سەرمایەدارێک لەسەر بەرنامەیەکى "شارپرێس" کریێ خانووی دوو ساڵی دوو ماڵە هەژار لە ئەستۆ دەگرێت

کوردستان

15/04/2021‌ 2750 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

"مەریوان حاجی جەمال" سەرمایەداری ناسراوی شارى سلێمانى کرێی دوو ساڵی تەواوی دوو خێزانی هەژاری لە ئەستۆ گرت کە لە بەرنامەی "میوانی تۆین" لە شارپرێسەوە داوای هاوکاری و بەهاناوەچونیان کردبوو.

لە دوای ئەوەی لە ڕۆژی دووەم و سێیەمی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دوو خێزانی هەژار و کەمدەرامەت لە لایەن بەرنامەی "میوانی تۆین" بەسەرکرانەوەو هەردوو پەرلەمانتار "ڕێزانی شێخ دلێرو شێرکۆ جەودەت" بوونە میوانی ئەو ماڵانە، دوای باسکردن و گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی خۆیان و باسکردن لە مەینەتیەکانی خۆیان، مەریوان حاجی جەمال سپۆنسەری بەرنامەی "میوانی تۆین" دەستبەجێ پەیوەندی بە شارپرێسەوە کردوو ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردن و لە ئەستۆگرتنی کرێی دوو ساڵی تەواوی هەردوو خێزانەکە.

هەر لە درێژەی بەرنامەکەدا شێرکۆ جەودەت پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هاوکاری و دەستگیرۆیی بەردەوامی ئەو خێزانەی کە بوبونە میوانی ماڵیان.

 لە ئەلقەی یەکەمی بەرنامەی "میوانی تۆین" گروپی کۆمپانیای قەیوان بڕیایریدا خانویەکی ئامادەکراو بە تەواوی پێداویستیە سەرەکیەکانییەوە ببەخشێتە ئەو خێزانەی کە لە یەکەم رۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا بەرنامەکە بەسەری کردنەوە.

بەرنامەی "میوانی تۆین" بەرنامەیەکی رۆژانەی شارپێسەو ڕۆژانە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا پێشکەش دەکرێت، لە بەرنامەکەدا هەر رۆژەو یەکێک لە پەرلەمانتاران بانگهشێتی یەکێک لە ماڵە هەژارەکان دەکرێت و لە نزیکەوە گوێ لە خەم و داواو ئازارەکانیان دەگیرێت و شارپرێس بە سپۆنسەریی سەرمایەدار"مەریوان حاجی جەمال" دیاری خۆی پێشکەشی خێزانەکان دەکات و پەرلەمانتارانیش بە هەمانشێوە لەڕێگەی بەرنامەکەوە هاوکاری و دیاری خۆیان دەبەخشنە ئەو خانەوادانەی کە سەردانیان دەکەن.

بەپەلە