زیندانیکردنی رۆژنامەنووسانی بادینان لەناوەندە نێدەوڵەتییەکاندا دەنگدەداتەوە

کوردستان

26/02/2021‌ 783 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رێکخراوی " Front Line Defenders" کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ راپۆرتێکی لەبارەی دەستگیرکردنی شێروان شێروانی و رۆژنەمەنووسەکانی تری بادینان و بریارەکەی دادگایەکی شاری هەولێر بۆ شەش ساڵ زیندانیکردنیان بڵاوکردۆتەوە و رایگەیاندووە کە بریارەکەی دادگا تەنیا پشتی بە چاتێکی بەکۆمەڵی ئەو رۆژنامەنووسانە بەستووە کە باسیان لە پرسەکانی گەندەڵیی کردووە.


لەراپۆرتەکەی ڕێکخراوەکەدا هاتووە کە ئەو بەڵگانەی لەدژی شێروان شێروانی هاوکارەکانی بەکارهاتوون شێوێنراون و دادوەر ئامادە نەوبوو لەبارەی بەڵگەکانەوە گفتوگۆ بکات، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە دادگا بەمەبەستی شێواندنی وتەی تۆمەتباران پەنای بردۆتە بەر وەرگێرانی پرۆسەی وەرگێڕان لە کوردییەوە بۆ زمانی عەرەبی.

لەبەشێکی تردا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە کاتێک یەکەمجار ڕێگە بە شێروان شێروانی دراوە چاوی بە پارێزەرەکەی بکەوێت، رایگەیاندووە کە لەماوەی دەستگیرکردنەکەیدا ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە و بەردەوام لە زیندانی تاکەکەسیدا هێڵراوەتەوە.

ڕێکخراوی "فڕۆنت لاین دیفیندەر" ئەوەشی وتووە کە لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگا بۆ شەش ساڵ زیندانیکردنی ئەو پێنج رۆژنامەنووسەی بادینان، هێشتا شوێنی زیندانیکردنی ئەو کەسانە دیار نییە و دەسەڵاتدارانیش ئامادە نین ڕێگە بە خێزان و پارێزەرەکانیان بدەن لەزینداندا سەدانیان بکەن.

ڕێکخراوەکە لەکۆتایی راپۆرتەکەیدا سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی بەرانبەر بە سزادانی شێروان شێروانی، داوای  لەدەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە کە :

دەستبەجێ شێروان شێروانی ئازاد بکرێت، بەوپێی سزاکەی تەنیا بەهۆی کارە رەوا و ئاشتیانەکانی بووە لەبواری مافەکانی مرۆڤ.

دڵنیاییدان لەوەی شێروان شێروانی لەماوەی دەستگیرکردنیدا بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە کە گونجاوە لەگەڵ پرەنسیپەکانی پەیوەست بە پاراستنی هەمو ئەو کەسانەی تووشی هەر شێوەیەک لە شێوەکانی دەستگیرکردن و زیندانیکردن دەبنەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی ١٩٨٨ پەسەندی کردووە.

لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و هەمەلایەنە و پاک و پێگەرد لەبارەی ئەشکەنجەدانی شێروان شێروانییەوە بکرێت بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی و بەدادگاییگەیاندنی ئەو کەسانەی لەو کارە بەرپرس بوون.

لەبارەی شوێنی دەستگیرکردنییەوە، خێزانی شێروان شێروانی و پارێزەرەکەی ئاگادار بکرێنەوە و ڕێگەیان پێبدرێت بی هیج کۆتوبەندێک سەردانی بکەن.

دەستهەڵگرتن لە بەئامانجگرتنی هەموو چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی ئەوەی بتوانن لەهەموو دۆخێکدا کارە ڕەواکانیان لەبواری مافەکانی مرۆڤ بی ترس لە تۆڵەکردنەوە و بی هیچ کۆتوبەندێک ئەنجام بدەن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی