شاومی بووە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری مۆبایلی هۆشمەند لە جیهاندا

هەمەڕەنگ

21/07/2021‌ 880 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی رِاپۆرتێکی پێگەی "ئەنگادجێت"ی تایبەتمەند بە هەواڵە تەکنیکییەکان، لەنیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا کۆمپانیای شاومی چینی لەدوای کۆمپانیای سامسۆنگی کۆریای باشوور، بۆتە دووەم گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی مۆبایلە هۆشمەندەکان لە جیهاندا، بەشێوەیەک ئاستی فرۆشتنی بەڕێژەی لەسەدا ٨٣ بەرزبۆتەوە و لەسەدا ١٧ی هەموو بازاری مۆبایلە هۆشمەندەکانی لە جیهاندا داگیرکردووە.


بەوپێیە کۆمپانیا چینییەکە پێش کۆمپانیای ئەپڵی ئەمەریکی کەوتۆتەوە کە ڕێژەی لەسەدا ١٤ی بازاڕی مۆبایلە هۆشمەندەکانی جیهانی بۆخۆی داگیرکردووە.

چاودێران پێشبینی دەکەن ئەگەر بێت و کۆمپانیای شاومی بەو ئاستەی ئێستا بەردەوام بێت لەگەشەکردن، ئەوە وەک گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی مۆبایل پێش کۆمپانیای سامسۆنگ دەکەوێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەردوو کۆمپانیای ئۆپۆ و ڤیڤۆی چینی لەسەدا ١٠ی بازاڕی مۆبایلە هۆشمەندەکانی جیهانیان داگیرکردووە.

پێشتر و لە چارەگی سێیەمی ساڵی ٢٠٢٠ کۆمپانیای شاومی چینی توانیوبووی پێش کۆمپانیای ئەپڵی ئەمەریکی بکەوێتەوە و ببێتە سێیەم گەورە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی مۆبایلە هۆشمەندەکان، کە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بۆیەکەمجار توانی ئەو پێگە جیهانییە بگرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی