حکومەتی هەرێم 52 کۆمپانیای دەرمان سزاده‌دات

کوردستان

02/08/2021‌ 871 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسی چاودێریی بازاڕو بازگەگان لەکوالێتی کۆنترۆڵی دەرمانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی رابردودا کۆمەڵێک چاکسازیکراون بۆ ئەوەی نەخۆش باشترین دەرمان بەکاربهێنن، لەسەرەتای 2021یشه‌وه‌ دەستیان بەسزادان کردووەو تائێستا 52 کۆمپانیاو 28 کۆگای دەرمان سزادراون.


د.گۆڤەند ڕەوەند بەرپرسی چاودێریی بازاڕو بازگەكان لەکوالێتی کۆنترۆڵی دەرمانی هەرێم ئاشكرایكرد، "لەمانگی ئەیلولی 2020وە تاوەکو ئەیلولی 2021 نزیکەی 560جار بۆ پشکنینی دەرمان دەرچوین، لەسەرەتای ساڵی 2021وە دەستمان بەسزاکان کردووەو تائێستاش 52 کۆمپانیای دەرمان سزادراون.

ئه‌وه‌شى وت:"40 کۆمپانیایان سزای داخستن‌و پێبژاردنیان بۆکراوە، داخستنەکانیش لەپێنج ڕۆژەوە بۆ 15 رۆژن، 12 کۆمپانیا تەنها سزای پێبژاردنیان بۆکراوە کە لەدوو ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات، هه‌روه‌ها 28 کۆگاش سزادراون کە 18یان داخستن‌و پێبژاردنیان بۆکراوە، 10 کۆگاش تەنها پێبژاردنیان بۆ کراوە، 13 دەرمانخانە داخراون کە هەموویان داخراون‌و سزای مادیش دراون کە هەموویان لەسەر سکاڵای هاوڵاتییان بوە".

بەرپرسی چاودێریی بازاڕو بازگەكان لەکوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان ئه‌وه‌شى به‌ڕوداو وتوە، "یەکێک لەو بڕیارانە کەمکردنەوەی هاوردەی دەرمان بوو لەوڵاتانی جیهانەوە، 33 وڵاتی ئەوروپی‌و ئەمریکایی دیاریکران بۆ ئەوەی هاوردەی دەرمان لەباشترین وڵاتانی دەرمانسازەوە بهێنین‌و باشترین جۆری دەرمان دابین بکەین".