کاریگەریەکانی سنووردارکردنی خۆیی (ئیندیڤیدوالی) لەسەر سۆسیالیزەکردنی مندڵ

مەلەفی تایبەت

17/05/2021‌ 523 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئامادەکردنی: مەحمود چاوش

ئەم نووسینە باسێکە لەمەر سنووردارکردنی، یان باشتر بڵێین سستکردن و متکردنی کەسێتی منداڵ، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی و تاڕادەی نەبوونی تاکگەرایەتی لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا. باسە لەسەر سنووردارکردنی ئازادی بیروڕا و گەشەی هزری منداڵ، کە لەلایەن ئەو سیستەمە سونەتگەراییانەی منداڵیان تێدا لەدایک دەبێت و پەروەردە دەکرێت، پەیوەستکراوە. پێچەوانەی ئەم سنووردارکردنە لێرەدا بەمانای ڕەهاکردنی هەموو ئازادییەکان نیە، کە سنووری مرۆڤەکانی تر تێپەڕێنێت یان برینداریان بکات، بەڵکو کاردانەوە و ئاوێتەبوونە کۆمەڵایەتیەکانێتی، کە کۆمەڵگە دەهاوێژێتە تەنگژەیەکی بەردەوامەوە. گەر بڕوانینە ئەو کۆمەڵگایانەی، کە سیستەمی پەروەردەیی کۆلێکتیڤ تێیاندا زاڵە، دەبینین کە کەسایەتی و نرخە مرۆییەکان بۆ منداڵان گەلەک لاوازە، لێ ئەم سیستەمە خۆی لە هاوکێشەیەکی نابەرابەردا دەبینێتەوە، هاوکێشەکە ئاشکرایە، تاکو دەستەجەمعیتر سیستەمی کۆمەڵگەیەک، لاوازتر گەشەی ئیندیڤیدوالی تاکەکەس و گەشەی سۆسیالیزەکردنی منداڵ لەم پڕۆسەیەدا سەقامگیردەبێت.

ئەم بابەتە باس لەو بەربەستە کۆمەڵایەتی و ترادیسیۆنانە لە دروستبوونی کەسێتی منداڵدا دەکات، یان زیاتر بڵێین لەلایەن کەسانی پەروەردەدەریانەوە (باوان و دواتر کەسانی وەک مامۆستا و پێداگۆگەوە تاکو پلە باڵاکانی خوێندنیش بەهەموو سەکتەرەکانیەوە).  
لێرەدا گرنگە باس لە دیاردەی لەقاڵبدانی منداڵ بە پێوەرە کۆمەڵایەتیەکان و ڕەنگدانەوەی (کاریگەریەکان) لەسەر لاوازکردن و متکردنی کەسێتی منداڵان بکەین، کە سیستماتیک لە کۆمەڵگە ترادیسیۆنەکاندا کاریان تێدا دەکرێت و کەسێتی منداڵ لاواز دەکەن. منداڵ موڵکی خۆی نیە، بەڵکو دەکرێتە چەند بەشێکەوە (مەبەست بەشکردنی فیزیکی نییە) و وەک سامانێکی بەرهەمهێنراو دابەشدەکرێت بەسەر ستونەکانی کۆمەڵگەدا، دواجار دەکرێتە کاڵا بۆناو ئەو سیستەمی بازنە شەیتانییەی، کە پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دەیخوازن. لێسەندنەوەی کەسێتی و لە پاشدا سستکردنی ئیندیڤیدوالی منداڵان بە سێ بێژنەدا دەبرێن و لە کۆتایدا کەسێکی لاواز و پڕکێشە بەرهەمدەێنن. (مەبەست لە سێ بێژنەکە باوانە، کە مناڵەکانیان کۆپی دەکەن، پاشان خۆێندگەیە، کە مامۆستا و پێداگۆگەکان وەک خوێندکار نەک وەکو فێرخواز بەرهەمیان دەهێنن، پاشان کۆمەڵگەیە، کە دەیانهاڕێتە ناو بازنەیەکی کۆلێکتیڤ و سنووردار بۆ گەشەی خۆیی منداڵ).    

پێش هەر پێناسەیەک تاکگەرایەتی (ئیندیڤیدوالیسم Individualismus) جیهانبینییەکی سەردەمی مۆدێرنی ئەوروپییە لە بوارەکانی سۆسیۆلۆگی (کۆمەڵناسی)، پسیکۆلۆگی (دەروونناسی) و سۆسیۆکلتوری و فەلسەفیدا شیکارکراوە. تاکگەرایەتی بەواتای ئازادی بیروڕا و جۆری ژیاندارێتی تاکەکەس. لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا تاکەکەس بە شێوەیەکی ڕێژەیی (ڕێلەتیڤ) ئەم ئازادیە تاکەکەسیەی بەدەستهێناوە و خەبات و کاری مێژوویی تێداکردووە. تاکگەرایەتی بریتییە لە هزر و بەها و سەنگی سیستەمێک (سیستەمێکی کۆمەڵایەتی)، کە تێیدا تاک لە چەقی چاوەدێرییەکاندا (Betrachtung) سەقامگیرە. بە واتایەکی تر تاك چەقی کۆمەڵگەیە و ئازادییەکانی ئەوی تێدا پارێزراون. ئازادیش بەو مانایەی، کە هزر و بڕیارە خۆییەکانی تاکەکەس لەو سیستەمەدا پارێزراو کرابێت، گەر بیروڕاکانیشی لەگەڵ زۆرینەی کۆمەڵگە و باوی سەردەمەکەیدا پێکنەیەنەوە. پێچەوانەی ئەمەش سیستەمی کۆلێکتیڤیسم ( Kollektivismus ,گەلەکی یان دەستەجەمعی)ە، کە لە هەموو کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتدا مافە هزری و چالاکییەکانی تری تاکی تێدا ڕەچاوناکرێت. 
لە جڤاکی مێژووی هزریندا چەکەرەی تاکگەرایەتی لە کۆمەڵگە لیبرالە مۆدێرنەکاندا سەریهەڵداوە و بۆتە سیستەمی کۆمەڵایەتی باوی بەشێکی زۆری وڵاتە خۆرئاواییەکان.
ڕۆلف ئوێستەر (Rolf Oester) و لیۆ مۆنتادا (Leo Montada) گەشەی (نەشونمای) کەسێتی لای مرۆڤ لە دوو پرۆسەدا دەبیننەوە، پرۆسەی خودناسین / ناسینی خودی خۆ(Selbsterkenntnis) و پرۆسەی داڕشتنەوەی کەسێتی / فۆرمدان بە کەسێتیی خۆ (Selbstgestaltung). کەسێتی بەشێکی دانەبڕاو و پێکهێنەری کارەکتەری مرۆڤەکانە. کامڵبوونی کەسێتی لە قۆناغی منداڵی و لە پڕۆسەی سۆسیالیزاسیۆنیدا بەرهەمدێت. کەسی هەرزەکار دەبێت گەیشتبێتە ئەرمونێکی فراوانی ئەوتۆ کە ئەزمونی منداڵێتیی بە شێوەیەکی وا فراوان وەرگرتبێت، کە بەرەنگاری ژیندارێتی / ژیاندارێتی وەک مرۆڤێکی کامڵبوو ببێتەوە، لێ کۆمپلێکسی بەرەنگاربوونەوەی ژیان وەکو کەسێکی کامڵ لە کۆمەڵگەدا هونەری فێربوونی ژیانە. بەداخەوە کە لەم ڕۆژگارەدا کۆمەڵگەکان بە شێوەیەکی هێندە چڕ ڕێکخراو و پێکەوە پەیوەستکراون، کە سەربەستی و چارەنووسی تاکەکان زۆر بەکەمی مەودای خۆیان وەرگرتووە. 
