شارپرێس:
له‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی ڕابردوودا جموجوڵێكی سه‌ره‌تا له‌سه‌رخۆ و سنوردار و پاشان خێرای دوان له بنه‌ماڵه دیاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌رنجێكی گه‌وره‌ی به‌لای خۆیدا ڕاكێشاوه، بنه‌ماڵه‌یه‌كیان كه سه‌ره‌تا شیخ محه‌مه‌دی كه‌سنه‌سازانی و پاشان شێخ نه‌هرۆی كوڕی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات و ده‌یه‌وێت له‌ئاستی نێوخۆیی عێراق ببێته ژماره‌یه‌كی دیار، بنه‌ماڵه‌كه‌ی دیكه‌شیان شێخ مه‌حمودی حه‌فید زاده، نه‌وه‌ی شێخ مه‌حمودی مەلیکی کورد نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات ده‌یه‌وێت جگه له‌ئاستی نێوخۆیی، له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش به‌تایبه‌ت به‌ریتانییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی هه‌بێت، به‌ڵام ئاخۆ هه‌وڵی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه كه هه‌ریه‌كه‌یان هه‌زاران شوێنكه‌وتوویان هه‌یه، هه‌وڵێكی ئاساییه بۆ فراوانكردنی ده‌سه‌ڵاتی ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان؟ یاخود ده‌یانه‌وێت له‌ده‌رگای ئاینه‌وه بچنه سه‌ر شانۆی سیاسی عێراق؟
شێخ موحمودی بچوک دەیەوێت جێگەی شێخ مەحمودی گەورە بگرێتەوە
له‌ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌ی ڕابردوودا نه‌وه‌كانی شێخ مه‌حمود له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بیندراون، به‌ڵام هیچ كاتێك وه‌ك ئێستا ڕۆژانه له‌كار و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدا نه‌بوون، به‌شێوه‌یه‌ك دیوه‌خانه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودی حه‌فیدزاده ڕۆژ نییه دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی هه‌م له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی هه‌م له‌سه‌ر ئاستی بیانیی تیادا ئه‌نجامنه‌درێت.
له‌هه‌ڵبژاردنی ڕابردووی په‌رله‌مانی عێراق نه‌وه‌كانی شێخ مه‌حمود جگه له‌وه‌ی ویستیان قورسایی سیاسی خۆیان به‌رنه په‌رله‌مانی عێراق، هاوكات بوونه به‌شێك له پڕۆژه‌كه‌ی ڕه‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانیی، كه عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.
شێخ موستەفای حەفید که دەکاته نەوەی شێخ مەحمودی حەفید بووه بەڕێوبەری نووسینگەی سلێمانی ڕەوتی حیکمه و دروشمی ئه‌وان له‌وكاته‌دا ئه‌وه‌بوو، كه له په‌راسووه‌كانی شێخ مه‌حموده‌وه زیندووبوونەتەوە.
له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی كوردستانیش نه‌وه‌كانی شێخ مه‌حمود قسه‌ی خۆیان هه‌یه، جارێك له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆده‌بنه‌وه و بانگه‌شه‌ی "بەرەو ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد" به‌رزده‌كه‌نه‌وه، جارێكی دیكه‌ش لە کاتی سوتانی ئاڵای كوردستان له بارەگایەکی پارتی له‌شاری به‌غدا له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه ده‌ڵێن "نابێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزو لایەنە سیاسیەکان ڕێگە بدەن چیتر سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی نەتەوەکەمان بکرێت کە ئەمە وەک هەڵوێستێکی سیاسی لێکدانەوەی بۆ کرا نەک نەتەوەیی و ئاینیی..
له‌كاتی تێپه‌ڕاندنی یاسای قه‌رز له‌په‌رله‌مانی عێراق به‌بێ ده‌نگی كورد، شێخ مه‌حمودی حه‌فیدزاده كه یه‌كێكه له نه‌وه دیاره‌كانی شێخ مه‌حمود و بە کەسێکی نزیک لە پارتی و خودی بارزانی دادەنرێت ڕایگەیاند ، پێویسته کورد لەپڕۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوە، ناوماڵی خۆمان پتەوتر بکەین و لەو داهاتەی هەرێم هەیەتی بتوانین موچە دابین بکەین.
له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش شێخ مه‌حمودی حه‌فیدزاده به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق و كونسوڵه‌كه‌ی له هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی دیكه‌ی به‌ریتانیا كۆده‌بێته‌وه، چاودێران پێیوانوایه نه‌وه‌كانی شێخ مه‌حمود دوای ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی له هه‌ڵبژاردنی ڕابردووی په‌رله‌مانی عێراق ژماره‌یه‌كی به‌رچاو بن، خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن ئه‌مجاره له هه‌رێمی كوردستانه‌وه و به پاڵپشتی پارتی، به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن و لە ڕابردوشدا لە چەند جارێک و وەک نوێنەری حزبەکانی دەسەڵات ئەندامانی بنەماڵەی شێخ مەحمود پلەو پۆستی حکومی و ئەندامێتی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە..
شێخ نه‌هرۆ، له‌شوێنگره‌وه‌ی باوكیه‌وه بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی ڕاپه‌ڕین
تا كۆچی دوایی شێخ محه‌مه‌د كه‌سنه‌زانی، شێخ نه‌هرۆ ناوێكی دیار نه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كۆچی دوایی باوكی‌دا و پاشان شوێنگرتنه‌وه‌ی شێخ محه‌مه‌د له‌لایه‌ن شێخ نه‌هرۆوه، جموجوڵه‌كانی شێخ نه‌هرۆ و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای حزبی و حكومی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، خواسته دێرینه‌كه‌ی له‌ودا زیندوكردووه‌ته‌وه کە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆیە لە کایەی سیاسیداو لێرەو لەوێ باس لەوە دەکرێت کە مشتی لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار خۆشکردوە..
له‌ماوه‌ی ته‌نیا یه‌ك مانگدا دوو دیارترین لێدوانی شێخ نه‌هرۆ به ڕوونی خواستی ئه‌و بۆ ڕاكێشانی سۆزی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نیشانده‌دات، كه له‌یه‌كه‌میاندا ڕووی قسه‌كانی كرده موچه‌خۆران و وتی "له‌ساڵی نوێ‌دا مژده‌ی خۆشمان پێیه بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، چونكه كێشه‌كان له‌ده‌ستی سیاسییه‌كان نه‌ماوه‌و مه‌رجه‌عیه‌ته دینیه‌كان ئه‌و كێشه‌یه له‌ئه‌ستۆده‌گرن، هه‌ر خۆشمان كێشه‌ی موچه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن".
دووه‌مین لێدوانیشی ئه‌وه‌بوو كه وتی، ده‌یانه‌وێت سلێمانی بكه‌نه ناوه‌ندێكی جیهانی بۆ گه‌شتوگوزاری ئاینی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش قسه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه حزبی و حكومیه‌كان كردوه‌و ره‌زامه‌ند بوون، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن تا ئێستا دژی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ن و له‌سه‌ر داوای كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی دانمان به‌خۆماندا گرتوه گه‌رنا شۆڕش و ڕاپه‌ڕین دژیان به‌رپا ده‌كەین..
دوو دیارترین جوڵه‌ی شێخ نه‌هرۆ بۆ ده‌رخستنی ئاستی جه‌ماوه‌ریبوونی تاوه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك پیشانی نه‌یاره‌كانی بدات ئه‌وه‌بوو، جارێك داوای له‌ده‌روێش و موریدانی ته‌ریقه‌تی قادری كه‌سنه‌زانی كرد به‌شداری بكه‌ن له پرسه‌ی كۆچی دوایی شێخ محه‌مه‌دی باوکی‌دا، له‌پاش ئه‌و داوایه‌ش هه‌زاران كه‌س به‌نایاسایی و به‌قوربانیدانه‌وه سنوری ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیان به‌زاند و سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ڵام هاتنه شاری سلێمانی.
جوڵه‌ی دووه‌میشیان كه ئه‌نجامنه‌درا بەوتەی خۆیان بەهۆی سەفەرێکی شێخەوە بۆ ئەمریکا دوایان خست، ئه‌وه‌بوو له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا داوای له‌ده‌روێشه‌كانی ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی كرد له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێردا بگه‌نه شاری سلێمانی.
لەماوەی ڕابردودا قسەو باسێکی زۆر کرا لەسەر هەبونی پەیوەندیەکی توند‌و تۆڵ لە نێوان شێخ نەهرۆ و کاربەدەستانی ئەمریکاو چەند وڵاتێک‌دا و بەڵگەی ئەوە خرایە ڕو کە ناوبراو لە پێش ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە پەیوەندی هەواڵگری لەگەڵ ئەمریکیەکان هەبوەو هاوکاریی کردوون لەڕوی پێدانی زانیارییەوە لە ڕێگەی تۆڕێکی فراوانی زانیارییەوە.
جوڵەی ئەم چەند مانگەی ئەم دوو کەسایەتیە ئاینیە دەرخەری ئەوەن کە هەردوو بنەماڵە دەیانەوێت لە کایەی سیاسی و حوکمرانی هەرێم و عێراقدا پشکیان هەبێت و ببنە ژمارەیەکی حساب بۆکراوی سیاسی جیاواز لە ڕوە ئاینیی و کۆمەڵایەتیەکە.