عێراقییەکان وازیان لە خۆپارێزی هێناوە.. مەترسییەکانی شەپۆلی نوێی کۆڕۆنا لە عێراق

عیراق

22/01/2021‌ 640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی " نیویۆرک تایمز"ی ئەمەریکی، لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، عێراقییەکان بەکۆمەڵ دەستبەرداری ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون، ئەوەش بەرئەنجامی درووستبوونی ئەو بۆچوونەیە کە بەهۆی قسەی بەشێک لە پیاوانی ئاینی و ئەو پزیشکانەوە درووست بووە ئەو بۆچوونەیان بڵاوکردۆتەوە کە گوایە لە عێراقدا بەرگری بەکۆمەڵ دژ بە نەخۆشییەکە پەیدا بووە.

لەوبارەیەوە عەلی خەتیب خاوەن کاری عێراقی کە لەیەکێک لە قاوەخانەکانی بەغدا دانیشتووە دەڵێت، بەهەمان شێوەی ساڵی ٢٠١٩ و ئەوکاتەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا پەیدا نەببوو دەژیم، دەشڵێت، ئێمەی عێراقی ترسمان لە مردن نییە، ئەو فاکتەرە کاریگەریی گەورەی لەسەر درووستکردنی بەرگری جەستەی مرۆڤ هەیە.

هەروەک رامی هاوڕێی خەتیب کە ئەویش خاوەن کارێکی عێراقییە باسى لەوە کردوە کە هەفتەی رابردوو کاتێک لە ئوردنەوە گەیشتۆتەوە فڕۆکەخانەی بەغدا دەمامکەکەی فڕێداوە، ئەو دەڵێت ژیان لێرە وەک ئەوە وایە لە جیهانێکی تردابیت.

لای خۆیەوە دوکتۆر جاسب حیجامی یەکێک لە گەورە بەرپرسانی کەرتی تەندرووستیی لەبەغدا لە دیسەمبەری رابردوو لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: لەعێراق گەیشتووینەتە جۆرێک لە جۆرەکانی بەرگری بەکۆمەڵ دژ بە کۆڕۆنا. پسپۆرانی بواری تەندرووستییش دەترسن ئەو جۆرە بۆچوونە هەڵانە و پشتگوێخستنی ڕێکارەکانی خۆپاراستن، ڕێگە بۆ هاتنی شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسەکە خۆش بکەن.

ژمارەی تووشبووان لە عێراق لە ٣ هەزار حاڵەتی رۆژانەوە بۆ کەمتر لە ٨٠٠ حاڵەت کەمیکردووە، لەوبارەیەشەوە عەلی میقداد بەڕێوەبەری دەستپێشخەرییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە پەیمانگای پێوەرە تەندرووستییەکان و هەڵسەنگاندن لە زانکۆی واشنتۆن دەڵێت: بەڕاشکاوی، ئەوە ئارامی بەر لە زریانە، بەدڵنیایی شەپۆلێکی تری ڤایرۆسەکە روو لە عێراق دەکات ئەگەر بێت و ڕێکارەکانی خۆپارێزی نەگیرێتەبەر.

لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارە فەرمییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکە، بەرپرسانی عێراقی ڕێکارەکانی خۆپارێزیان سووک کردووە و لەهەمان کاتیشدا دەیانەوێت بروا بە عێراقییەکان بهێنن دەمامک بکەن و واز لە تۆقەکردن و یەکتر ماچکردن بهێنن بەهۆی ئەوەی بەشێک لە بەرپرسە تەندوروستییەکان دەڵێن کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بەهۆی درووستبوونی بەرگری بەکۆمەڵە دژ بە نەخۆشییەکە، لەکاتێکدا پسپۆرانی تەندوروستیی گومانیان لەو بۆچوونە هەیە.

بەرگری بەکۆمەڵ کاتێک درووست دەبێت کە لەسەدا ٧٠ و زیاتری هاوڵاتیان تووشی نەخۆشییەکە ببن، یان بە ڤاکسینی دژ بە نەخۆشییەکە بکوترێن، لەکاتێکدا بەقسەی میقداد لەباشترین حاڵەتدا تەنیا لەسەدا ٢٠ی عێراقییەکان تووشی نەخۆشییەکە بوون.

لەلایەکی ترەوە، دوکتۆر ریاز لەفتە مامۆستای زانستە درمناسییەکان لە زانکۆی موستەنسیرییە لەبەغدا پێشبینی کردووە لەمانگی ئازار یان نیسان شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا روو لە عێراق بکات، بەشێوەیەک ئەوکاتە مەترسیی تەنیا لەسەر ئەوانە نەبێت کە بەساڵاچوون یان بەرگری جەستەیان لاوازە، بەڵکو مەترسی لەسەر کەسانی ساغ و گەنجانیش درووستدەکات.

لەفتە هەروەک وتویەتی، دەترسین شەپۆلێک بێت هاوشێوەی ئەوەی لەئەوروپا سەریهەڵدایەوە. ئەوە ئەو مەترسی و هەڕەشەیەیە چاوەڕێی دەکەین، بۆ بەدبەختی هێشتا بەشێکی زۆری خەڵک درک بەو مەترسییە ناکەن.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی