بانگەشەی هەڵبژاردن لە نێوان ئێستا و ڕابردوودا
حزبەکان بۆچی بانگەشەیەکی هێمن بەڕێوەدەبەن؟

کوردستان

16/09/2021‌ 2837 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرجەم لیست و کاندیداکان جیاواز لە هەموو جار بانگەشەیەکی جیاواز بەرێدەکەن، بانگەشەیەک کەتا ئێستا نە بەریەککەوتن و نە شەڕە پەرۆ و نە شەقام گرتنی تێدا نەبووە.

هاوڵاتیان پێیان وایە حزبەکان لەرویان نایەت بانگەشەیەکی وەک ساڵان بکەن و حزبەکانیش دەلێن نیازیان وایە بانگەشەیەکی جیاواز بەرێبەکەن و نەبنە سەرئێشە بۆ هاوڵاتیان.

بێدەنگی بەرامبەر بێ دەنگی، لە مامەڵەکردنی سیاسیدا، رێککەوتنێکی نەنوسراو هەیە، گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت، کۆبوونەوەشی بۆ ناکرێت، بەڵکو بە هەندێک ئاماژە و لێدوان و جوڵەی سیاسی لایەنەکان لێک تێدەگەن و ئەو رێککەوتنە ئەنجام دەدەن.

وەک دەبینرێت بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی گۆران و پارتی، ئەم رێککەوتنەی تێدا ئەنجامدراوە، کورد دەڵێت، شاخیان لێک ناخشێنن، دوورەپەرێزن لەیەکتری، ئەگەر لێرەو لەوێ باسێکی یەکتریش بکەن هێندە بە توندی باسی یەکتر ناکەن کە بەرامبەر ناچار بە کاردانەوە وەڵامی راستەوخۆ بکات.

قوباد تاڵەبانی کە سەرۆکی هاوپەیمانیی یەکێتی و گۆڕانە خۆی وتەنی بە شێوەیەکی جێنتڵمانانە بانگەشەی دەستپێکردوەو کوچەو کۆڵان و شارەکان بەسەر دەکاتەوەو هاوشانی کاندیداکانی بانگەشەیەکی مۆدێرنی دەست پێکردوە.

ئەو لە بانگەشەکانیدا هەوڵی ئەوە دەدات سەرنجی ئامادەبوان خاتە سەر سادەیی و خاکی بونی خۆی و پێیان بڵێت من بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ئێوە ریگەی بەغدادم کردبوە رێگەی هەمیشەیی خۆم و ماندوو نەبووم لەو پێناوە.

ڕەنگە ئەگەر یەکێتی و گۆڕان پێکەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان نەبونایە ئێستا دۆخەکە جۆرێکی تر بوایە لە زۆنی سەوز و نیلی، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت تەواو پێچەوانەی بانگەشەکانی ساڵانی ڕاردوی زۆنەکەیە، چونکە ساڵانی تر بەریەککەوتن و شەرە پرۆ و تا بگاتە شەری دەستەو یەخەو تەقەکردن و کوشتنی لایەنگرانی یەکتریشی لەدەکەوتەوە.

رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان،نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی،ڕایگەیاند دەبێت خۆتان دووربگرن لە هێرشکردن و شکاندنی کەسایەتی ئەوانی تر، بەتایبەت ئافرەتەکان.

بارزانی بەڕوونی وتی هیرشی میدیایی مەکەنە سەر یەکتر و دەستبەرداری ئەو جۆرە بانگەشەیە ببن کە لە سی ساڵی رابردودا بەکار هاتوە.

بارزانی ڕەنگە مەبەستی بوبێت جیاواز لە پێگە حزبیەکەی پەیامێکی راستەوخۆ بدات بە گوێی سەرجەم هێزەکاندا و بە گوزارشتێکی بەرپرسانە و وەک سەرۆکی هەرێم پێیان بڵێت پێویستە ئەمجارە جیاواز لە جارانی تر بانگەشە بکەن و نەرم بن لەگەڵ یەکتر چونکە دۆخەکە ئەوە دەخوازێت و هاوڵاتیان تا سەر ئێسقان لێتان ماندوون.

هێزەکانی تر ئەگەر چی توانای شەڕە پەرۆ و شەقامگرتن و شەری میدیایی بەهێزیان نییە وەک سێ هێزە سەرەکیەکە، بەڵام ئەوانیش بە هەمانشێوە بانگەشەیەکی جیاواز و تا ڕادەیەک شارستانی بەڕێدەکەن و ئەوەی جاران کادر و بەرپرسان و لایەنگرانیان بەرمابەر هێزەکانی تر دەیانکرد، تا ئێستا دەستیان بۆ نەبردوە.

بەشێکی زۆری هاولاتیان پێیان وایە هێزە سیاسیەکانی هەرێم کەوتونەتە واقیعێکەوە کە ناتوانن لەوەی ئێشتا زیاتر بانگەشە بکەن و ئەوە چەند ساڵە دەڕوێنن ئێستا بەرهەمەکەی دەخۆن.

هاوڵاتیان پێیان وایە حزبە سیاسیەکان دەزانن هێندە خوێنیان شیرین نییە کە هاولاتیان گوێ بۆ بانگەشەکانیان بگرن چ جا بگاتە شەرکردن و پێشوازیی گەرموو گور لە گوتار و کارنامەکەیان.

کوردستان بەدەست قەیرانی سیاسی و ئیداری و سەربازی و دارایی قوڵەوە دەناڵێنێت، ئەنجامدانی هەڵژاردن لەم کاتەدا یەکێکە لە سەختترین هەنگاوەکان و هێزە سیاسیەکانی خستۆتە بەردەم بەرپرسیارێتیەک کە دەبێت کار بۆ هەلبژاردنەکای خۆیان بکەن و نەشبنە هۆی سەرئێشەو بێزارکردنی هاوڵاتیان.

ئێستا بانگەشەیەکی جیاواز و ئارام بەرێوە دەچێت و بڕیاری هەموان وایە کە بەردەوام بن لەسەر هەمان ڕیتمی بانگەشەکەیان، بەڵام ئاخۆ دەتوانن لەسەر هەمان فۆرمی بانگەشە بەردەوام بن تا کاتی هەڵبژاردن یان لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردن خوێنی جەستەیان دەجوڵێت و ئیدی دەبنەوە هێزەکانی جاران و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردو بانگەشەکەیان دەبێتەوە بەشێکی سەرەکی بێزارکردنی هاوڵاتیان.

ڕەنگە ڕۆژانی داهاتوو وەلامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە ئەخۆ کام هێزی سیاسی دەتوانێت لەگەڵ دروشم و گوتارەکانیدا ڕاستگۆ بێت و ڕێگە نەدات توندو تیژی خۆی بخزێنێتە نێو بانگەشەکەیەوە.