ئێران لەزیادبونی هەژمونی تورکیا لەعێراق نیگەرانە

عیراق

04/03/2021‌ 829 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەنگی ئەمریکا لەڕاپۆرتێکدا تیشکیخستۆتەسەر توندبونی ململانێکانی نێوان ئێران‌و تورکیا لەسەر زیادکردنی هەژمون‌و دەسەڵاتیان لەعێراق‌و بەکارهێنانی میلیشیا چەکدارییەکان بۆئەوەی دەستبەسەر ڕوبەرێکی فراوانتری خاکی عێراقدا بگرن.


لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکادا هاتوە، "تاران لەزیادبونی هەژمونی تورکیا لەعێراق نیگەرانەو بەمەترسیی لەسەر بواری هەژمونی خۆی لەو وڵاتەدا دەزانێت، بەشێوەیەک بڵاوبونەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەو ناوچانه‌ى میلیشیا چەکدارییەکانی سەر بەئێرانی لێیە، بەتایبەت لەشنگال، وادەکات تاران هەست بەئاسودەیی نەکات".

ئاماژەی بەوەشکردوە کە عێراق وەک بەردی بناغەی ستراتیژییەتە فراوانخوازییەکەی تارانە بۆئەوەی دەستی بگاتە دەریای سپی ناوەڕاست‌و وەک دەروازەیەکیش بۆ گواستنەوەی چەکى ئێرانی بۆ میلیشیاکانی خۆی لەسوریاو لوبنان بەکاریبهێنێت.

ئێزگە ئەمریکییەکە ڕونیکردۆتەوە کە تورکیا دەیەوێت بەپاساوی بەرەنگاربونەوەی تیرۆری پارتی کرێکارانی کوردستان دەستبەسەر ناوچەی شنگالدا بگرێت، ئەمەش وادەکات ئەنكەرە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستبخاتە ناوخۆی عێراق‌و هەوڵبدات بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی بەدیبهێنێت.

لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، "نابێت دەوڵەتی عێراق ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بەسەروەرییەکەی دەکرێن بێدەنگ دانیشێت‌و دەستەوەستان بێت، لەبەرئەوەی ئەگەر دۆخەکە بەوجۆرە بەردەوامبێت، ئەوە وڵاتەکە زیاتر بەرەو بێسەرەوبەرەیی دەچێت‌و ململانێ هەرێمییەکانیش توندتردەبنەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی