دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی دۆخی دارایی ترەمپ لەچیدایە؟

مەلەفی تایبەت

23/01/2021‌ 1725 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی ڕاپۆرتی ئەستۆپاکی دارایی کە ڕۆژی چوارشەممەو چەند کاتژمێرێک دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی لەلایەن ترەمپەوە دەرچوە دەڵێت:"ئیمپراتۆرییەتە بازرگانییەکەی ترەمپ بەهۆی ئەو زیانانەی بەر کەرتی میوانداری کەوتون، گورزێکی گەورەی بەرکەوتوەو داهاتەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردوە".

ڕاپۆرتەکە کە تایبەتە بەساڵی ٢٠٢٠و بیست ڕۆژی مانگی یەکی ساڵی نوێ، دەریخستوە کە داهاتەکانی هۆتێلی نێودەوڵەتی ترەمپ لەواشنتۆنی پایتەخت بەڕێژەی لە 63% کەمیکردوە، بەشێوەیەک داهاتەکە لە ٤٠،٥ ملیۆن دۆلاری ساڵی ٢٠١٩وە بۆ ١٥،١ ملیۆن دۆلار لەو ماوە ئاماژە بۆکراوەدا کەمیکردوە.

بەپێی پێگەی "بیزنس ئینسایدەر"، ڕاپۆرتەکە کە لە٧٩ لاپەڕە پێکهاتوە دەڵێت:"لەگەڵ ڕاگرتنی گەشتەکان بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناو مانەوەی خەڵک لەماڵەکانیاندا، فرۆشی تایبەت بەهۆتێلەکان لەشاری لاس ڤێگاس لە ٢٣،٣ ملیۆن دۆلاری ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٩،٢ ملیۆن دۆلار لەساڵی ٢٠٢٠ کەمیکردوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت:"ترەمپ هەر هۆتێلەکانی توشی داڕمان نەهاتون، بەڵکو بەشی زۆری یانەکانی گۆڵفی ترەمپ بەڕێژەی لە10%و زیاتر زیانیان بەرکەوتوە، بەجۆرێک داهاتەکانی پارکی دۆراڵ بۆ گۆڵف لەمیامی لە ٧٧،٢ ملیۆن دۆلاری ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٤٤ ملیۆن دۆلاری ساڵی ٢٠٢٠ کەمیکردوە، بەوەش لە43%ی داهاتەکانی لەدەستداوە.

هەروەک داهاتەکانی یانەی ترەمپ بۆ گۆڵف لەسکۆتلەندا (ترەمپ تۆرنبێری) لە 62% کەمیانکردوە، بەشێوەیەک داهاتەکانی ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٢٥ ملیۆن دۆلار بوەو بۆ ٩،٨ ملیۆن دۆلار کەمیکردوە.

لەهەردوو وڵاتی بەریتانیاو ئێرلەندا، لەساڵی ٢٠٢٠ داهاتی یاریگاکانی گۆڵفی سەر بەترەمپ بەراورد بەساڵی ٢٠١٩ بەڕێژەی لە27% کەمیکردوە.

تاکە بەشی ئیمپراتۆرییەتە بازرگانییەکەی ترەمپ کە لەساڵی ٢٠٢٠دا بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە زیانی بەرنەکەوتوە Mar-a-Lagoیە کە یانە تایبەتەکەیی‌و ماڵی ئایندەیەتی لەفلۆریدا، کەبەپێی ڕاپۆرتەکە داهاتەکانی یانەکە لە٢١ ملیۆن دۆلاری ساڵی ٢٠١٩ بۆ  ٢٤،٢ ملیۆن دۆلاری ساڵی ٢٠٢٠ زیادیکردوە، واتە بەڕێژەی لە13% داهاتەکانی هەڵکشاوە.

بەڵام هەرچی بازرگانیی وردەفرۆشیی سەر بەترەمپە ئەوە بەپێی ڕاپۆرتەکە دوقات زیادیکردوەو  ٩٣٠،٨٦٩  ملیۆن دۆلاری ساڵی ٢٠١٩ بۆ ١،٩٦  ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە.

بەو جۆرە کۆی داهاتی ترەمپ لەو ماوەیەدا بۆ ٢٧٣ تا ٣٠٨ ملیۆن دۆلار کەمیکردوە کە لەساڵی ٢٠١٨ داهاتەکەی لانیکەم ٤٣٤ ملیۆن دۆلارو لەساڵی ٢٠١٧ش لەنێوان ٥٩٧ بۆ ٦٦٨ ملیۆن دۆلار بوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی