تەوەری کۆبوونەوەکان ئاشکرا دەکرێن.. پارتى سبەینێ لەگەڵ یەکێتى و گۆڕان دەبێتەوە

کوردستان

13/01/2021‌ 512 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ شاندی پارتی سەردانی ھەریەک لە حزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانی کرد و سبەینێش لە ھەولێر لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆ دەبینەوە و ئەجێندای کۆبوونەوەکانی چەند پرسێک لەخۆ دەگرێت.

پارتى دیموکراتى کوردستان دوو شاندی سیاسی پێکهێناوە یەکێکیان لەسەر ئاستى هەرێم و ئەوی دیکەیان لەسەر ئاستی بەغدا، هەردوو شاندەکە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق دەکەن.

لەوبارەیەوە عەلی حوسێن، ئەندامی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان  ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکانمان چەند پرسێک لەخۆ دەگرن، ئەمڕۆ لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی شیوعی کۆ بووینەوە، بڕیارە سبەی ھەر لە شاری ھەولێر لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوی گۆڕان کۆ ببینەوە."

عەلی حوسێن ئاماژەى بەوەشکردوە، لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ ھەموو لایەنەکان پرسی ھەبوونی ھەماھەنگی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق و کۆدەنگیی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکەین."

س.هـ