ئەسپرین مرۆڤ لەتوشبون بەجۆرە شێرپەنجەیەک دەپارێزێت

تەندروستی

03/04/2021‌ 279 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پەیمانگای "ساموێڵ ئۆشین" بۆ شێرپەنجە لەویلایەتی لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا، خواردنی ئەسپرین مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەی کۆڵۆن‌و ڕیخۆڵە کەمدەکاتەوە.

لێکۆڵەران دەڵێن، ئەسپرین ڕێگە لەپلێتە خوێنەکان دەگرێت جۆرە ئەنزیمێک بەرهەمبهێنن لەبەهۆیەوە ئەو پلێتە خوێنانە لەگەڵ خانە شێرپەنجەییەکان یەکدەگرن‌و بەهەموو بەشەکانی جەستەی مرۆڤدا بڵاودەبنەوە.

لەلێکۆڵینەوەکەدا، شیکردنەوە بۆ داتای دوو هه‌زارو 500 کەس کراوە کە تووشی شێرپەنجەی کۆڵۆن‌و ریخۆڵە بوون، ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو نەخۆشانەی ماوەی 15 مانگ بەر لەدەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە ئەسپرینیان خواردووە، نەخۆشییەکە کەمتر لەجەستەیاندا بڵاوبۆتەوە، هەروەک ئەوانەشی دوای تووشبوون بەنەخۆشییەکە ئەسپرینیان خواردووە، تەندرووستیان لەوانە باشتربووە لەئەو دەرمانەیان نەخواردووە.

لەوبارەیەوە جین فیگێردۆ گەورە توێژەری لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:"ئەسپرین چالابوونی پلیتە خوێنەکان ڕادەگرێت‌و بەوهۆیەشەوە ناهێڵێت لەگەڵ خانە شێرپەنجەییەکاندا یەکبگرن‌و بەجەستەدا بڵاوببنەوە".

بەڵام بەگوێرەی پێگەی "یو بی ئای"، فیگێردۆ هۆشداریشیداوە لەوەی خواردنی دەرمانی ئەسپرین بۆماوەیەکی دورودرێژ ئاکامی تەندروستیی مەترسیداری وەک هەستەوەری‌و خوێنبەربوونی ناوەکیی لێدەکەوێتەوە.