر له‌ئێستاو له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ده‌زگاى ڕاگه‌یاندن‌و میدیاكار، بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان دژایه‌تى خۆیی‌و حزبه‌كه‌ى بۆ دوو ئیداره‌یی ڕاگه‌یاندو به‌هه‌نگاوێكى نه‌رێنى وه‌سفكرد.

بەپەلە