پاش نەشتەرگەری چەند مادەیەكی نامۆ لە گەدەی نەخۆشێك دەرهێنرا

هەمەڕەنگ

03/10/2021‌ 563 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پزیشكەكان لە وڵاتی لیتوانیا زیاد لە كیلۆگرامێك زنجیر و بڕغویان پاش نەشتەرگەری لە گەدەی نەخۆشێك دەرهێنا.

پیاوێك كە ئاماژە بە ناسنامەكەی نەكراوە پاش بوونی ئازارێكی زۆر لە گەدەیدا گەیەنرایە نەخۆشخانەیەك لە شاری كلایبیدای ناوچەی دەریای بەڵتیك.

پاش بەكارهێنانی پشكنینی تیشك، دەركەوت زنجیرێك كە درێژییەكەی لە 10 سانتیممەتر زیاترە لە گەدەی نەخۆشەكەدا هەیە.

بەگوێرەی رۆژنامەی زا گاردیان پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكی سێ كاتژمێری بۆ نەخۆشەكە چەند مادەیەكی تری كانزایی وەكو بزمار لە گەدەی دەرهێنرا.

پزیشكەكان باسیان لەوە كردووە، پیاوەكە ماوەی مانگێك دەبێت وازی لە خواردنەوە كحولییەكان هێناوە دەستیكردووە بە خواردنی بزمار، دواتر بە نەشتەرگەری بۆی دەرهێنراوە و لە ئێستادا تەندروستی جێگیرە.

رەنج رەسول