سیستمی سەرمایەداریی لەسەدەی 21دا چۆن کاردەکات؟

مەلەفی تایبەت

22/09/2021‌ 661 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سیستمی سەرمایەداریی کە ئێستا لەتەواوی جیهاندا بەرقەرارە، مایەی شرۆڤەکردن و لێکۆڵینەوەی هەمەجۆر بووە، من پێشتر کتێبە بەناوبانگەکەی ‹کەپیتاڵ، سەرمایە» ی کارل مارکسم خوێندبۆوە، کە تێیدا شرۆڤەیەکی جوان و گرنگی ئەم سیستمەی کردووە، پاشتریش  تێڕوانینی کۆمەڵێک فەیلەسوف و بیرمەندی تری چەپم خوێندەوە لەپێش هەمووشیانەوە لینین، ترۆتسکی، ،بلیخانۆف،کاوتسکیی، گرامشی و کۆمەڵێک بیرمەندی تری چەپ. لە کۆتاییشدا بۆچوونی ئەوانەشم خوێندەوە کە داکۆکی لە سەرمایەدارییی دەکەن لەپێش هەمووشیانەوە  فەیلەسوفی ئەمریکی فرانسیس فۆکۆیاما.

لەماوەی پێشوودا کتێبی « سەرمایە لە سەدەی بیست و یەک» خوێندەوە کە لە نووسینی بیرمەند و ئابووریناسی فەرەنسی «تۆماس پیکیتی» یە و کاک بیلال ئیسماعیل  حەمە لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی. من پێشتر لە رۆژنامەی یونگە ڤێڵتی ئەڵمانیدا نووسینێکم لەبارەی ئەم کتێبەوە خوێندبۆوە، تاڕادەیەکی باش کتێبەکەی ناساندبوو، هەربۆیە دەمویست بە ئەڵمانی دەستم بکەوێت، دواتر ئەم کتێبە لەلایەن دەزگای جەمال عیرفانەوە کرا بە کوردی، زۆرم پێخۆشبوو، بەتایبەتی کاتێک سەیری وەرگێڕەکەم کرد، کە کاک بیلال کردوویەتی بەکوردی، کە یەکێکە لە وەرگێڕە باشەکان.

بەپێی زۆرێک لە  ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەش بێت، ئەم کتێبە بەیەکێک لە کتێبە باشەکانی هەزارەی دووەم دادەنرێت، کە لەبارەی سیستمی سەرمایەداریییەوە نووسراوە. رۆژنامەی ئیکۆنۆمیستی بەریتانی، تۆماس پیکیتی بە مارکسی سەدەی 21 وەسفکرد.

ئەم کتێبە  شرۆڤەیەکی تەواوی پێچەوانەی ئەوانەی پێشووە کە من خوێندوومەتەوە، نووسەر نەخۆی خستۆتە سەنگەری بەرگری لە سەرمایەدارییی، نە لەسەنگەری دوژمندایە، بەڵکە وەکو ئەکادیمییەک هەوڵیداوە، باسی لایەنی باش و خراپی ئەم سیستمە بکات، کە ماوەیەکی زۆرە لە جیهاندا بەرقەرارە.  

لێرەدا هەوڵدەدەم  ناساندنێکی کورت لەبارەی ئەم کتێبەوە بکەم و کەمێک زانیاریی لەبارەی ئەم کتێبەوە بە خوێنەری هێژا بدەم.

ناوەڕۆکی کتێبەکە
ئەم کتێبە  باسی مێژووی سەرهەڵدان و چۆنێتی دروستبوونی سیستمی سەرمایەداریی دەکات لە جیهاندا، بەتایبەتی لە سەدەی هەژدە و نۆزدە و بیستدا، ئەمەش بەپشت بەستن بە کۆمەڵێک ئاماری گرنگ بەتایبەتی ئامارە حکومییەکانی فەرەنسا و بەریتانیا، کە دوو دەوڵەتن  کۆنترین ئاماریی حکومیان هەیە، نووسەریش زۆر سوودی لەم ئامارانە وەرگرتووە. پاشان بەشێوەیەکی زانستییانە باسی بنەماکانی ئەم سیستمە دەکات. هەروەها باسی سەرمایەدارییی و جۆرەکانی، تایبەتمەندی سەرمایەداریی فەرەنسی و ئەڵمانیی و ئەمریکی دەکات، پاشان باسی گرنگی باج، سیستمی دارایی، هەڵئاواسان، کرێی کرێکاران. هەروەها نایەکسانی، هۆکارەکانی و چۆنێتی زاڵبوون بەسەر ئەم کێشەیەدا دەردەخات. دواتر  باسی تیۆرییە ئابوورییە گەورەکانی جیهان دەکات بەتایبەتی» ماڵتۆس، دیکینز، مارکس، میلتۆن» زۆری تریش. دواجار نووسەر باس  لە چۆنێتی و پێکهاتە گرنگەکانی سەرمایەدارییی لەمڕۆدا دەکات بۆ نموونە گرنگی سەرمایەی خانووبەرە، پشکەکان بۆرسەکان.

لەکۆتاییدا باسی تێڕوانینی خۆی دەکات بۆ کێشەکانی سەرمایەدارییی لەمڕۆدا بەتایبەتی کێشەی کەشوهەوا، کۆچ، نایەکسانی لەناو دەوڵەتاندا، رۆڵی خراپی سندوقە سیادییەکانی کە بە « کۆڵۆنیالیزمی نوێ « وەسفیان دەکات. پیکیتی پێشنیازی باجێکی جیهانی دەکات بەسەر سەرمایەداریی، ئەو  پێی وایە لە رێگەی ئەم باجە جیهانییەوە دەتوانین کۆتایی بەنایەکسانی جیهانی بهێنین.

