کەرکوکیەکان داواى هەرێم دەکەن
کورد دەیەوێت کەرکوک کوردستانى بێ و عەرەبیش دەیەوێت عێراقى بێت

کوردستان

31/12/2020‌ 1670 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای تێپەڕبوونی نزیکەى 17 ساڵ بەسەر نوسینەوەى دەستورو جێگیرکردنى ماددەی 140 کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى کێشەى ئەو ناوچانەى دەکەونە سنورى ئەو مادەیەوە تائێستا جێبەجێ نەکراوە، لەدواى روخانى رژێمى بەعیسیشەوە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانى بەغدا خۆیان لە جێبەجێ کردنى دەدزنەوە.

سەرڕای خۆدزینەوەى حکومەتى عێراقیش لە جێبەجێکردنى ئەو مادەیە، لەدواى رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٧ وە چارەنوسی ناوچەکانى سنورى مادەى ١٤٠کەوتوەتە چارەنوسێکى نادیارەوە.

لەدواى ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە جارێکی تر سیاسەتى تەعریب لەو ناوچانە دەستیپێکردوەتەوەو ئەو عەرەبانەى بە بەپێی مادەی ١٤٠ قەرەبوویان وەرگرتەوەو گەڕانەوە ناوچەکانى خۆیان لە ناوەڕاست و باشورى عێراق وا جارێکى دیکە گەڕاونەتەوەو دەست بەسەر زەوی هاوڵاتیانى کورددا دەگرن لەکەرکوک و ناوچەکانى تر.

هاوکات لەلایەک سیاسەت و مامەڵەى حکومەتى عێراق و فەرامۆشکردنى کەرکوک و لەلایەکى دیکە مامەڵەی راکان جبورى پارێزگارى بە وەکالەتى کەرکوک بەرامبەر بە کورد وایکردوە ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی و نوسەر و چالاكوانان کوردو هەندێک پێکهاتەى شارەکە دەیانەوێت كەركوك بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ.

ئەو بەرپرشەى پارتى جەختیشی لەوەکردووەتەوە، ئەو کارانە ئەنجامەكەی پوچە، چونكە كەركوك خاوەنی ھەیە و دەست لە كەركوك و ھیچ مافێكی خۆشی ھەڵناگرێت.

ئەحمەد رەفیق وتەبێژی مەڵبەندی کەرکوکی یەكێتیەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە کەرکوک کوردستانییەو ئەو مادەیەشى لەدەستور بۆی دانراوە بەسە.

وتەبێژەکەى یەکێتى لەکەرکوک بەشارپریسى وت" ئێمە حەقمان بەسەر ئەوبرۆژە نیە و جەخت لەسەركوردستانی بونی  شارەكە دەكەینەوە وچارەسەركردنی كێشەكانیشی لە دەستورویاسا بڕیاری لەسەرداوە و ئێمەش بڕوامان پێیەتی و كاریش بۆجێبەجێكردنی دەكەین".

پارێزگاى کەرکوک لەنێوان كوردستانیبوون یان عێراقیبوون تا ئەو پەڕی پەراوێز خراوە، لەلایەک حکومەتى هەرێم بەبیانووى ئەوەى لەرووى ئیدارەییەوە ئەو شارە بەشێک نییە لە هەرێم و لەیەک بەغدا بەبیانووى ئەوەى زۆرینەى کوردەو کیشەى لەسەرە خۆیان لەبەرپرسیاریەتى ئەم شارە دزیوەتەوە.

ئێستا ئەو گروپەی بانگەشەى بە هەرێمبوونى کەرکوکی بەرزکردوەتەوە دەیانەوێت کەرکوک لەبەینى هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا دەرباز بكەن، بۆ ئەوەى شارەکە بەو داهاتو سامانەى هەیەتى بەرەو ئاوەدانى بچێت و هاوکات پێکهاتەکانى شارەکە بە ئاشتى و خۆشى بەیەکەوە بژین.

بەهەرێمكردنی كەركوك ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە، یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانیش ئەوەیە کە لەناوخۆی هەرێمى کوردستان و عێراقیش ئەو پرسە رەتدەکرێتەوەو دەیانەوێت بەبێی مادەى ١٤٠ چارەنوسى ئەو شارە دیارى بکرێت.

لەتیف فاتیح فەرەج یەكێكە لەئەندامانی دەستەی بەهەرێمكردنی كەركوك ئاماژە بەوە دەکات، كورد رۆڵی جارانی نەماوە لە کەرکوک و 17 ساڵیشە وەكو پێیویست خزمەت بەكەركوكییەكان نەكراوە و نەتوانراوە خەڵكەكەی رازی بكەن.

لەتیف فاتیح فەرەج  بە شارپرێسى وت، بەهۆی جێبەجێەنەكردنی ماددەی 140 ی دەستور بەهەرێمكردنی پارێزگاكە یەكێك لەدەرفەتە باشەكان كە بەپێی یاسا و دەستوری عێراقیش رێگەپێدراوە، کەرکوک خۆی خاوەنی بڕیارنیە بەهەرێمكردنی پارێزگاكە بۆهەموو پێكهاتەكانیش باشرە.

هەرچەندە لەدوای ساڵی 2003 ەوە توركمانەكانیش پرۆژەی بەهەرێمكردنی پارێزگاكەیان هەبوو، جگە لەوەش پۆڵبریمەر حاکمى ئەوکاتەى عێراق بیرۆکەی ئەوەى هەبوو کە كەكەركوك بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ بۆئەوەی ناكۆكی لەنێوان هەرێم و ناوەند دروست نەبێت.

لەتیف فاتیح فەرەج باس لەوە دەکات هەرچەندە پرۆژەكەیان لەگەڵ بەرژوەندی هەندێك لایەن نەبێت، بەڵام لەسەرەتای ساڵی تازەوە پرۆژەكەیان بۆ هەموولایەنەكانی دەبەن.

پارتى دیموکراتى کوردستان نیگەرانە لەو هەوڵەی بۆ هەرێمکردنى کەرکوک دەدرێت و ئەو دەستەى ئەو بانگەشەیەى دەستپێکردوە بە خیانەتکارو دەست لە پەشت لە قەڵەمیان دەدات.

کەمال کەرکوکی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك - گەرمیانی پارتی  دەڵێت، راگەیاندنی پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركوك بێ ئەنجام دەبێت و ئەوەی دەشكرێت، خەڵكێكی خیانەتكار و شۆڤێنین و دژی مافی گەلی كوردستان و گشت عێراق و پێكەوەژیانی ئاشتیانەن. 

كەمال كەركوكی لە راگەیەنراوێکدا ئەوەى خستەڕوو، یەكلاكردنەوەی ئایندەی كەركوك لە دەستووری عێراق ماددەی ١٤٠ دانراوە و ئەو ماددەیەش بۆ دیاریكردنی ئایندەی كەركوكە، كە دانیشتووانی بۆ ئایندەی شارەكە لە ڕیفراندۆمێكدا بە ئازادی دەنگ دەدەن، كە ئایا ئیدارەكەی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەبن یاخود لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بێت، ئەو ڕیفراندۆمەش بۆ ئیدارەدانێتی نەك بۆ چارەنوسی خاكەكەی.

ساڵی ٢٠٠٧ نەتەوەیەکگرتووەکان پڕۆژەیەکى خستە بەردەم لایەنە عێراقییەکان و سەرکردایەتى کورد  کە پێشنیازى ئەوەیکردبوو کەرکوک بۆ ماوەى دوو ساڵ لە بەغدا دابڕێت و وەک قۆناغى راگوزەر نەخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و  لەژێر چاودێرى نەتەوەیەکگرتووەکاندابێت.

 بەپێی پرۆژەکە نەتەوەیەکگرتووەکان خۆى سەرپەرشتى ناردنەوەى هەموو عەرەبى هاوردە بکات و ئەرکى نیشتەجێکردنەوەى ئاوارە کوردەکان بگرێتە ئەستۆ و دواى ئەو دوو ساڵە راپرسى بکرێت بۆ بڕیاردان لە چارەنوسى کەرکوک، بەڵام سەرکردایەتى کورد لەو کاتەدا رەتیکردەوە.

دروستکردنى هەرێمى سەربەخۆ لە کەرکوک پێویستى بە دەنگى یەک لەسەر سێی دەنگى هاوڵاتیانى ئەو پارێزگایە هەیەو پێویستیشى بەیەک هەڵوێستى و یەکدەنگى پێکهاتەکانى ئەو شارە هەیە.

بەبڕواى بەشێک لە چاودێران هۆکارى بوونى پرۆژەى بە هەرێمکردنى کەرکوک بەهۆى نەبوونى  هیچ پرۆژەیەکە لەلایەن سەرکردایەتى کوردەوە، بۆیە بەهۆى ئەو فەرامۆشکردنەوە هاوڵاتیانى ئەو شارە ناچارن بیر لە پرۆژەى خۆیان بکەنەوە کە لەدەستى هەرێم و بەغدا رزگاریان بێت.

عەدنان عەدنان عوسمان وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان پێی وایە، ساڵانێکە سەرکردایەتى کوردی کەرکوکی فەرامۆش کردوە. بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵکەکەی بڕیار لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن و دەبێت رێز لەو ئیرادەیە بگیرێت.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەسەربەخۆكردنی كەركوك ئاشكراشیدەكات، ئەگەر بێت و پرۆژەی بەهەرێمكردنی كەركوك كاری لەسەر بكرێت پێویستە لەسەدا 10ی دەنگی خەڵكی كۆبكینەوە كەداوا لەكۆمیسیۆن بكات راپرسی لەشارەكە ئەنجام بدات لەدوای قبوڵكردنی لەلایەن كۆمیسیۆنەوە ئەوكات گشتپرسی ئەنجام بدات ئەگەر بێت و دەنگی 50+1 ی  بەدەستهێنا لەرووی دەستوورییەوە كەركوك دەكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ.

ئ.ن

بەپەلە