شارپرێس:
پهرلهمانتارێكی كوردستان رایگهیاند، دوای بەدواداچونی ئهوان بۆ داخڵکردنی شیش بەناوی پرۆژەی وەبەرھێنانەوەو فرۆشتنەوەی لەبازاڕدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان پەیوەندی کردو وتی: سبەی لێکۆڵینەوە دەستپێدەکەن.
عهلی حهمهساڵح ئهندامی پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند: "دوای بەدواداچونی ئێمە بۆ داخڵکردنی شیش بەناوی پرۆژەی وەبەرھێنانەوەو فرۆشتنەوەی لەبازاڕدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان پەیوەندی کردو وتی: سبەی لێکۆڵینەوە دەستپێدەکەین".
باسی لهوهشكرد: "ھەر شیشێک بەناوی پرۆژەوە بێت و چوبێتە بازاڕ دوو قات گومرگی لێوەردەگرین و ڕێگا بە کاری لەو شێوە نادرێت و ڕادەگیرێت، ئێمەش وەک چاودێر بەردەوام دەبین".
عهلی حهمهساڵح رایگهیاندبوو: "بەناوی پرۆژەی وەبەرھێنانەوە ٤٧ ھەزار تەن شیش و ٧٢ ھەزار تەن چیمەنتۆ و ٥ ھەزراو ٧٨٠ تەن ئینلاین کراوە.( بەیاسا چیمەنتۆ نابێت ببەخشرێت) تەنیا گومرگی ئەم وەجبە لە شیش موافەوەی بۆ کراوە نەیدات ٤ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دۆلارە".
ئهوهشی خستبووهڕوو: "ئەمشەو ڕۆشتمە بازاڕی شیش فرۆشان ھەولێر، ھەزاران تەن شیشی ئێرانی بەناوی پرۆژەی وەبەرھێنان لە حاجی ئۆمەرانەوە ھێندراوە بەبێ گومرگ و بەناوی پرۆژەی وەبەرھێنان لە بازاڕ دەفرۆشرێن".