چارەنوسی عێراق دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا چی دەبێت؟

کوردستان

05/07/2021‌ 1806 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
كاروخ خۆشناو سەرۆكی ئینستیتۆتی ئەمریكی - كوردی لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ شارپرێسدا، باسی لە كشانەوەی ئەمریكا لە ئەڤغانستان و كاریگەری لەسەر ئەو وڵاتە و كاریگەری و كاردانەوەكانی لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند:ئەمریكا تاقیامەت لە عێراقدا نامێنێتەوە، بۆیە ئەگەر جارێك بۆ عێراق گرنگ بێت مانەوەی ئەمریكا ئەوا چوار جار بۆ هەرێم گرنگە لەبەرئەوەی ئەمریكا فاكتەری پاراستن و مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان.

لە سەرتای دیدارەكەدا، كاروخ خۆشناو دەڵێت، چونی ئەمریكا بۆ ئەڤغانستان كاردانەوەی تەقاندنەوەی دوو بورجەكەی نێورك بوو لە ساڵی 2001، سەرانی قاعیدە كە ئەنجامدەری هێرشەكەبوون لەلایەن تاڵیبانەوە داڵدەدرابوون، بۆیە ساڵی 2002 ئەمریكا ئەفغانستانی داگیركرد، بۆیە چوونی ئەمریكا بۆ ئەڤغانستان پلانێكی ستراتیژی نەبوو، لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپەوە بڕیاردرا لەو شوێنانەی كە شەڕە بێكۆتاكانی لێنرا بڕیاردرا هێزەكانیان بكشێننەوە و بۆ كارەكتەرەناوخۆییەكانی ئەو ناوچانە جێبهێڵن.

کاروخ خۆشناو بەدوری زانی ئەمریكا بە تەواوی لە ئەڤغانستان بكشێتەوە ئاماژەی بەوەكرد، لە ستراتیجیەتی بایدندا ئەوەیە كە 650 سەرباز لە باڵوێزخانەی كابوڵدا بهێڵێتەوە و لەكاتی پێویستدا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و هێزی ئاسمانیەوە ئەو شوێنانەی مەترسین لەسەر ئەمریكا دەكرێتە ئامانج، بۆیە وەك بایدن ڕایگەیاندوە لەوێ بە تەواوی ناكشێنەوە.

سەرۆكی ئینستیتۆتی ئەمریكی - كوردی پێشبینی هەڵگیرسانی شەڕێكی ناوخۆی لە ئەفغانستانكرد و راشیگەیاند: لە شەش مانگ تا ساڵێكی تر تاڵیبان دەست بەسەر تەواوی ئەڤغانستان و كابوڵی پایتەختدا دەگرێت حكومەتی ئەڤغانستان ناتوانن خۆیان ڕابگرن و هێزە شیعە مەزهەبەكانی باشوری تاڵیبانیش هەر لە ئێستاوە خۆیان بۆ ئەو شەڕە چاوەڕوانكراوە ئامادەكردوە.

لەبارەی ڕێككەوتنی ئەمریكا و تاڵیبان لە قەتەر كاروخ خۆشناو سەرۆكی ئینستیتۆتی ئەمریكی - كوردی وتی: بەپێی ڕێكەوتنەكە ئەو هاوپەیمانێتیەی دروستبووە دژی تیرۆر هێزەكانیان بكشێننەوە، بەڵام تاڵێبانە ڕێزی رێككەوتنەكەی نەگرتوە و بەردەوامە لە دەستبەسەرداگرتنی ناوچە یەك لەدوای یەكەكانی تاڵیبان لەدوای كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان.

دەربارەی كاریگەری رێككەوتنەكە لەسەر عێراق باسی لەوەكرد، ستراتیجیەتی بایدن ئەوەیە هێزەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕات كەمبكاتەوە، بەڵام نەك بەوشێوەی كە لە ئەڤغانستان كشایەوە و ئەڤغانستان هیچ گرنگیەكی بۆ ئەمریكا نەمابو وتی: ئەمریكا لەناكاو لە عێراق ناكشێتەوە و ئێستا دوو گەڕی دانوستان بۆ پێداچونەوە بۆ ڕێككەوتنی ستراتیجی ئەمریكا و عێراق بەڕێوەچوە، بۆیە نایانەوێت لە عێراق بكشێنەوە و گۆڕەپانەكە بۆ ئێران و نەیارەكانی چۆڵبكەن.

سەرۆكی ئینستوێتی ئەمریكی كوردی  جەختیكردەوە، ئەمریكا تا ڕۆژی قیامەت لە عێراق نامێنێتەوە و دەبێت و عێراق و هەرێمیش ئەوە بزانن ڕۆژێك دێت لە عێراق دەكشێتەوە، بەڵام هاوكێشەو ململانێكان لەم ناوچەیە جیاوازە و بەم زوانە دەستبەرداری عێراق نابێت، لەبەرئەوەی عیراق سەرچاوەی گرنگی وەزەیە و بەربەستە لەبەردەم بەرفراوانبونی هەژمونی ئێران و وای كردوە نەگاتە سەر سنورەكانی هیلالی شیعی.

سەرنجی خستەسەر كشانەوەی كۆمپانیا ئەمریكیەكان لە عێراق و وتی: دیارە زەمینەی وەبەرهێنان ئەویە كە ئەمنیەت و ئاسایش هەبێت، عێراق ئەم سیفەتەی نیە، بەڵام هەرێمی كوردستان پێگەیەكی سەقامگیری گرنگی هەیە، بۆیە كشانەوەی كۆمپانیا ئەمریكیەكان لە ناوەڕاست و خواروی عێراق پەیوەندی بە هەبونی ژمارەیەكی زۆری حەشدی شەعبیە كە ئینتیمایان بۆ ئێران هەیە و ئەمەش ئەمنیەتی ناوچەكەی ناسەقامگیركردووە بۆیە كۆمپانیاكان دەكشێنەوە.

هۆشداریدا لەوەی، ئەگەر ئەمریكا هاوشێوەی ئەڤغانستان بەشێوەی كتوپڕ لە عێراق بكشێتەوە هەمان ئەو چارەنوسەی كە چاوەروانی ئەڤغانستان دەكات كە ئێستا تاڵیبان نزیكبوتەوە لە كابوڵ و چاوەڕوان دەكرێت كێشەی گەورە لە تالێبان ڕووبدات شەڕی ناوخۆ هەڵبگیرسێت، هەمان چارەنوس ڕوبەڕوی عێراقیش دەبێتەوە بە بونی كۆمەڵێك هێزی میلیشیای دەرچوە لە یاسا، كە لەدەرەوەی فەرماندەی هێزەچەكدارەكانن و ئەجێندانەی وڵاتە ئیقلیمیەكان جێبەجێدەكەن و چاوەرێی داهاتویەكی نادیاری لێدەكرێت، لەلایەك حكومەت ناتوانێت روبەڕوی هێزە چەكدارەكان ببنەوە و ژێرخانی ئابوریش ئەوەندە بەهێز نییە توانای بەرگری هەبێت.

لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە باسی لەوەكرد، بارودۆخی هەرێم جیاوازە و ئەگەر جارێك بۆ عێراق گرنگ بێت مانەوەی ئەمریكا ئەوا چوار جار بۆ هەرێم گرنگە لەبەرئەوەی ئەمریكا فاكتەری پاراستن و مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بوە، هەروەها لەبەرمەترسی وڵاتانی دراوسێ و زیندوبونەوەی داعش لە ناوچە دابڕێنراوەكان و مەترسی حەشدی شەعبی و مەترسی حكومەتی بەغدا كە ئەمەش مەترسیەكی جدیە و ئەگەری پشتگوی خستنی دەستور ئەگەرێكی كراوەیە.

لە كۆتایی دیدارەكەدا كاروخ خۆشناو سەرۆكی ئینستیتۆتی ئەمریكی - كوردی  پێویستی زانی، لە هەرێمی كوردستان چەند خاڵیك جێبەجێبكرێت لەوانە نوسیوەی دەستور و رێكخستنەوەی ماڵی كورد و و ریزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی وا بكەین سەنجی ئەمریكا ڕابكێشین كە لە ناوچەكە نەكشێتەوە ئەویش بە فەراهەمكردنی ئازادی وبەهێزكردنی  پێكەوەژیان و سەقامگیری هەرێم.