ڤاكسین وه‌ربگره‌و پەرداخێك بیرە بێبه‌رامبه‌ر بخۆره‌وه‌

هەمەڕەنگ

04/05/2021‌ 998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فێل مۆرفی حاكمی ویلایەتی نیوجێرسی لەئەمریكا، بەڵێنیدا هەر هاوڵاتییەكی پێگەشتووی ویلایەتەكەی ڤاكسینی كۆرۆنا لەخۆی بدات دەتوانێت پەرداخێكی بیرە بەخۆڕایی وەربگرێت.

حاكمی ویلایەتی نیوجێرسی لەتۆی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، "پرۆگرامێكمان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان هانبدەین ڤاكسینی كۆرۆنا لەخۆیان بدەن، هەر هاوڵاتییەكی سەرو 21 ساڵ لەمانگی پێنج ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرێت‌و بڕوانامەكەی پێبێت، دەتوانێت پەرداخێكی بیرە بەخۆڕایی وەربگرێت".

ئەو لێدوانانەی بۆ بڵاوكراوەكەی حاكمی نیوجێرسی ڕۆیشتبوو جیاوازبوون، هەندێك لێدوان نوسیبویان:"پێدانی كحول پێدانی بەرتیلە بەهاوڵاتیان بۆ ئەوەی ڕازی ببن ڤاكسینی كۆرۆنا بەكاربهێنن".

ناوەندی ئەمریكی بۆ كۆنتڕۆڵ‌و چارەسەری نەخۆشییەكان بەئەمریكا دەڵێت، "تائێستا 105 ملیۆن هاوڵاتی ئەمریكی دوو ژەمە ڤاكسینی وەرگرتووە، ئەم ژمارەیە 31%ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات، هەروەها 147 ملیۆن كەس ژەمە ڤاكسینێكیان وەرگرتووە".

ڕەنج ڕەسوڵ