مەبەستیش لێرەدا ئەوەیە، کە هاوسەنگێتی تاکگەرایەتی بەرامبەر گەلەکی لە چ ئاستێکدا بوەستێت، کە ئیتر تاک مافە تاکەکەسییەکانی خۆی بەدەستبهێنێت و لە هەمانکاتدا ئەندامێکی بەسودیش بێت لە هاوکاری و هەرەوەزی تاکەکانی تری کۆمەڵگەدا. کارە هونەریەکان، شانۆ، وەرزش، گۆرانی و مۆسیقا، ڕێکخراوە مەدەنیەکان، کۆمەڵێک چالاکیی مرۆڤن، کە هێڵی تاکگەرایەتی و گەلەکیش لەخۆدەگرێ. ئەم پیشانە یان باشتر چالاکیانە هێڵی هەردوو ستونەکەیان گەرەکە بۆ زیاتر گۆڕینەوەی هزری و داهێنانی تازە و گەشەی خۆیی داهێنەر. 
کۆمەڵگەکان بە پێوەری جیاوازەوە دەڕواننە تاکگەرایەتی و پڕاکتیزەی دەکەن. تاکەکەس لە هەندێکی کۆمەڵگە ئەوروپیەکاندا ئازادی تاکەکەسیی زیاتر بەدەستهێناوە، گەر بەراوردی بکەین بە کۆمەڵگەکانی ئێمە. کۆمەڵگەی ئێمە تاکو ئەم ساتەوەختە کۆمەڵگەیەکی ترادیسیۆنی، ئایینی دەستەجەمعییە و تاکەکانی بێبەشن لە ئازادی دەربڕین و چالاکیە تاکەکەسییەکانیان. بێگومان لە سیستەمی پەروەردەیی و فێربووندا وڵاتانی خۆرئاواش گیروگرفتی لەقاڵبدان و ڕامکردنی منداڵانیان تێدا پڕاکتیزە دەکرێت، بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر کەمتر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ئاسیاویەکاندا. گەر بە پێوەری ئەو سێ بێژەنگەی لە سەرەوە باسکراون شیکاری ئەم دیاردەیە بکەین، پێویستییەکی زۆرمان هەیە بەو شیکارە مەیدانیانەیە، کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەم یان زۆر بەئەنجامنەگەیەنراون. مەخابن شیکاری زانستی و مەیدانی لەمەر ئەم بابەتە گەلەک کەمن. بۆ باسکردن لەم بابەتە دەبێت سەرەتا بگەڕێنێنەوە بۆ سەرجەمی سۆسیالیزاسیۆنی منداڵ، کە لەژێر کاریگەری باوان و لە پاشاندا مامۆستا و خوێندگەکاندا قۆرغکراوە. ڕەنگە هەندێک لە هۆکارەکانی ئەم سنووردارکردنە بەهۆی خوێندنی ترادیسیۆنیەوە سەرهەڵبدات، کە بەواتای متکردنی کەسێتی منداڵ دەنرخێنرێت.1  پەروەردەی دایک و باوکان بە سەنتەری گۆڕانی کەسێتی منداڵ و سەرەتای پڕۆسەی سۆسیالیزاسیۆنی ئەوان دادەنرێت. ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەو سیستەمە پەروەردییە بەمانای ئەوە دێت، کە منداڵ لە فێرگەدا، نەک لە خوێندگەدا پەروەردە بکرێت، هەروەها لە لایەن فێرکارەوە، نەك لەلایەن مامۆستاکانەوە فێرخوازیی پێئاشنابکرێت 2. ئەلتەرناتیڤەکەش گرێدەدرێت بە پڕۆسەی سۆسیالیزاسیۆنەوە، کە بەکەسکردنی (پێرزۆنالیزاسیۆن / Personalisation)ی تاک و پڕۆسەی گۆڕانی بە ئاڕاستەی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆی منداڵدا ڕێچکە دەگرێت.3 ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی مەبەست لەوە نیە، کە تاک لە پرۆسەی سۆسیالیزەکردندا ئەرکەکانی وەک تاکێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگە رەچاونەکرێت، منداڵی ئازاد بەمانای مرۆڤی ئازادی کۆمەڵگەیەک، کە دەبێتە ئەندامێکی سودبەخش، داهێنەر، مۆدێرن و تازەکەرەوە (تازەبەخش). لێرەدا بەرەوڕوی هاوکێشەیەک دەبینەوە؛ تاکەکەسێتی و ئازادیەکانی تاک، یان نقومبوون و لەباربردنی ئەم تاکەکەسێتییە لە زەلکاوی کۆمەڵگەی دەستەجەمعیدا، کە لە تەنگژەیەکی بەردەوام و بازنەییدایە. هەندێجار هۆکارەکانی ئەم سنووردارکردنی کەسێتییە دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی  "ڕامکردنی منداڵ" و تەنانەت گەورەکانیش، کە ئەمەش جارێکی دی سەنگێکی زۆر دەخاتە سەر ئەستۆی  منداڵ و لەباربردنی ئازادیەکانی ئەو.