سەرمایەو سامان
سەرمایە و سامان دەبنە دوو تەوەری سەرەکی ئەم کتێبە، هەر لەسەرەتای کتێبەکەوە تاکۆتایی، ئەم دوو بابەتە دەبنە تارماییەکی گەورە بۆ ئەم کتێبە. نووسەر پێی وایە دوو جۆر سەرمایە هەیە، یەکەم : مرۆیی، دووەم: ماتریاڵی. لەرووی مرۆییەوە پێی وایە سەرمایەی مرۆیی بریتییە لە هێزی کارکردن، لێهاتوویی، راهێنان و تواناکان. سەرمایەی نامرۆیی یان ماتریاڵی  هەموو شتێک دەگرێتەوە کە خاوەندرێتی پێوەبکرێت و لە بازاڕدا سەودای پێوە بکرێت لەوانە: « کۆمپانیاکان، ئامێر کەرەستەکان، سەرمایەی دارایی.ل66

لەڕووی جیاوازیی نێوان سەرمایە و سامانیشەوە نووسەر پێیوایە کە سەرمایە شێوازی کەڵەکەبوونی سەرمایە دەگەیەنێت لەلایەن مرۆڤەوە، وەکو « باڵەخانەکان، بیناکان، ئامێرەکان، کەلوپەل و ژێرخانی ئابووریی». لەبەرامبەردا  زەویی و درامەتەکانیش ئەوانەی کە بە مرۆڤ بەخشراون و هیچ  کات مرۆڤ هیچی نەکردووە لە کەڵەکبوونیدا، دەتوانین بە سامانی دابنێین. دەشڵێت: زەوی رەگەزێکی پێکهێنەری سامانە، بەڵام سەرمایە نییە. ل67

ئەرک و کاری سەرمایە
نووسەر پێی وایە سەرمایە لەهەموو شارستانییەتەکاندا دوو کاری گەورەی ئابووریی دەکات:

یەکەم: سەرمایە شوێنی نیشتەجێبوون دابین دەکات. بەشێوەیەکی وردتر سەرمایە  خزمەتگوزاری بە شوێنی نیشتەجێبوون بەرهەم دەهێنێت، بەهاکەشی بە بەهای کریێ یەکە نیشتەجێبووەکان دەپێورێت.

دووەم: کاری بەرهەمهێنانی شمـەک و خزمەتگوزاریەکانی دیکەیە.  ئەمەش بریتییە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان  کە پێویستی بە زەوی کشتوکاڵی، ئامڕاز،  بینا، نووسینگە، ژێرخانی ئابووریی، مافی داهێنان. لەڕووی مێژووییەوە  یەکەمین  شێوەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایە هەر یەکە لە ئامێرو ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و ئامادەسازی کشتوکاڵی لە خۆدەگرێت « پەرژینکردن،ئاودێریی» هەروەها لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەتایی « ئەشكەوتەکان، چادرەکان» پێش ئەوەی بگۆڕێن بۆ شێوەی زۆر ئاڵۆزتر  لەسەردەمی مۆدێرندا».ل 282

سەرمایەداریی لەئەوروپاو ئەمریکا
نووسەر لەم کتێبەیدا پانتایی باشی بۆ مێژووی گەشەسەندن و پێشكەوتنی سەرمایەدارییی لە ئەوروپا و ئەمریکا داناوە بەتایبەتی لە بەریتانیا و فەرەنسا، هەروەها جیاوازیی نێوانیانی دەرخستووە. خاڵی سەرەکی  ئەوەیە کە سیستمی سەرمایەداریی لە ئەوروپادا زیاتر پشتی بەستووە بەو سامانە زۆرەی کە لە کۆڵۆنیاکانی دەستیکەوتووە، لەکاتێکدا ئەمریکا  زیاتر پشتی بە بوونی زەویوزارێکی فراوان بەستووە، جگە لە دەوڵەمەندی وڵاتەکە، هەروەها بوونی  سیستمی کۆیلایەتی کە سوودی زۆری بە سەرمایەدارییی ئەمریکی گەیاندووە. لەم کتێبەدا نووسەر زۆر بەوردی باسی سیستمی کۆیلایەتی و کاریگەرییە ئابوورییەکانی بەسەر ئەمریکاوە دەکات، ئەمەش هەمووی بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک ئاماری گرنگ بۆ نموونە لە سەدەی هەژدەدا کاری کۆیلەکان لە %60 داهاتی نەتەوەیییان پێکدەهێنا. لە ساڵی 1860 دا نرخی کۆیلەیەکی نێر  2 هەزار دۆلار بووە، لەکاتێکدا کرێی کرێکارانی کێڵگەکان 200 دۆلار بووە لە مانگێکدا. 216ل

دواتر نووسەر دەڵێت: لە راستیدا ئەمریکا جێگیرییەکی زیاتریی لە رێژەی سەرمایە / داهات بەخۆوەبینیوە تاوەکو ئەوروپا لەسەدەی بیستەمدا، ئەمەش ئەو دەخاتە روو کە بۆچی ئەمریکییەکان تێڕوانینیان سەبارەت بە سەرمایەدارییی باشتر بووە لە ئەوروپییەکان. ل205

سەرمایەداریی خۆی نوێدەکاتەوە
خاڵێکی سەرنجراكێش و  گرنگ بەلای منەوە، کە تۆماس پیکیتی زۆر باش کاری لەسەرکردووەو شرۆڤەی کردووە، مەسەلەی شرۆڤەکردنی سەرمایەداریییە، نووسە پێیوایە کە « سەرمایەداریی بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، سەرمایە سەرەتا  بەشێوەیەکی سەرەکی  زەویوزار بوو، بەڵام  ئەمڕۆ شوێنی نیشتەجێبوون و هەبووە پیشەشازیی و داراییەکان و سەرمایەی مرۆیی جێگەی گرتۆتەوە.  لەسەدەی  18 دا  کشتوکاڵ هەموو چالاکییەکانی ئابووری بەرهەم دەهێنا. هەربۆیە  سەرمایە لە سەردەمی ئێستادا  بە بەروارد بە سەرمایە لە سەدەی 18 دا لە هەندێک شتی کەمدا لە یەک دەچن ل156، 157

سەرمایەداریی لەمڕۆدا
پاشان نووسەر قسە لەبارەی شێوازی سەرمایەداریی لەئەمڕۆدا دەکات  و جیاوازییەکەی دەردەخات، ئەو پیێوایە کە جیاوازییەکی زۆر گەورەشیان نییە. لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەوەی تێبینی دەکەین سەرمایە لەمڕۆدا زۆر جیاواز نییە لە رابردوو، تەنها شێوازەکەی گۆڕاوە، لە رابردوودا سەرمایە لەسەر شێوازی زەویزار بووە، بەڵام ئێستا بووە بە پیشەشازیی، دارایی، خانووبەرە،  هێشتا نیوەی دانیشتوانی زەوی خاوەنی هیچ شتێک نین، بەڵام ئێستا چینی ناوەڕاست  خاوەن موڵک هەن،   کە خاوەنی 1/3 سامانی جیهانن، چینی%10 ی دەوڵەمەند خاوەنی  2/3 سامانی جیهانن ، پێشتر خاوەنی%90 ی سامانی جیهان بوون. ل497

خاڵی وەرچەرخانی گەورە لە سیستمی سەرمایەداریی ئەمڕۆ، بەلای نووسەرەوە، هاتنە ناوەوەی چینی ناوەڕاستە، کە وایکردووە کە بەشێک لە سامانی جیهان بۆخۆی بەرێت، هەروەها سەرمایەداریی لەرووی چالاکی ئابوورییشەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوەو، بەتایبەتی پێشخستن کەرتی پیشەشازیی و های تێک.

نووسەر هەوڵیداوە شرۆڤەیەکی ئەکادییمیانە بۆ سیستمی سەرمایەداریی لەمڕۆدا بکات، ئەو پێیوانییە ئەم سیستەمە هەموو کێشەکانی جیهان چارەسەر بکات و مژدەی بەهەشتێکی گەورە بە مرۆڤایەتی نادات هەروەک هەندێک فەیلەسوفی لیبڕاڵ دەیکەن، لەهەمانکاتیشدا زۆر تاریکبین نییە بەم سیستمە و چاوەڕیی نەمانی و لەناوچوونی ناکات، وەکو مارکسییەکان دەیکەن.

نووسەر دەڵێت: لەمڕۆدا لە دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەکدا، کە دەبوو نایەکسانییەکانی سامان کۆتایی بهاتایە، بەڵام جارێکی تر نزیک بووەتەوە لە ئاستە بەرزە مێژووییەکانی و بگرە تەنانەت نزیکە ئەو ئاستە مێژوویانەش تێدەپەڕێنێت، ئابووری نوێی جیهان دوو هیوای گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. بنەبڕکردنی هەژاریی و یەکسانی لە نایەکسانییە گەورەکاندا،  سامانی هەندێک کەس هێندەی سامانی هەموو دەوڵەتان دەبێت»

پاشان پرسیار دەکات: ئایا دەکرێت وێنای ئەوە بکەین لە سەدەی بیست و یەکدا، سەرمایەداریی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بەردەوامانە سەردەکەوێت، یان بە سانایی چاوەڕێی قەیرانەکانی داهاتوو یان جەنگی داهاتوو بین ( لە راستیدا ئەمجارەیان جیهانییە؟»ل620

کەمکردنەوەی رۆڵی کرێکارو جوتیار
خاڵێکی تر کە نووسەر باسی لێوە دەکات، گۆڕینی بنەمای سیستمی ئابوورییە لە جیهاندا و کەمکردنەوەی رۆڵی  هەردوو چینی کرێکار و جوتیاران.  ئەمەش بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک ئاماری جیاواز لە هەردوو وڵاتی  فەرەنسا و ئەمریکا، کە هەردووکیان دوو وڵاتی  کۆنی سەرمایەدارییین و سەرەتا لێرەوە سەرمایەدارییی و چینی کرێکار و سەرمایەدار دروستبوو.  لە فەرەنسا لە ساڵی 1800دا رێژەی%64 ی خەڵكی جووتیار بوون، %22 یان کرێکار پیشەشازی بوون، لە%14 یان لە کەرتی خزمەتگوزارییدا کاریان کردووە. لە ئەمریکا %68 جووتیار بوون، لە %18 کرێکاری پیشەشازیی بوون%13 یان لە کەرتی خزمەتگوزارییدا کاریان کردووە. پاش سەد ساڵ لە فەرەنسا جوتیار  رێژەکەی کەبۆتەوە بۆ %43 گەرچی چینی کرێکاران بۆ %29. لەبەرامبەردا کەرتی خزمەتگوزاری رێژەکەی بەرزبۆتەوە  بۆ%28 .

بەڵام ئەم رێژانە   بۆ ساڵی 2012 بەتەواوەتی گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، هەردوو  چینی کرێکار و جووتیار، رێژەی بەشداربوونیان لە پێكهاتەی ئابووریدا  زۆر دابەزیوە،بەتایبەتی چینی جووتیار.  لەبەرامبەردا کەرتی خزمەتگوزاری رێژەکە بەرزبۆتەوە.  لەم ساڵەدا چینی جووتیار تەنها %3 پێکدەهێنن، گەرچی  کرێکاری پیشەشازی%21  بووە، بەڵام ئەوانەی لە کەرتی خزمەتگوزارییدا کار دەکەن رێژەکەیان بۆ%76 بەرزبۆتەوە.   هەرئەمەش وایکردووە کە رۆڵی سیاسیشیان کەمبێتەوە لەناو کۆمەڵگەدا.

بەرهەمی جیهانی
خاڵێکی گرنگی تر کە نووسەر هەمیشە جەختی لێدەکاتەوە، مەسەلەی بەرهەمی جیهانە، نووسەر بەپشت  بەستن بە کۆمەڵێک ئامار، ئەو گۆڕانکارییە گەورانەمان پێ پیشان دەدات کەبەسەر وڵاتان و ناوچەکانی بەرهەمهێنانی لە جیهاندا هاتووە. بۆ نموونە لە نێوان ساڵانی نێوان 1900 بۆ 1980  بە رێژەی 70% و%80ی بەرهەمی جیهان لە کیشوەری ئەوروپا و ئەمریکا بەرهەم هاتووە.  تەنها ئەمریکا  رێژەی %40  بەرهەمی  جیهانی بەرهەم هێناوە.  بەڵام پاشان بەتایبەتی لەم سی چل ساڵەی دواییدا، گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەر پشکی دەوڵەتان و کیشوەرەکانی تردا هاتووە. بۆ نموونە بۆ ساڵی 2010  ئەوروپا و ئەمریکا تەنها رێژەی%50 بەرهەمی جیهانیان بەرهەم دەهێنن. ئەگەری هەیە   کە ئەم رێژەیە ساڵ لە دوای ساڵ کەمتر بێتەوە بۆ 20-30% ی  بەرهەمی جیهان. لەبەرامبەردا رێژەی هیندوستان  و چین زۆرتر دەبێت.

