شارپرێس:
قەیرانی کۆرۆنا لههیندستان مەترسیی لەسەر لە30% هەناردەی نەوتی عێراق دروستدەکاتو كۆمپانیاى سۆمۆى عێراقیش ئهو كۆمپانیایانه ئاشكرادهكات، كه كڕیارى سهرهكى نهوتى عێراق بوون لهمانگى ڕابرودا.
بەگوێرەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەمانگی ئازاردا کۆمپانیا هیندییەکان زۆرترین نەوتی عێراقییان کڕیوە کە گەیشتۆتە نزیکەی سەروو 800 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ئەمەش پرسیاری ئەوەی وروژاندووە کە ئایا ئەو شەپۆلەی بەهێزەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەو وڵاتە کە ژمارەی تووشبوون رۆژانە سەدان هەزار کەسە، تاچەند کاریگەریی دەکاتە سەر ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق.
سۆمۆ ئاشکرایکردووە، لەکۆی 33 کۆمپانیا کە لەمانگی ئازاردا نەوتیان لەعێراق کڕیوە، حهوتیان هیندی بوون، دواتر کۆمپانیا چینیو ئەمریکییەکان لەپلەی دووەمدا بوونو هەریەکەیان بەچوار کۆمپانیا نەوتیان لەعێراق کڕیوە.
دۆخی سەختی تەندرووستیی لەهیندستان جێگای نیگەرانیی عێراقە، بەوپێیەی بەگوێرەی ئاماری مانگی ئازار، هیندستان ڕۆژانە 867 هەزارو 500 بەرمیل نەوتی خاوی لەعێراق کڕیوە، واتە لەو مانگەدا 23 ملیۆن بەرمیل نەوت، لەکاتێکدا عێراق مانگانە 88 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات، کەواتە لە 30% نەوتی عێراق لەلایەن کۆمپانیا هیندییەکانەوە دەکڕدرێت.
لەسەر ئەو بنەمایە، بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی وڵاتی هیندستان لەسەر کڕینی نەوتی خاو، عێراق مەترسیی لەدەستدانی کڕیاری لە30% نەوتەکەی لەماوەی ئەم مانگەدا هەیە، داهاتەکەی دەگاتە ملیارێکو 700 ملیۆن دۆلارە لەکۆی زیاتر لەپێنج ملیار دۆلار.
چاودێران پێیانوایە، بەهۆی ئەوەی هێشتا پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهیندستان نەگەیشتۆتە لوتکە، بۆیە پێشبینیدەکرێت خواست لەسەر سوتەمەنی لەماوەی مانگی ئایاردا کەمتربێتەوە.
و: ئاکۆ ئاڵی