 بە بیروڕای هەندێک شارەزایانی ئەم بوارە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا منداڵان پەروەردە ناکرێن، بەڵکو ڕام/ماڵی دەکرێن4.  لە کوردەواریدا بەم دیاردەیە دەبێژن "بەخێوکردن". سەرسوڕهێنەرە، کە ئەم دەستەواژەیە، چ بۆ مرۆڤ و چ بۆ ئاژەڵیش بەکاردەهێنرێت. تەنانەت لە کۆمەڵگەی ئەرەبیدا بە منداڵان دەوترێت "جهال" بەواتای "جاهل / نەزان". ئەوە سەرسوڕهێنەرە، کە تاکو ئێستاش لەم کۆمەڵگانەدا بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ منداڵدا دەکرێت، منداڵان بە جاهل و نەزان، بە کەمئەقڵ و نەفام دەنرخێندرێن.
شێرزاد حەسەن ئەم سیستەمی متبوونە ی تاکگەرایەتی لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتدا (کە ئەم ناوی بە ڕەشهەڵات دەبات)، بە کۆیلایەتی و فابریکەکانی بەرهەمهێنانی کۆیلایەتی دەنرخێنێت.5
 دیارە ئەم سیستەمەی ئێستا کە هەنووکەیی کاریپێدەکرێت، هۆکاری جیاوازی هەیە. پێکهاتە کلوتوریەکانی کۆمەڵگە کۆلێکتیڤەکان یان ئیندیڤیدوێلەکان هۆکاری کۆمەڵایەتی، مێژوویی و ئایینی خۆیان هەیە. بێگومان سەردەستەیی و زاڵبوونی کلتوری دیانەتی ئیسلامیش لەو دەڤەرەدا (بە کوردستانیشەوە)، کاریگەریەکی گەلەک زۆری هەیە لەو ڕامکردن و سستکردن و متکردنەی تاکەکەسەکان و سنووردارکردنی ئازادیەکانیان لە کۆمەڵگەدا. بەواتایەکی تر تاک وەک ئیندیڤدویڵ نامێنێتەوە، بەڵکو لە دەستەجەمعیەکدا دەتوێنرێتەوە و دەدرێت بە لەقاڵبدانێکی کۆمەڵایەتیی ئەوتۆ، کە مۆرک و ڕەگی تاکگەرایەتیەکانی تێدا ووندەکەن.

سۆسیالیزاسیۆنی منداڵ و ڕەچاونەکردنی لە پرۆسەی پێگەیاندنی کەسێتیدا

ئازادییە خۆییەکان / تاکەکەسییەکان لێرەدا بەمانای خۆویستن و خودئەڤینی (Narzisst) نییە، بەڵکو ئازادی تاکە لە هزر و بیرکردنەوەیدا، چۆنێتی و شێوەی ژیان و بژێویدا، چۆنێتی خواستە سێکسوالیەکانێتی، ئازادی لە هەڵبژاردنی هاوسەر و هاوڕێکانیدا، تا دەگاتە هەڵبژاردنی هاوڕەگەزێتی خۆی (لە نێوان نێرێتی و مێبونی)دا. بەشێک لە هۆکارەکانی گەشەنەکردنی تاکگەرایەتی لای منداڵانی ئێمە ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە ڕەچاونەکردنی بیروڕاوەرگرتنی منداڵان، شکاندنی کەسێتی، نەبوونی دیالۆگ لەگەڵیاندا، ڕێزنەگرتنی ئایدیاکانیان، سنووردارکردنی سەربەخۆییەکانیان، هاوکێشەیەکی ئەوتۆ پێکبهێنن کە منداڵ لە گەشەی خۆییدا سست بکەن. 
