تاوانى بەدەستەوەدانى شنگال و ئێزیدیەکان
کێ فەرمانی کشانەوەی هێزی پێشمەرگەی دا؟

کوردستان

03/08/2021‌ 2172 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژی سێی ئاب، لە مێژووی ئێزیدییەکاندا بە یەکێک لە ڕۆژە ڕەشەکانی ژیانیان ناودەبرێت، ڕۆژێک کە بۆ هەمیشە لە مێژوی نەتەوەی کورد و ئێزدیەکان بە تایبەت بە رۆژی مەرگەساتی گشتی ناو دەبرێت،  لەو ڕۆژەدا خۆیان لەبەردەم هێرشێکی چاوەڕواننەکراودا بینیەوە، کە وایکرد شیرازەی تەواوی ئێزیدییەکانی هەرێمی کوردستان تێکبچێت و هەر بەشەو لە جێگەیەکی نیشتماندا خۆی بینێتەوە.

جیهان بە کۆمەڵکوژیی ناویبرد و ئێزیدییەکانیش دەڵێن "فەرمان"ێکی تر بوو چونکە لە مێژوی خۆیاندا زیاد لە دەجار ڕوبەڕوی ئەو فەرمانە بونەتەوە، کە ئەوەش هەمان واتای کۆمەڵکوژیی دەدات،
لە رۆژی ٣ی ئابدا چی ڕویدا؟

قادر خورانی، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لە ڕۆژی هێرشی داعش بۆسەر شەنگال لە ناحیەی ڕەبیعه بووە، وردەکاریی ئەو ڕۆژە دەگێڕێتەوە و دەڵێت "سەر لەبەیانی ڕۆژی سێی ئاب هەواڵی کەوتنی چەند گوندێکی سنوری شەنگالمان پێگەیشت، بۆ کاتی نیوەڕۆ هێزەکانی سنووری شەنگال پاشەکشێیان کرد بەبێ شەڕ،  دوای نیوەڕۆ ناحیەی سنونێ و سنووری سنونێ بەبێ شەڕ چۆڵکران"

لەوکاتەی داعش هێرشیکردەسەر شەنگال لەگەڵ ئێزیدییەکاندا شیرازەی هێزی پێشمەرگەش تێکچوو، هێزەکان لە چاو تروکانێکدا پاشەکشەیان کرد، پاشەکشەیەک کە بوە مایەی کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە ناوچەکەدا..

نیوەڕۆی سێی ئاب هەزاران کەس بەرەو ڕەبیعە ڕۆیشتن، لەوکاتەدا مەترسی هەبوو داعش لە ڕێگای "عوێنات"ەوە بچێتە ڕەبیعە، بەوەش بەشێکی زۆر لە هێزی پێشمەرگە دەکەوتنە دەست داعش.
پاش نیوەڕۆی سێی ئاب داعش وەک ئەوەی پێشمەرگە لێیدەترسا لە ڕێگای عوێنات پێشڕەویان کرد و تەقە دەستی پێکرد، داعش هێرشی کردە سەر پێشمەرگەو ئەوانیش وەلامیان دایەوە ئیدی ئاگرێک هەڵگیرسا کە سوتوەکەی کوردانی ئێزدی بوون.

بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بە پاشەکشە کردو بەشێکیشیان لە پەیوەندی کردنیان بە سەرو خۆیانەوە ئەو وەڵامەیان دەستکەوت کە ئێوەش دەست بە پاشەکشە بکەن و فەرمانەکە لە سەرەوە هاتوە.

کۆمەڵکوژیی ئێزدیەکان چۆن ڕویدا؟

گوندی کۆجۆ 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی شنگالەوە دوورە، پێشتر لە 200 ماڵ پێکدەهات، 12 ڕۆژ دوای داگیرکردنی شەنگال، گوندی کۆجۆ کەوتە دەست چەکدارانی داعش، لەو گوندەدا هەزار و 750 کوردی ئێزدی دەستبەسەرکران و لەنێو قوتانخانەی گوندەکە کۆکرانەوە، دواتر ژن و پیاوەکان لە یەکدی جیاکرانەوە... ئیدی گەورەترین کۆمەڵکووژیی لە مێژووی ئێزیدییەکان بە بەرچاوی جیهانەوە ڕوویدا.

چەکدارانی داعش 480 پیاویان لە 14 گۆڕدا کۆمەڵکوژ کرد، بەڵام 19 کەس لەو کۆمەڵکوژییەدا رزگاربوون، دەوترێت ئەوە پەرجویەک بوە بۆ ئەوەی چیرۆکەکانی ئەو کۆمکەڵکوژییە لەسەر زاری ئەو ڕزگاربوانەوە بنوسرێتەوەو ئەو تاوانە پەردەپۆش نەکرێت.... 670 ژن و منداڵیش رفێندران، دوای ماوەیەکی زۆر بەشێکیان و هەر یەکەو بە رێگەیەک ڕزگارکران  . یەکێک لەوانە نادیە موراد، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکانە، کە خەڵکی هەمان گوندە ئەو گوندەیە کە تا ئستاش بۆنی خوێنی لێدێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکان بەتەنها لە گوندى کۆجۆ (400) بۆ (800) کەسیان لێ کوژراوە.

لە هێرشەکەی داعش بۆسەر شەنگال زیاتر لە هەزار و 200 ئێزدى کوژران، بە ژن و پیاو گەنج و پیر و مناڵەوە، هەروەها زیاتر لەچوار هەزار ژن و کچى ئێزیدى کەوتونەتە دەست داعش، کە چارەنوسی بەشێکیان هێشتا بە نادیاریی ماوەتەوە، داعش بازرگانی پێوەکردن، کرین و فرۆشتنیان پێوە کراو بۆ تێرکردنی حەزی چەکدارەکانیان بەکاریان هێنان، ئێستاش بەشێك لە ڕزگاربوەکانیان بەدەست ئازاری دەرونیانەوە دەنالێنن، بەشێکیان منداڵیان هەیە کە داعشێک باوکیەتی و نازانێت چۆن پەروەردەی بکات و چۆن تێی بگەیەنێت باوکی ئەم منداڵە یەکێک بوە لەو کەسانەی کە دژی مرۆڤایەتی جەنگاوە.

ئەوەی لە پرسی هێرشی داعش بۆسەر شەنگال جێگەی سەرنجە، کشانەوەی خێرا و لەناکاوی هێزی پێشمەرگە بوو، لەوکاتەدا فەرماندەکان دەیانگوت، لەسەروو خۆیانەوە بڕیاری کشانەوەیان بۆ هاتوە، بەڵام نە خەڵکی کوردستان و نە قوربانیە ئێزیدییەکان و نە ئەو پێشمەرگانەی لەو ناوچەیە بوون، تا ئێستا نازانن "سەروو خۆیان" کێ بوو... کێبوو بڕیاریدا بە کشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچەیە؟ کشانەوەیەک کە ئێزیدییەکانی خستە بەردەم چارەنوسێکی ڕەشەوە.

سەرۆکایەتی کۆمارو پەرلەمانی عێراق بە چری کاریان کردوە بۆ دەرچواندنی یاسای تایبەت بە ژنان و منداڵان و رزگاربوانی ئێزدی دەستی داعش، بەڵام هێشتا ئەوان بۆ سارێژبونی برینە جەستەیی و دەرونیەکانیان پێویستیان بە هاوکاری و دەستگیرۆیی زیاتر و بڕیاری یەکلا کەرەوە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن هیچ نەبێت بچنەوە سەر ژیانە ئاساییەکەی حەوت ساڵ لەمەو بەریان.

ئێزدیەکان بەشێکی زۆریان تا ئێستاش لە نێو کەمپەکاندان و لە ژیانێکی زۆر سەختدا رۆژەکانی تەمەنیان بەڕێدەکەن، ناو بەناو لە نێو کەمپەکانیش جارێکی تر ژیانیان ڕوبەڕوی سەختی و سوتاند و گەرماو سەرما دەبێتەوە و دۆزەخێکی تریان بۆ دەخولقێت و دەسەڵاتیش بێباکە لە ئاست باشکردنی ژیانیان.

دوای کەوتنی شەنگال، لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە پێکهێندرا، بەڵام تا ئێشتاو دوای تێپەڕێنی حەوت ساڵ بەسەر ڕوداوەکەدا هێشتا راستی ڕوداوەکان ئەگەر هەموشی نەبێت بەشێکی کەمیشی ڕون  نەبۆتەوە بۆ هاوڵاتیان و و خودی ئێزدیەکان و ڕایگشتی، تا بزانن ئەوەی ڕویدا جگە لە تاوانێکی گەورەی چەکدارانی داعش چی تر بوو؟.