په‌یامێك له‌سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشه‌وه‌‌

کوردستان

04/08/2021‌ 3265 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژكردنى خێزانێكى كورد له‌توركیا هاته‌ده‌نگ‌و ئۆباڵى ئه‌و تاوانه‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى حكومه‌ت، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "سیاسەتی جیاکاریی دەوڵەت، هۆکاری سەرەکیی ئەو پێشێلکاریی‌و کۆمەڵکوژیانەن كه‌ دەرحەق بەکورد لەتورکیا ئەنجامدەدرێن".


سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په‌) لەساڵی 2016وە لەزیندانەکانی تورکیادایە به‌تۆمه‌تى لایه‌نگرى بۆ پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌).

دەمیرتاش لەڕێگای چەند تویتێک کە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەرو لەڕێگای پارێزەرەکەیەوە بڵاویکردۆتەوە دەڵێت:"بەداخەوە هۆکاری ئەو کۆمەڵکوژیی‌و گرژیی‌و ململانێیانەی لەتورکیا ڕودەدەن کە تێیدا کۆمەڵێک باندی مافیایی قێزەون هاوڵاتیانی کورد بەئامانج دەگرن، لەئەنجامی ئەو سیاسەتی جیاکارییەی دەوڵەتە کە لەدژی کورد پەیڕەوی دەکات".

لەبەشێکی تویتەکەی دەمیرتاشدا هاتوە، "ئامۆژگاریی خاکەڕاییانەم بۆ هەردوو گەلی کوردو تورک ئەوەیە کە بوار بەزاڵبونی زمانی ڕقەبه‌رایەتی‌و سیاسەتی جیاکاریی نەدەن، هەلومەرج هەرچۆنێک بێت بەردەوام بەپێی عەقڵ‌و بەدان بەخۆداگرتنەوە ڕەفتاربکەن‌و پەنا بۆ توڕەیی نەبەن، بەڵکو لەناو ئەو ویژادانە هاوبەشه‌دابن کە بەیەکەوە دروستیدەکەین".

دەمیرتاش کە نزیکەی پێنج ساڵە لەزیندانی ئەدرنەدا زیندانیکراوە دەڵێت:"ئێمە کار لەسەر دروستکردنی ژینگەیەک دەکەین کە تێیدا یاساو دادپەروەریی سەرەوەربێت، لەبەرئەوە هەست بەنائومێدی‌و بێتوانایی مەکەن، ڕەنگە بابەتەکە کەمێک سەخت بێت، بەڵام بەدڵنیایی لەداهاتودا ئاشتیی‌و دیموکراتییەت‌و یەکسانیی‌و ئازادیی‌و دادپەروەریی دەستەبەردەکەین".

هه‌فته‌ى ڕابردوو خێزانێكى کورد له‌ویلایەتی قۆنییە له‌توركیا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك توركى نه‌ژادپه‌رسته‌وه‌ كۆمه‌ڵكوژكران.

و: ئاکۆ ئاڵی