نایەکسانی
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی  ئەم کتیبە تەرخانکردنی پانتاییی زۆرە بۆ بابەتی « نایەکسانییە لە جیهاندا» نووسەر لەم کتێبەیدا بەشێوەیەکی زانستیی و ئەکادیمیانە هەوڵیداوە لە بارەی ئەم بابەتەوە بدوێت ئەوەش بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک ئاماری جیهانی گرنگ، هەروەها  هەوڵیداوە لە رووی جوگرافیا و مێژووەوە جیاواز بێت، نووسەر هاتووە ئاماری 26 دەوڵەتی جیهانی وەرگرتووە، هەروەها ئاماری دوو سەدە زیاتری بەکارهێناوە بەتایبەتی هی فەرەنسا و بەریتانیا.

نووسەر پێیوایە دوو جۆرە نایەکسانی هەیە: نایەکسانی لە داهاتی کار، نایەکسانی لە خاوەندارێتی سەرمایە و ئەو داهاتەی لێوەی وەدەستدێت و کارلێکی  نێوان ئەو دوو چەمکە. ل 313

 لە ناوچەکانی بیابانی ئەفریقا، هیندستان، داهاتی مانگانە 150 بۆ 250 یۆرۆیە، بەڵام ناوچەکانی ئەوروپای خۆرئاوا، ئەفریقای باشوور، ئەمریکا،  لە نێوان 2500 بۆ 3000 یۆرۆیە لە مانگێکدا، بەمێشێوەیە داهاتی تاک لەم ناوچانە 10 بۆ 20 جار زیاترە لە وڵاتە  هەژارەکان.   بەڵام لە چین داهاتی تاک 600 بۆ 800 یۆرۆیە ل 90

نایەکسانیی و شۆڕش
 خاڵێکی تر کە نووسەر باس لێوە دەکات کە ئەویش پەیوەندی نایەکسانییە بە شۆڕشەوە، نووسەر باس لەوە دەکات چەندە نایەکسانی زۆرتر بێت ئەگەری شۆڕشیش زۆرترە.

نووسەر دەڵێت: ئەگەر چینی لەسەدا 10 سەرەوە دەستبگرن بەسەر 90% ی بەرهەمی هەموو ساڵێکدا، لەو رێژەیە چینی یەک لەسەدی سەرەوە 50 لە سەدیان هەبێت هەروەک لە حاڵەتی ساماندا، ئەگەری سەرهەڵدانی شۆڕش زۆرە. ل345

لەمەشدا شۆڕشی فەرەنسی بە نموونە دەهێنێتەوە، لەوکاتەدا بەشێکی زۆری داهاتی فەرەنسا لای نوخبەیەکی ئەرستۆکراتی کەم بووە لەکاتێکدا زۆربەی خەڵكی لە هەژارییدا دەژیان.

ئایا سەرمایەدارییی و وەبەرهێنانی بیانی دەبنە هۆی کەمکردنەوەی هەژاریی؟
نووسەر دژی ئەوەیە کە سیستمی سەرمایەداریی  بتوانێت  گۆڕانکاریی ریشەیی لە نەهێشتنی هەژاریی لە دەوڵەتە هەژارەکاندا بکات. لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەگەر تەماشای  تۆمارە مێژووییەکان بکەین، بزواتەکانی سەرمایە وا دەرناکەویت کە میکانیزمی سەرەکی بێت لە لێکنزیکردنەوەی نەتەوە هەژار و دەوڵەمەندەکان. هیچ یەکێک لەو دەوڵەتە ئاسیاییانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا بە ئاڕاستەی  نزیک بوونە لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی خۆرئاوا هەنگاویان ناوە، سوودیان نەبینیوە لە وەبەرهێنە مەزنە بیانییەکان، جا کۆریای باشوور یان تایوان یان چین، لەراستیدا هەموو ئەو دەوڵەتانە خۆیان بە شێوەی سەرمایەی فیزیکی و تەنانەت سەرمایەی مرۆییش، تەمویلی وەربەرهێنانە پێویستییەکانیان کردبوو، کە تازەترین توێژینەوەکان بە کلیلی گەشەی درێژخانەی دادەنێن. ل 98

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر دژی داخرانە بەرامبەر بە بازاڕی جیهان و  لەگەڵ کرانەوەیە. لەمبارەیەوە دەڵێت: بەشدارییکردن لە ئابووریی جیهاندا لەخودی خۆیدا نێگەتیف نییە، سەروەری بەهیچ شێوەیەک نابێتە هۆی کرانەوە و گەشەکردن. دەوڵەتانی ئاسیا ئەوانەی کە لەم دواییانەدا هەوڵیاندا بە دەوڵەتانی دیکە بگەنەوە، بەشێوەیەکی ئاشکرا  سوودیان لە کرانەوە وەرگرتووە بەرووی جیهانی دەرەوەدا. لە راستیدا ئەو دەوڵەتانە زیاتر سودیان بینیوە لە بازاڕی کراوەی شمەک و خزمەتگوزارییەکان و مەرجەکانی پەسەندکردنی ئەو بازرگانییەی کە زیاتر لێشاوی ئازادیی سەرمایەی تێدایە، بۆ نموونە چین.ل99   

لەبارەی چارەسەریی نایەکسانیی لە جیهاندا پیکیتی دوو رێگەی داناوە: یەکەمیان : بوونی باج. دووەم : بوونی سیستمێکی خوێندنی باش.  نووسەر دەڵێت: باشترین رێگە بۆ زیادکردنی کرێکان و کەمکردنەوەی نایەکسانییەکان لە کرێدا، لەماوەیەکی درێژدا بریتییە لە وەبەرهێنان لە پەروەردە و شارەزاییەکان. ل 411

نایەکسانی لەئەمریکا
نووسەر لەبارەی رێژەی نایەکسانی لە وڵاتانی جیهاندا بەتایبەتی وڵاتانی خۆرئاوا و لەپێش هەمووشیانەوە باسی ئەمریکا  دەکات. لەمبارەیەوە ئاماری زۆر گرنگی پێشكەش کردووە و  ئەو گۆڕانکارییە گەورانە دەخاتەڕوو کە لە ماوەی 100ساڵی پێشوودا بەسەر کۆمەڵگەی ئەمریکاییدا هاتووە. لەو بارەیەشەوە دەڵێت: «لە ساڵی 1910 چینی لە ٪10  خاوەنی نزیکەی ٪80 ی داهات و  سامانی نەتەوەیی بوون.  هەروەها چینی 1%ى هەرە دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا خاوەنی ٪45ی سامانی ئەمریکا بوون».

