له‌مشاره‌ى كوردستان ڕۆژووگرتن ده‌كرێته‌ ناچارى‌ چه‌ندین كه‌سیش سزادران

کوردستان

15/04/2021‌ 5979 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەشاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا، گرووپە چەکدارییە توندڕەوە سورییەکانی سەر بەتورکیا، ناسراو بە"سوپای نیشتیمانی سوری" لەڕێگای تیمی گەڕۆکەوە چاودێری ئەوکەسانە دەکەن کە بەڕۆژونین‌و لەڕووی یاسایی‌و ئاینییەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەن‌و سزایان دەدەن.


ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردووە، لەگوندەکانی هەیکیجە‌و مەروانیەی سەر بەناحیەی شه‌رای شاری عەفرین کە لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیای "ویقاس"دایە، لەپێناو دەستگیرکردنی ئەوکەسانەی بەرۆژونین، تیمی گەڕۆکیان بەناوچەکەدا بڵاوکردۆتەوەو دوای پێبژاردنی دارایی، خولێکی ئاینیشیان بۆ کردوونەتەوەو تێیدا فێری ڕێسا ئاینییەکانی پەیوەست بەمانگی ڕەمەزان کراون.

هەروەک لەگوندی بەعیەو بورج‌و باسوفان کە زۆرینەی خەڵکەکەی کوردی ئێزدین، میلیشیای "فەیلەقی شام" تیمی گەڕۆکیان بەناو کوچەو کۆڵانەکاندا بڵاوکردۆتەوەو ئەوکەسانەیان دەستگیرکردووە کە دەرکەوتووە بەڕۆژونین‌و سزایانداون.

باس لەوەشکراوە کە لەو گوندە ئێزدی نشینانە، ڕێگریکراوە لەوەی ئاهەنگی ڕۆژی چوارشەممەی سور بگێڕن‌و بەکافرو بێدینیان وەسفکردوون، جەختیشیانکردۆتەوە، ئاهەنگگێڕان بەو بۆنەیەوە بیدعەیەکەو سزای لەسەرە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ماوەی سێ ساڵە بەوهۆیەوە کوردانی ئێزدی دانیشتووی ژێر کۆنترۆڵی گرووپە سورییە توندڕەوەکانی سەر بەتوركیا، لەترسی سزادانیان بەناچاری لەماڵەکانی خۆیاندا ڕێوڕەسمە ئاینییەکان جێبەجێدەکەن.

هەرچی گرووپی توندڕەوی ئەحبابوڵڵایە، لەیەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بەناو بازاڕو شەقامەکانی شاری عەفریندا سووڕاونەتەوەو دوای کۆکردنەوەی خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی شارەکە، داوایان لێکردوون پابەندی شەریعەتی ئیسلام بن‌و لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوبن.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، ئەو گرووپ‌و میلیشیا توندڕەوە سوریانە، لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا ئاستی تاوان‌و پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر بەدانیشتووانە کوردەکەی شاری عەفرین‌و ناوچەکانی دەوروبەری زیاد دەکەن‌و بانگەشەی ئەوەدەکەن ئەوان بانگهێشتی خەڵک دەکەن بۆسەر ڕێگای ئیسلامیی ڕاستەقینە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی