به‌غدا له‌باره‌ى 200 ملیار دیناره‌كه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ بڕیاریدا

کوردستان

23/09/2021‌ 2928 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌رپرسێكى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، دواى كۆبونه‌وه‌ى دوێنێى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، حكومه‌تى عێراق بڕیاریدا 200 ملیار دینارى دیكه‌ ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكات، ده‌شڵێت:"پێده‌چێت هه‌فته‌ى داهاتوو پاره‌كه‌ بگات".


فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم به‌میدیاى پارتى وتوه‌، "دوێنێ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبونه‌وه‌ى هه‌بوه‌و ڕه‌زامه‌ندى نیشاندراوه‌ كه‌ بڕى 200 ملیار دینارى دیكه‌ ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكرێت".

وتوشیه‌تى:"مانگانه‌ ئه‌و 200 ملیار دیناره‌ لەڕێگەی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقەوە بەوەزارەتی دارایی حكومه‌تى هەرێم دەدرێت".

به‌وته‌ى فارس عیسا، "دواى ته‌واوكردنى ڕێكارە كارگێڕییەكان، پارەكە هاوشێوەی دوو مانگی پێشوو ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ هەفتەی داهاتوو پاره‌كه‌ ڕه‌وانه‌ بكرێت له‌ڕێگه‌ى لقى هه‌ولێرى بانكى ناوه‌ندیه‌وه‌".

هه‌روه‌ك جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، ئه‌وان چاوەڕوانی ناردنی ئه‌و 200 ملیار دینارە ده‌كه‌ن بۆ دابه‌شكردنى موچه‌و وتویه‌تى:"هیوادارین زوو ئه‌و پاره‌یه‌ ڕەوانە بكرێت".

به‌گوێره‌ى لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانى هه‌فته‌ى ڕابردوى وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم، ڕۆژى 25ى ئه‌م مانگه‌ كه‌ ڕۆژى شه‌ممه‌ ده‌كات، ده‌ست به‌دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى 9ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت به‌ته‌مویلى 100% واته‌ به‌بێ لێبڕین.

ش.هـ