بەڵام لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە گۆڕانکاریی بەسەر ئەم رێژەیەدا   دێت. نووسەر دەڵێت: ٪10ی چینی سەرەوەی ئەمریکا لە سەرەوەی هەرەمی داهاتدا بوون لە نێوان ساڵانی 1950 و 1980 دا، تەنها 30 بۆ 35 ٪ داهاتی نەتەوەیییان بەردەکەوت، بەڵام لە پاش ساڵی 1980 نایەکسانی لە داهات لە ئەمریکادا تەقییەوە، ٪10ی ئەو چینە بەشیان لە داهاتی نەتەوەیی بۆ 45 بۆ ٪50 بەرزبۆتەوە.

ساڵی 2010 و 2012 بەشیان لە داهاتی نەتەوەیی گەیشتۆتە ٪72 ، پێدەچێت بۆ ساڵی 2030 ئەم رێژەیە بگاتە ٪60 داهاتی نەتەوەیی» ل 386. ئەمەش بەلای نووسەرەوە مەترسییەکی گەوەرەیە  بۆ ئەو وڵاتە.

ژمارەی ملیاردێرەکانی جیهان   
نووسەر بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک ئاماری جیهانی، باس لە بەرزبوونەوەی ژمارەی ملیاردێرەکانی جیهان دەکات. لەهەمانکاتیشدا باس لە رێژەی سامانیان دەکات و دەڵێت: «لەساڵی 1987 تەنها 140 ملیاردێر لە جیهاندا هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2013 دا  1400 ملیاردێر واتە 10 ئەوەندە زیادییکردووە.

سالی 1987 بۆ 100 ملیۆن کەس تەنها 5 ملیاردێر هەبووە، بەڵام ساڵی 2013 گەیشتۆتە 30 ملیاردێر. ساڵی 1987 ملیاردێرەکانی جیهان خاوەنی ٪0.4 سامانی تایبەتی جیهان بوون، بەڵام ساڵی 2013 خاوەنی ٪1.5 ی سامانی تایبەتی جیهانن».  ل 572

داهاتی دەوڵەتە هەژار و دەوڵەمەندەکانی جیهان
بابەتێکی گرنگی تر مەسەلەی دەستکەوتی دەوڵەتان و جیاوازیی نێوان داهاتی دەوڵەتە هەژار و دەوڵەمەندەکانە. لە هەمانکاتیشدا نووسەر هەوڵیداوە هۆکاری ئەم جیاوازییە دەربخات کە زیاتر پەیوەندیی بە سیستمی ئیداریی و باجەوە هەیە.   نووسەر دەڵێت: « ئەگەر تەماشای داهاتی دەوڵەتە هەژارەکان بکەین لە نێوان ساڵانی 1970 بۆ 1980 حکومەتەکان  بە شێوەیەکی گشتی رێژەی ٪10بۆ ٪15 داهاتی نەتەوەیی وەردەگرن، بەڵام  دەوڵەتە مامناوەندەکان بەتایبەتی ئەمریکای لاتین و باکووری ئەفریقا و چین حکومەت رێژەی ٪15 بۆ ٪20 داهاتی نەتەوەیی دەستدەکەوێت، بەڵام لە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان  لە دەیەی حەفتاکاندا 30 بۆ 35 ٪ داهاتی وەرگرتووە، بۆ دەیەی هەشتاکان 35 بۆ 40 ٪ وەرگرتووە». ل 648

گرنگیی یاسای کەمترین کرێ
یەکێک لە یاسا گرنگەکانی  سیستمی ئابووریی خۆرئاوا «کەمترین کرێی کرێکارە»، ئەم یاسایە لە چەند لایەکەوە سوودی بۆ ئابووریی و چینی کرێکار و هەژار هەیە. لەهەمان کاتیشدا وەکو نووسەریش دەڵێت: «رۆڵی زۆرباشی دەبێت لە کەمکردنەوەی نایەکسانی، کەمترین کرێی فیدراڵی لە ساڵی 1923 دەرچوێنرا، نزیکەی بیست ساڵ پێش ئەوەی لە فەرەنسا هەمان یاسا دەربچێت. گومانی تێدا نییە کەمترین کرێ رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پێكهێنان و پێشكەوتنی نایەکسانییەکان لە کرێدا، وەکو چۆن ئەزموونی فەرەنسا و ئەمریکا پیشانی دەدەن» . ل407

دانیشتوان
بابەتێکی گرنگی تر کە نووسەر باسیکردووە مەسەلەی دانیشتوان و پەیوەندیی بە گەشەسەندنی ئابووریی و سامان و نایەکسانییەوە هەیە. نووسەر بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک ئاماری گەورە، هەوڵیداوە ئەو پەیوەندییە باسبکات کە لە نێوان گەشەی ساڵانەی ئابووریی و گەشەی دیمۆگرافیدا هەیە. نووسەر هەندێک ئاماری گرنگی خستۆتە روو، بۆ نموونە «ساڵی 1700 ژمارەی دانیشتوانی جیهان 600 ملیۆن کەس بووە، ساڵی 2012 دەگاتە 7 ملیار کەس». نووسەر لەوبارەیەوە دەڵێت: «بە درێژایی سێ سەدە ساڵانە ژمارەی دانیشتووانی جیهان 10 جار زیادییکردووە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ژمارەی دانیشتوان لە ساڵی 2300 دا، دەگاتە 70 ملیار کەس». ل 104

نووسەر هەوڵیداوە شرۆڤەیەکی ورد لەبارەی گەشەی دیمۆگرافی بکات و لایەنە باش و خراپەکانی بخاتەڕوو، لەهەمان کاتیشدا چ کاریگەرییەکی هەیە بەسەر ژیانی خەڵک  و ئابووریی وڵاتانەوە، ئەمەش یەکەمجار بوو کتێبێک بخوێنمەوە وا بە روونی ئەو پەیوەندییەم بۆ شیبکاتەوە. نووسەر لەهەمان کاتیشدا هەوڵیداوە هەڵسەنگاندێکی زانستییانە بۆ تیۆرییەکی  زانای بەریتانی ماڵتۆس بکات کە بە سیستمی ماڵتۆسی ناسراوە.

خوێندن
بابەتێکی گرنگی تر کە نووسەر باسی دەکات، مەسەلەی خوێندنە. من هەتا ئەم کتێبەم نەخوێندەوە نەمدەزانی چەندە خوێندن رۆڵی لە نەهێشتنی نایەکسانیی و کەمکردنەوەی هەژاریدا هەیە. نووسەر بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک ئاماری گرنگ، ئەم بابەتەی شیکردۆتەوە.  لەهەمان کاتیشدا بەهێزبوونی رۆڵی خوێندن لە سەدەی نوێدا دەردەخات. وەکو خۆشی دەڵێت:

«هچ گومانی تێدا نییە پەروەردە و تەکنەلۆژیا لە ماوەیەکی درێژدا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن». ل 403
لەبارەی رۆڵی لە نەهێشتنی نایەکسانییەوە نووسەر دەڵێت: «لە سەدەکانی پێشوودا کەسێکی هەژار دەیتوانی تەنها لەرێگەی سامانێکی میراتییەوە بگاتە لووتکە و دەوڵەمەند ببێت، بەڵام ماوەی چەند دەیەیەی پاش جەنگی جیهانی دووەم، سەرمایە بە میرات بە جێماو زۆرێک لە  گرنگییەکانی خۆی لە دەستدا و بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا کار و خوێدن بوونە دڵنیاترین رێگە بۆ گەیشتن بە لوتکە» ، ل318

دواتریش دەڵێت: «ئەگەر ئەو منداڵانەی کە سەدەیەک پێش ئێستا تەنها قۆناغی سەرەتاییان تەواوکردووە(کە دەکاتە هەر نەوەیەک لەو سەردەمەدا) لەهەمان قۆناغدا بمانایەتەوە، ئەوکاتە هیچ گومانی تێدا نەبوو کە نایەکسانی لە کارەوە و بەتایبەتیش نایەکسانی لەکرێدا زۆر زیادی دەکرد». ل401

هەمیشە لەهەموو جیهاندا  بە باشی باس لە سیستمی ئابووریی و کۆمەڵایەتی وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا دەکەین، یەکێک لە هۆکارەکانیش باشبوونی سیستمی پەروەردە و فێرکردنە. هەروەکو نووسەر دەڵێت: «هەموو ئاماژەکان بۆئەوە دەچن کە دەوڵەتە ئەسکەندەناڤییەکان، کە نایەکسانی کرێ لەو دەوڵەتانەدا زیاتر مام ناوەندە لە هەرشوێنێکی دیکە، ئەمەش بە ئەندازەیەکی فراوان دەرئەنجامی ئەو راستیەیە کە سیستمی پەروەردەی دەوڵەتانی ئەسکەندەناڤی تارادەیەک یەکسان و گشتگیرە». ل403

لەلایەکی تروە نووسەر باشیی و خراپی سیستمی پەروەردەی وەکو پێوەرێک بۆ پێشكەوتن و دواکەوتنی دەوڵاتەن داناوەو دەڵێت: «لە هەموو کۆمەڵگە مرۆییەکاندا، تەندروستیی و پەروەردە بەهایەکی خودییان هەیە: توانای جێژوەرگرتن لە چەند ساڵێک تەندروستی باش، وەکو توانای بەدەستهێنانی مەعریفە و رۆشنبیرییە، ئەوەش یەکێکە لە مەبەستە بنەڕەتییەکانی شارستانییەت». ل404

 دواجاریش لەبارەی سیستمی پەروەردەوە پێشنیازی نوێ دەخاتە بەردەم  جیهان و دەڵێت: «دەبێت سیستەمی پەروەردە و فێرکردن خستنەڕووی جۆری نوێی راهێنان زیادبکات، هەروەها بەرهەمی شارەزاییە نوێیەکان بە شێوەیەکی  خێراو بە تەواوی زیاد بکات، سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر دەبێت نایەکسانی کەم بکرێتەوە، پێویستە زۆر بە خێرایی خستنەڕووی شارەزایی نوێ زیاد بکرێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانەشی خوێندەواریان کەمە». ل401

تەکنۆلۆجیا
بابەتێکی گرنگ تر کە نووسەر پانتایی باشی بۆ داناوە مەسەلەی تەکنۆلۆجیایە، نووسەر پێی وایە: «پێشکەوتن بەرەو عەقڵانییەتی ئابووریی و تەکنۆلۆجی پێویستی بە پێشكەوتن نییە بەرەو دیموکراسی، هۆکاری سەرەکی ئەوەش ئاسانە: تەکنۆلۆجیا   وەک بازاڕ وایە نە سنووری هەیە و نە ئەخلاق»..ل310

دواتر لەبارەی مەسەلەی مۆڕاڵی مرۆیی و تەکنۆلۆجیاوە قسەی زیاتر دەکات و دەڵێت: «ئەگەر بە راستی کەسێك هیوای ئەوە بێت سیستمێک بدۆزێتەوە  کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و عەقڵانییەتی زیاتری تێدا بنیاتنرابێت  لەسەر بەرژەوەندیی گشتی، بە هیچ جۆرێک پشت بەستن بە گۆڕانکاریی و ئارەزووە سەرپێیەکانی تەکنۆلۆجیا بەس نییە». ل310

کۆچکردن
خاڵێكی گرنگی تر کە نووسەر باسی لێوە دەکات مەسەلەی کۆچکردنە، کە ئێستا بۆتە یەکێکە لە کێشە گەورەکانی خۆرئاوا. نووسەر تێڕوانینێکی تەواو جیاوازی هەیە لە نووسەر و بیرمەندانی تری جیهان و پێیوایە: «کۆچکردن شێوازێکی ئاشتیخوازانەی دابەشکردنەوە و رێکخستنەوەی نایەکەسانی جیهانیی سامانە. لەبری جووڵاندنی سەرمایە، کە هەموو جۆرە ئاستەنگێکی تێدا بەدی دەکرێت، هەندێکجار ئاسانترە، رێگە بدرێت بە کرێکار بڕوات بۆ ئەو جێگەیەی کە مووچەیەکی زیاتری هەیە. باشترین نموونەش ئەمریکایە، سەرەتا لە سێ ملیۆن کەس پەیدابوو، ئەمڕۆ ژمارەی زیاتر لە 300 ملیۆن کەس دەبێت».ل716

گۆڕینی کەشوهەوا
بابەتێکی گرنگی تر کە نووسەر باسی لێوەدەکات و بە یەکێکێش لە کێشە گەورەکانی سیستمی سەرمایەداریی و مرۆڤایەتیش دادەنرێت کێشەی گۆڕینی کەشوهەوایە، نووسەر دەڵێت:  «گۆڕانی کەشوهەوا بەشێوەیەکی گشتگیرتر، کە دەگونجێت لەم سەدەیەدا ببێتە هۆی لەناوبردنی سەرمایە سروشتییەکانی مرۆڤایەتی، ئەمەش مەترسییەکی دوورمەدوای جیهانییە».ل 757

نووسەر پێیوایە: دەبێت ئەم کیشەیە لە ئاستی جیهاندا چارەسەر بکرێت، ئەویش هاوڕای نووسەری بەریتانیا نیکۆلاس ستیرنە کە داوا دەکات «٪5 ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان خەرجبکرێت وەکو هەوڵدانێک بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە داهاتوودا» ل 758

شەفافییەت
بابەتێکی گرنگی تر کە نووسەر گرنگی پێداوە، مەسەلەی (شەفافییەت)ە.  نووسەر پێیوایە شەفافییەت زۆر گرنگە بۆئەوەی ئاگاداری کەڵەکەبوونی سەرمایە بکەین، لەم رێگەیشەوە دەتوانرێت باجی گونجاو دابنرێت بەم شێوەیە نایەکسانی کەمتر دەکرێتەوە، لەهەمانکاتیشدا ئەم پرسە گرنگە بۆ سیستمی دیموکراسی.

نووسەر دەڵێت:  «بڕوام وایە گرنگە سووربین لەسەرئەوەی کە یەکێک لە پرسە زۆر گەرم و باوەکان لە چەند ساڵی داهاتوودا بریتییە لە پەرەسەندنی شێوازە نوێکانی موڵک و ماڵ و کۆنتڕۆڵکردنی دیموکراسییانەی سەرمایە». ل 760

دواتر دەڵێت: «بەدڵنییایەوە شەفافییەتی ئابووریی و دارایی بۆ مەبەستەکانی باج گرنگن، بەڵام لەبەر چەند هۆکارگەلێکی گشتی زیاتر، ئەمانە بنەڕەتین بۆ حوکمڕانییەکی دیموکراسییانە و بەشدارییکردن تێیدا». ل 761

دەوڵەتی نەتەوە
نووسەر لەهەندێک شوێندا دژی دەوڵەتی نەتەوە دەوەستێتەوە لە هەندێک شوێنی تریشدا پشتگیریی دەکات بەتایبەتی لەرووی دانانی سیستمێکی  ئیداریی باش و باج وەرگرتنەوە و دەڵێت: «هێشتا  دەوڵەت- نەتەوە  ئاستە راستەکەیە بۆ نوێکردنەوە و گەشەپێدانی شێوازە نوێیەکانی حوکمڕانیی و خاوەندارێتیی هاوبەشی مامناوەند لە نێوان خاوەندارێتیی گشتیی و تایبەتیدا. ئەمە دەبێتە یەکێك لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی سەدەی داهاتوو. بەڵام تەنها سیاسەتی تەواوکاری هەرێمیی دەتوانێت ببێتە هۆی رێکخستنێکی کاریگەرانەی سەرمایەداریی جیهانی بۆ میرات بەجێماو لە سەدەی بیست و یەکدا». ل761

رۆڵی باج
هەتاوەکو ئەم کتێبەم نەخوێندەوە لە کاریگەریی گەورەی باج بەسەر نایەکسانییەوە بۆم دەرنەکەوتبوو، نووسەر زۆر بە باشی باسی گرنگی باج دەکات، لەهەمانکاتیشدا پەیوەندیی نێوان باج و کەمکردنەوەی نایەکسانی دەخاتەڕوو. جگە لەوەش بوونی باج بۆ گەشەسەندنی ئابووری دەستکەوتی حکومەت باس دەکات.  نووسەر دەڵێت: «پرۆسەی باج وەرگرتن بابەتێکی تەکنیکی نییە، بەشێوەیەکی تایبەتی بابەتێکی سیاسیی و فەلسەفییە، بێگومان گرنگترین بابەتی سیاسییە، بەبێ باجەکان کۆمەڵگە چارەنووسی هاوبەشی نابێت و کارێکی پێکەوەییش ئەسەتەمە، لە کرۆکی هەموو گۆڕانکارییە گرنگە سیاسییەکاندا شۆڕشێكی دارایی لەئارادایە». ل651

دواتر مەسەلەی باج دەبەستێتەوە بە سەرکەوتوویی و شکستی دەوڵەتەوە، لەمبارەیەوە دەڵێت: بەڵگە مێژووییەکان ئەوە دەخەنەروو کە تەنها بە  ٪10  تا  ٪15 ی داهاتی نەتەوەیی لەبڕە وەرگیراوەکانی باجدا، ئەستەمە بۆ دەوڵەتێک  زیاتر لە کارە تەقلیدییە سیادییەکانی خۆی بەجێبهێنێت، ئەوەش لەپاش خەرجییەکانی بۆ هێزێکی پۆلیسی گونجا و سیستمێکی دادگەرانە، بڕێكی زۆر نامێنێتەوە بۆئەوەی بدرێت  بە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستیش». ل 649

پاشان نووسەر دەڵێت: «باجی سەرمایە توندوتیژیی کەمترە و وەڵامێکی کارامەی دەبێت بۆ گرفتێکی بێ کۆتایی سەرمایەی تایبەتیی و دەستکەوتەکەی، هەروەها باجی سەرمایە گونجاوترین وەڵامە بۆ نەهیشتنی نایەکسانی». ل 707

دواتریش دەڵێت: «ئاسانترین رێگە  بۆ حکومەتێک بۆئەوەی دووبارە سەربەخۆیی ئابووریی و دارایی بەدەستبهێنێتەوە، بریتییە لە پەنابردن بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە. ل 711

رەخنە لەمارکس
نووسەر لەگەڵ ئەوەی لە زۆر شوێندا ستایشی مارکس دەکات و پشت بە تێڕوانیینەکانی دەبەستێت، بەتایبەتی لەرووی نایەکسانییەوە، بەڵام لە زۆر شوێنێشدا رەخنەی توندی لێدەگرێت. نووسەر دەڵێت: «زۆربەی کات مارکس  پشتی بە رێگەیەکی تاڕادەیەک  باوەڕ پێنەکراو و ناسیستماتیک بەستووە بەرامبەر بە ئامارە بەردەستەکان، مارکس هەوڵی نەداوە  ئەوە بدۆزێتەوە ئایا ئەو چڕی سەرمایەی کە تێبینی  کردبوو لە حساباتی هەندێك لە کۆمپانیاکاندا، هەموو ئابووری بەریتانیا دەگرێتەوە، یاخود تەنها چەند کەرتێکی تایبەتی ئابووری دەگرێتەوە، ئەو دەیتوانی ئەو کارەش بکات، ئەوەش لە رێگەی کۆکردنەوەی  چەند دەرزەنێک لە چەند حساباتێکی هاوشێوە. هەروەها مارکس لە کتێبی سەرمایەدا  بەشێکی زۆری لە کتێبەکەی تەرخانکردووە بۆ مەسەلەی کەڵەکەبوونی سەرمایە، بەڵام هیچ ئاماژەی نەداوە بە ژمارەیەکی زۆر هەوڵ کە دراوە بۆ خەمڵاندنی  رەسیدی سەرمایەی بەریتانیا کە لە سەدەی  18و 19 کراون». ل 305

لە شوێنێکی تریشدا  دەڵێت: «چارەسەری کێشەی سەرمایە لەلایەن کارل مارکس و سۆشیالیستەکان، لە سەدەی نۆزدەدا پێشنیازکراو بە شێوەیەکی پراکتیکی لە یەکێتی سۆڤێت زۆر رادیکاڵانە جێبەجێکرا، ئەوەش بە هەڵوەشانەوەی خاوەندارێتیی تایبەتیی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان کە بریتین لە زەویوزار و باڵەخانە، سەرمایەی پیشەشازیی و دارایی و بازرگانی، بەڵام پاشتر کارەساتە مرۆییەکان کە بەهۆی پلانی بە مەرکەزییکردنی ستالینی یەکێتی سۆڤێتەوە،  تووشی مرۆڤایەتی بوون، چەوتی ئەم تیۆرییە دەردەخات». ل؛707

 کێشەکانی جیهان
نووسەر بۆ کەمکردنەوەو نەهێشتنی کێشەکانی نایەکسانیی و کەشوهەوا و کۆچ، داوای باجێکی جیهانی دەکات کە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان و سەرمایەدارە گەورەکانی جیهان بیدەن، لەرێگەی ئەو باجەشەوە کێشە گەورەکانی مرۆڤایەتیی چارەسەر بکرێت. هەرچەندە ئەم پێشنیازەی ئێستای تۆماس پیکیت وەکو خەونێک وایە، بەڵام دەکرێت لەداهاتوودا وەکو رێگە چارەیەکیش سەیر بکرێت.

 دەرئەنجام
راستە نووسەر  هەوڵێكی جددیی داوە تاوەکو شرۆڤەیەکی باش بۆ ئەو سیستمە ئابوورییە بکات کە لە ئێستادا لە جیهاندا بەرقەرارە،بەڵام نەشیتوانیوە وەڵامی هەموو پرسیار و کێشەکانی جیهان بداتەوە. راستە  نووسەر  رەخنەی زۆری لەم سیستمە گرتووە بەڵام هیچ ئەلتەرناتیفێکی  بۆ ئەم سیستمە دەرنەخستووە. لەکاتێکدا مارکس هەوڵیداوە ئەلتەرناتیفێک بۆ سیستمی سەرمایەداری بدۆزێتەوە کە ئەویش سیستمی سۆشیالیزمە.

لەلایەکی ترەوە نووسەر زیاتر تیشکی خستۆتە سەر خۆرئاوا و کەمتر قسەی لەبارەی سیستمی ئابووریی لە وڵاتانی تری جیهان کردووە. راستە لێرەولەوێ باسی گەشەکردنی چین و ژاپۆن و هیندوستان دەکات، لێ ئەمە هەموو جیهان نییە. ئەم کتێبە دەوڵەمەندتر دەبوو گەر نووسەر هەوڵیبدایە باسێکی سیستمی ئابووریی وڵاتانی جیهانی سێهەمیشی بە چڕتر بکردایە. بەداخەوە تەنها  بەشێوەیەکی لاوەکی باسی دەکات و بەگشتی جەختی لەسەر خۆرئاوا کردووە.

لەکاتی باسکردنی سندوقە سیادییەکاندا، کەمێک باسی دەوڵەتانی کەنداو دەکات، هەرچەندە ئەو سندوقی سیادی ئەم دەوڵەتانە، بە مەترسی بۆسەر خۆرئاوا وەسفکردووە.

هەستدەکەم نووسەر کەمتر زانیاری لەبارەی وڵاتانی جیهانی سێهەمەوە هەبووە، هەربۆیە لە شرۆڤەکانیشیدا زۆرجار سەرکەوتوو نەبووە، بۆ نموونە ئەو لەلایەک دەڵێت وەبەرهێنانی بیانی هیچ رۆڵێکی لەگەشەکردنی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا نییە، لەهەمانکاتیشدا دژی داخران و داخستنی بازاڕی نیشتمانییە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە سیستمی سەرمایەداریی و ئەو سیستمە ئابووریەی کە ئەمڕۆ جیهانی بەڕێوەدەبات.

دیارە ئەم کتێبە کۆمەڵێک بابەتی زۆری لە خۆگرتووە کە هەموویان مایەی گرنگیی و بایەخپێدانن، لێرەدا من تەنها ویستم ناساندنێکی کورت بۆ ئەم کتێبە بکەم، کە بە یەکێک لە کتێبە باشەکانی هەزارەی دووەم  دادەنرێت کە لە بارەی ئابوورییەوە نووسرابێت.

لەکۆتاییشدا دەستخۆشی لە کاک بیلال دەکەم بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە گرنگە و هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازم.  

سەرچاوە:
تۆماس پیکیتی، سەرمایە لەسەدەی بیست و یەک

لەئینگلیزیییەوە: بیلال ئیسماعیل حەمە. چاپی یەکەم. دەزگای چاپ و پەخشی جەمال عیرفان. 2018