پێنج بابەتی ژەهراوی لەماڵەوە کاریگەریی دەکەنەسەر تەندروستیی کۆرپەلە

تەندروستی

14/01/2021‌ 361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوکاتەوەی ئافرەت دەزانێت دوگیانە، هەوڵدەدات هەموو کارێک بکات بۆئەوەی پارێزگاری لەتەندروستیی کۆرپەلەکەی بکات‌و هەر مەترسییەکی گریمانکراوی لێ دوربخاتەوە، بەڵام بەشێک لەخانمان بێئەوەی بەخۆیان بزانن لەماڵەوە چەند کارێک دەکەن کە کاریگەرییەکی خراپدەکاتەسەر تەندروستیی کۆرپەلەکە، لەوچوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا" چەند مادەیەکی دەستنیشانکردوە کە لەماڵەوە بەردەستن‌و زیان بەکۆرپەلە دەگەیەنن.

بۆیەی دیوار
بەشێکی زۆر لەئافرەتانی کۆمەڵگا هاوچەرخەکان خۆیان دیواری ماڵەکانیان بۆیاغدەکەنەوە کە ڕەنگە ئەو جۆرە بۆیاغەی بەکاریدەهێنێت مادەی قوڕقوشمی تێدابێت کە لەکاتی هەڵمژینیدا دەگاتە بەشەکانی منداڵدان‌و ڕەنگە سەربکێشێت بۆ لەدایکبونی پێشوەختەی کۆرپەلەکە، هەرلەبەرئەوە ڕێنماییدەدرێت بەوەی نابێت ئافرەتانی دوگیان خۆیان دارو دیواری ماڵەوەیان بۆیاغ بکەنەوە.

مێروکوژەکان
سپرا مێروکوژەکان زیانیان بۆ ئافرەتی دوگیان‌و کۆرپەلەکەی هەیە، لەبەرئەوە ڕێنمایی دەدرێت ئەگەر لەماڵەوە ناچار بەبەکارهێنانی ئەو مادەیە بویت، ئەوە بەمادەی تری مێروکوژ بگۆڕدرێت کە زیانیان نییەو پێشتر تاقیکراوەتەوە.

تۆپەڵەی نەفسالین 
تۆپەڵەی نەفسالین لە98%ى لەمادەی نەفسالین پێکهاتوە کە مادەیەکی کیمیایی ژەهراوییە، ئەم مادەیە ئەگەری هەیە کاریگەریی لاوەکی وەک دڵتێکەڵهاتن‌و سەربەگێژەوەهاتنی بۆ دایکەکەو لێکەوتەی تەندروستی تری بۆسەر کۆرپەلە هەبێت.

پلاستیک
پلاستیک ڕەنگە مادەی کیمیایی مەترسیداری وەک فسالاتی تێدابێت کە بەئاسانی لەلایەن پێستەوە دەمژرێت، لەم حاڵەتەشدا لێکەوتەی ترسناکی لەسەر تەندروستیی کۆرپەلە دەبێت.

بۆیەی نینۆک
فۆرماڵدیهاید مادەیەکی کیمیاییەو لەبۆیەی نینۆک‌و بابەتە جوانکارییەکاندا بەکاردەهێنرێت، ئەم مادە کیمیاییە ڕەنگە زیان بەکۆرپەلە بگەیەنێت، لەبەرئەوە ئاگاداربەو هەوڵبدە ئەو جۆرە بۆیە هەڵبژێریت کە ئەو جۆرە مادەیەی تێدانییە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی