فەرماندەیەکی سوپای ئەمریکا مەترسییەکی گەورەی ئێران لەعێراق ئاشکرادەکات

جیهان

03/08/2021‌ 1923 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گەورە فەرماندەیەکی سەربازیی ئەمریکی هۆشداریی لەزیادبوونی مەترسییەکانی فڕۆکە دڕۆنەکانی ئێران لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق دەدات، جەخت لەوەشدەکاتەوە، بەرەنگاربونەوەی مەترسییەکانی ئەو جۆرە فڕۆکانە کاری لەپێشینەی ئەمریکا دەبێت لەعێراقدا.


جەنەراڵ کینیس ماکینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا کە پێگەی "عەرەب نیوز" بڵاویکردۆتەوە دەڵێت، "دۆزینەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان‌و تێکشکاندنیان کارێکی زۆر سەختە، هەربۆیە سوپای ئەمریکا هەوڵدەدات ڕێگای گونجاوتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی ئەو جۆرە فڕۆکانە بدۆزێتەوە".

ماکینزی لەبەشێکی بەیاننامەکەیدا دەڵێت:"لەئێستادا کار لەسەر ئەوەدەکەین لەڕوی تەکنیکییەوە بتوانین بەشێوەیەکی کاراتر ڕوبەڕوی فڕۆکە دڕۆنەکان ببینەوە، بۆئەوەش دەمانەوێت بتوانین پەیوەندی لەنێوان فڕۆکەکەو شوێنی کۆنترۆڵکردنی بپچڕێنین‌و سیستەمی ڕادارییەکانمان بەشێوەیەکی خێراتر بتوانن ئامانجەکان بدۆزنەوەو تێکی بشکێنن".

ئەو گەورە فەرماندەیەی سوپای ئەمریکا دانی بەوەداناوە کە هەرچەندە بەشێوەیەکی لێبڕاوانە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن، بەڵام دانی بەوەشداناوە کە  هێشتا لەپێگەیەکدا نین بڵێن دەتوانن لەمەترسییەکانی فڕۆکە دڕۆنەکانی ئێران پارێزراو دەبن.

ماکینزی کە ڕۆژانی پێنجشەممەو هەینی ڕابردوو بەشێوەیەکی نهێنیی سەردانی عێراقی کرد، ڕایگەیاندوە، ئێرانییەکان دەیانەوێت پەلامارەکانیان بەشێوەیەک بچوک بێت کە نەبێتە هۆی وروژاندنی ئەمریکاو واشنتۆن بیر لەوەڵامدانەوەی هێرشەکانیان نەکاتەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا ببنە هۆکارێک بۆئەوەی ئەمریکا بیر لەکشانەوە لەعێراق بکاتەوە.

و: ئاکۆ ئاڵی