لە کۆمەڵگە هەرەوەزگەراکاندا تاک زۆرەکییانە ناچاردەکرێت، ببێتە بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگە کۆلێکتیڤەکە، وەک لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا. لە کۆمەڵگەی مرۆڤدۆستدا تاک خۆی لەوانی تر جیادەکاتەوە و پەرەسەندنی کەسێتی و جیاوازیە کەسییەکانی بەرانبەر تاکەکانی تری بەلاوە گرنگە.
لەو کلتورانەدا کە تاکگەرایەتی سەردەستە، بەرژەوەندیەکانی تاک هەنگاوی زیاتر بەڕوی بەرژەوەندی خۆیدا / تاکەکەسیدا دەنێت، واتا بایەخدان بە سەربەخۆیی تاکەکەس و خۆجۆرییەکەی (Eigenartigkeit) ی لا گرنگە.
لە کلتورە کۆلێکتیڤەکاندا بەرژەوەندی کۆ گرنکترە لە هینی تاک، خێزان و گروپ جێگەی بایەخدانن، ئارەزو و بەرژەوەندیە تاکییەکان بەزۆری دەکرێنە قوربانی خواستە گەلەکیەکان.

ئەڵتەرناتیڤ

لەبەر ئاڵۆزی سیستەمە پێداگۆگییەکان و نەبوونی مێتۆدێکی دیاریکراوو بۆ ڕاهێنان و فێربوون، گەلەک سەختە باس لە ئەلتەرناتیڤێکی دیاریکراو بکرێت، سیستەمی فێربوون ئەڵتەرناتیڤێکی تایبەتی لەخۆناگرێت، لێ فیربوونیش ڕاهێنانێکی کەسییە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بە چ ڕێگەیەک و سیستەمێک پرۆژەی فێربوون لەگەڵ منداڵ و لاوەکاندا بەڕێوەبەرین. لە هەندێک خانەی فێربووندا بۆ نموونە لە وڵاتی ئەڵمانیا ئەڵتەرناتیڤی فێربوون بە مێتۆدی (هومان–پێداگۆگی / یان هومان-دیموکراتی) پیادەدەکرێت. مەبەست لەم مێتۆدە "لەبەرچاوگرتنی کەسێتیی هەرکەسە لە پلان و پرۆژەی فێربوون لەگەڵ منداڵ و لاو و بنەماڵەکانیدا."6  ئەوان بە پێی فەلسەفەی کارەکەکانیان کەس پەروەردە ناکەن و خۆشی ئەم تێگەیە چ بە کوردی و چ بە ئەڵمانی بە ڕاست نازانێن ... پەروەردە بابەتێکی بنەماڵە و کۆمەڵگایە و گرێدراوی پڕۆسەیە و گرێدراوی زۆر شتی ترە، لەم خانەیەدا هەوڵ دەدەرێت منداڵ و لاو بەو ئاستە بگات، کە خۆی سەربەخۆ فێرببێ و لە هەمان کاتدا ئاگایانە کەسایەتی خۆی پێکبێنێ کە هەم لایەنی دەروونی و کەسایەتی هەیە و هەم لایەنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پسیکۆلۆگی و نۆیرۆلۆگی و ...7  
دیارە سیستەمی خانەی فێربوون وەک ئەڵتەرناتیڤێک تەنها ڕاهێنانی منداڵ نیە، گرنگتر لەوە ڕێمناییکردنی منداڵ و لاوانە، کە لە پڕۆسەکەیدا کەسێتی خۆیانی تێدا دەدۆزنەوە (مەبەست لێرەدا زانیاری چەندە لەسەر خۆناسین)، ئەمەش دەبێتە ئاوێتەبوونی کامڵبوونی مرۆڤ. خاڵێکی گرنگی تر لەم بوارەدا ئەوەیە، سیستەمی فێرکردن و ڕاهێنانی منداڵ لە فێرگەکاندا تا چ ئاستێک مرۆڤدۆستانە و نزیکە لە خواست و ئارەزووەکانی ئەوانەوە، فێربوون چ تایبەتمەندییەک دەبەخشێتە کەسێتی تاکەکەسەکان. منداڵ چ مافێکی هەیە لە سیستەمی فێربووندا، دەوری دایک و باوکان و پێداگۆگەکان لەم سیستەمەدا چیە و چۆن ئازادی تاک گەشەپێبدەن.
سیستەمەکانی پلاندەرانی فێربوون لە وڵاتانی ئێمەدا دەبێت کار لەوەدا بکەن، کە ئازادی تاک دەورێکی گەلەک گرنگی لە فێربوونی ئەودا هەیە و ئەم ئازادیەش بەتایبەتی بۆ منداڵ چ دەورێک لە فێربوونی خۆییدا دەبینێت. 
هزر و فەنتازیای منداڵ هەنووکەییە (ئەکتوێلە) و دەخوازێت (یان دەتوانێت) جیهان بە شێوازە ساکار و پاکلەخۆگرەکەی خۆی بەرەو گۆڕانکاری پۆزەتیڤ بجوڵێنێت، لێ ئەوان پۆزەتیڤ دەڕواننە جیهانی دەوروبەریان. منداڵ بناغەکەیە نەک گەورەکان. 
گرنگترین خاڵ ئەوەیە، ئیمە چۆن لە منداڵان دەڕوانین. گەورەکان، بە پێداگۆکەکانیشەوە، کار لە قاڵبدانی منداڵدا دەکەن، وانەکانیان پێدەرخدەکەن، لە سیستەمێکی سنوورداری خەڕەکئاسا دەیانخۆلێننەوە، مت و کاسیان دەکەن و دەیانخەنە قۆزاخەوە. دایک و باوکان کۆپیان دەکەن، سەر هەمان ڕێچکە کۆنەکانی باو و باپیرانمان بۆ جارێکی تر و هەزاران جاری تر ڕێگری دەکەن لەو کەناڵانەی ئەوان خۆیان دەیخوازن. پێچەوانەی ئەم سوننەتگەرییە ڕووە پۆزەتیڤ و گۆڕانخوازەکەی یان باشتر بڵێین ئەلتەرناتیڤەکەیەتی. منداڵان کاتێک فەنتازییەکانی خۆیان دەکەن، فێردەبێن، ئەزموونەکانیان چڕتردەبنەوە، با ئەوانیش خاوەنی بڕیاردانی خۆیانبن. ئەمەش خۆی دەبێتە ئەو ئەڵتەرناتیڤە.
پەرەدان بە کەسێتی منداڵ و لاوان وابەستە بە ئازادی تاکگەرایەتی ئەوان و ئازادی لە فێربووندا، سازدانی پرۆسەیەکی هومانە بۆ سوسیالیزەبوونی ئەوان. مەخابن تاکو ئێستا زیاتر باس لە گرفتەکانی تاکگەرایەتی منداڵ و سیستەمی فێربوون لە کوردستان کراوە، بەڵام زۆر کەمتر لەسەر ئەلتەرناتیڤ و ڕێچکە مۆدیرن و خۆماڵیەکانی کراوە. تاکو ئەم کاتەش سیستەمێکی فێرخوازی گونجاو و مۆدرێرن بۆ کۆمەڵگەی ئەو دەڤەرە لە فۆرمی کتێبدا (وەک جۆرەکانی فێربوون) بەرهەمنەهێنراوە. ئێستا بەداخەوە ئەم سیستەمانە بوونەتە خەڕەکێکی لێدراوەی زەمانی کۆن. گەر ڕێگەچارەسەرێک بۆ ئەم جۆرە پێداگۆگییە لە کوردستاندا بەگەڕ نەخرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مامۆستاکانیشەوە، غەمساردانە کاریتێدا بکەن، ئاستی فێربوون و گەشەی کۆمەڵگەکەمان بەرەوڕووی کارەساتێکی گەورەی مرۆڤی دەبێتەوە.
گرفتێکی تری ئەم سیستەمە لە خوێندن و فێرخوازی لە دەڤەری ئێمەدا زاڵبوونی کلتورە نامۆکانە بە مناڵان و لاوانی کورد، ئەوانەش بەبێ هیچ پێچوپەنایەک کلتوری ئیسلامییە، کە لەسەر ڕەوتی پانئەرەبیسم و پانتورکیسم و پانفارسیسم سیستەمی بەناو پەروەردەیان بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکارهێناوە و تاکو ئێستاش بەکاردەهێنرێت. ئەم کلتورە داسەپاوە بەسەر منداڵ و لاوانی کوردستان لە هەر چوارپارچەکەدا بۆتە کەرەساتێکی بێوێنە لە مێژووی ئێمەدا و دەروونی مرۆڤی کوردیان توشی شیزۆفرینیا (جوتڕەوشتی) گەلەکی و کارەکتەری ئەوانی تەواو لاواز کردووە. زمانی دایکیان لە منداڵانی کورد قەدەغە کردووە (نمونەی ئەم سیستەمە تاکو ئەم ساتانەش لە تورکیا و سوریادا بەکارن) و مێشکی ئەوان بەم ڕێچکە نادیموکراتیانە منداڵ و لاوانی کورد دەخەنە ژێر کاریگەری کلتوری و ئاداب و عورفی ئیسلامی خۆیان و کەسێتیان وێران دەکەن.

گرفتەکان لەوەدان، کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تاک نەک لە چەقی کۆمەڵگەدا نییە و ئازادییەکانی پێشێلکراوە، تاک توڕدراوەتە هەمەجیەتەوە، هاووڵاتیبون گاڵتەجاڕییە و مرۆڤەکان کراون بە بوکەسەماکەرە. لە کۆمەڵگەیەکی ئەوتۆدا چۆن تاک دەتوانێت هزر و ئازادییە ئیندیڤیدوالییەکانی بەئەنجام بگەیەنێت؟ کاتێک گەورەکان ئازاد نەبوون، مناڵانی کۆمەڵگەیەک چۆن دەتوانن ئازادانە هەوڵی گەشەی هزری و دەروونی و لەشساغی خۆیان ئاوێتە بکەن، گەر ئەم سیستەمانە بەرقەراربن؟

پەراوێزەکان
1.کاوە جەلال: کێشەی پەروەردەی فێرکاری لە هەرێمی کوردستان، ڕەخنە و ئەلتەرناتیڤ، گۆڤاری کوردۆلۆجی، ژمارە 1، سلێمانی 2008، لاپەڕە 3
2.هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 3 و 4.
3.کاوە جەلال: سۆسیالیزاسیۆنی منداڵ هەتا پێش قۆناغی هەرزەکاری، گۆڤاری زانکۆی کۆیە ژمارە 23 ساڵی 2012، لاپەرە 5.
4.شێرزاد حەسەن: کارگەکانی تابووت، مرۆڤ ئەو گیاندارەی کە نازانێت بژی (کتێبی تێڕمان)، چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوەندی غەزەلنووس، چاپی یەکەم، تاران 2019، لاپەرە 283 .
5.هەمان سەرچاوە لاپەڕە 287.
6.پڕۆژە و فەلسەفەی خانەی فێربوون (Lernhaus)، کە لەسەڵی 2011 سازدراوە و دەساڵە لە شاری کۆڵن کاردەکات و زۆرجار لە مێدیاکاندا باسی لێکراوە.
7.بەڕێز برایم فەرشی ئەم زانیاریانەی بۆ ڕەوانەکردم و بە گۆڕانکارییەکی کەمەوە لێرەدا بە ئەمانەتەوە دەنووسمەوە.