فه‌یله‌سوفێك بۆ كۆبانێ: ئێوەى کورد خەیاڵتان کرد بەڕاستی

کوردستان

19/04/2021‌ 3392 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سلاڤۆی ژیژێک فەیلەسوفی خەڵکی وڵاتی سلۆڤینیاو کۆمەڵناسی مارکسیست كه‌ وەک ڕەخنەگرێکی کولتووری ناسراوە لەڕێگه‌ی ئۆنلاینەوە وانەیەکی لەبارەی دیموکراسیه‌وه‌ بەزانکۆی کۆبانێ وته‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "دەبێت سەرلەنوێ دیموکراسی ڕادیکاڵ بونیادبنرێتەوەو ئێمەش دەتوانین سود لەو ئەزموونەی کوردان وەرگرین"، ده‌شڵێت:"ئێوەی کورد نەک تەنها سیمبوڵی بەرخۆدانن، بەڵکو سیمبوڵی ئاواکردنی سیستەمێکی نوێشن".


سلاڤۆی ژیژێک فەیلەسوفی خەڵکی وڵاتی سلۆڤینیاو کۆمەڵناسی مارکسیست كه‌وەک ڕەخنەگرێکی کولتووریش ناسراوەو خاوەنى چەندین پەڕتوکی جیاوازە، یەکێکیشە لەشیکارە گەورەکانی (دەسەڵات، کۆمەڵگه‌و دیموکراسیی)، ئه‌و لەڕێگه‌ی ئۆنلاینەوە وانەیەکی لەبارەی دیموکراسیه‌وه‌ دا بەزانکۆی کۆبانێ له‌ڕۆژئاواى كوردستان.

ژیژێک له‌و وانه‌یه‌دا بێ پێچ‌و پەناو ڕاستەوخۆ لەسەر تێکۆشان‌و ئەزموونی کوردان قسەیکردو وتی:"کوردان یۆتۆبیایان کردە ڕاستی، دەبێت سەرلەنوێ دیموکراسی ڕادیکاڵ بونیادبنرێتەوەو ئێمەش دەتوانین سود لەو ئەزموونەی کوردان وەرگرین".

وتیشى:"ئێوه‌ى کورد بەتێکۆشانەکانتان کۆمەڵگایەکی هۆشیاریان ئاواکردو یۆتۆبیا (خەیاڵ)یان کردە بەڕاستی، ئێوەی کورد نەک تەنها سیمبوڵی بەرخۆدانن، بەڵکو لەهەمانکاتدا سیمبوڵی ئاواکردنی سیستەمێکی نوێن".

ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ زیاتر له‌باره‌ى كورده‌وه‌ ده‌ڵێت:"جیاواز لەکوردان‌و هەندێکی دیکە، هەموو کۆمەڵگاکان پارچە بوون ئیدی دیموکراسیەکی لیبراڵ بەدیناکرێت، ئەرکی شۆڕش بەتەنها نوێنەرایەتی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو لەهەمانکاتدا ئەرکی ئەوەیە مرۆڤەکان هۆشیاربکاتەوە لەوەی چیان دەوێت، دەبێت کار بۆ ئاواکردنی دونیایەکی باشتر بکەن".

له‌باره‌ى دیموكراسیه‌تیشه‌وه‌ وتویه‌تى:"قەیران‌و کێشەکانی ئەمڕۆ بەهەڵبژاردنێکی گەورە چارەسەرنابن، کاتێک هەڵبژاردن سودی دەبێت کە پشتیوانیەکی هەبێت، دەبێت ئێمە دژی یەکتربین، بەڵام دەکرێت لەسەر بنەمایەکیش ڕێبکەوین، پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ دیموکراسی لیبراڵ پێویستە".

زیاتر له‌باره‌ى خه‌باتى ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، "دەبێت دیموکراسی بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ سەرلەنوێ بونیادبنرێتەوە، ئێمە دەتوانین ئەوە لەئێوەى کوردانه‌وه‌ فێربین‌و ببینین، دەبێت ئێمە بیر لەوەبکەینەوە کاتێک ئێوە دەڵێن دیموکراسی ئێمە چی تێدەگەین؟".