دوای ڕوداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە روسییەکە مۆسکۆ چۆن ویستی تۆڵە لەئەردۆغان بکاتەوە؟

جیهان

05/10/2021‌ 4504 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەی "نۆدریک مۆنیتۆر"ی سویدی لەماوەی ڕابردودا راپۆرتێکی نهێنیی بڵاوکردۆتەوە کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی ڕوسییەوە دەرچوەو لەمۆبایلی یەکێک لەسیخوڕەکانی دەزگای هەواڵگری تورکیادا دۆزراوەتەوە کە ئێستا بەتۆمەتی کارکردن بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستگیرکراوە، تێیدا پلانی ڕوسیاو ستراتیژیەتی ئەو وڵاتەی بۆ لێدانی تورکیاو ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لەدوای ڕوداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە سەربازییەکەی ڕوسیا لەساڵی 2015 لەلایەن تورکیاوە باسکردوە.


بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە پێگە سویدییەکە دەستیکەوتوە، دەزگای هەواڵگری ڕوسیا بڕیاریداوە وەک تۆڵەکردنەوەیەک لەتورکیا، بەوردی بەدواداچون بۆ گەندەڵییەکانی بنەماڵەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بکات.

لەڕاپۆرتە هەواڵگرییەکەدا کە لەلایەن ئەلێکساندەر فاسیلیڤیچ پۆرتنیکۆڤیچی بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕوسییەوە نێردراوە، چەندین ڕاسپاردەی تێدایە بۆئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا والێبکەن لەبەرامبەر گەلی تورکیا لەدۆخێکی سەختدا بێت، جگەلەوەی بەشێکی تەرخانکردوە بۆ بەدواداچون بۆ گەندەڵییەکانی بنەماڵەی ئەردۆغان کە لەگەڵ داعش خەریکی بازرگانیی نەوتن.

پێگە سویدییەکە دەڵێت:"ڕوسیا بەکرداری ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی وردی لەسەر گەیشتنی نەوتی داعش بۆ بازاڕە جیهانییەکان لەبەردەستدا بوە، بەشێوەیەک پێش ڕوداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕوسییەکە لەلایەن تورکیا، ڕوسیا زانیاریی لەسەر بیرات ئەلبەیرەق‌و بیلال ئەردۆغان کۆکردۆتەوە کە چۆن بازرگانیی بەنەوتی داعشەوە دەکەن".

باس لەوەشکراوە، دوای نزیکەی نۆ مانگ لەتێکچونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ڕوسیا، بەهۆی داوای لێبوردنەکەی ئەردۆغان لەڕوسیا لە27ی حوزەیرانی ساڵی 2016 پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسایی بۆوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕوسیا چەندین سزای ئابوری بەسەر تورکیادا سەپاندو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش گوشارێکی دیبلۆماسیی گەورەی خستەسەر ئەنکەرە.

ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن ئیگۆر گینادیڤیچ سیرۆتکینی جێگری بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕوسیا لە8ی دیسەمبەری ساڵی 2015 ئامادەکراوە، واتە دوای دوو هەفتە لەڕوداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕوسییەکە لەسەر سنوری تورکیاو سوریا، مەزەندەی کردوە ڕوسیا کۆمەڵێک هەنگاوی سەربازیی‌و سیاسیی دژ بەئەنکەرە بگیرێتەبەر.

لەو ڕێکارانەی ڕوسیا بەنیاز بوە دژ بەتورکیا بیگرێتەبەر ئەوە بوە کە سوپای تورکیا لەسوریا بخاتە دۆخێکی قورسەوەو هەوڵبدات شەپۆلی کۆچبەران بەرەو تورکیا بەردەوامبێت‌و سیخوڕە ڕوسییەکانیش لەناو دامودەزگاکانی تورکیا دەست بەهەڵمەتێکی چەواشەکارانە بکەن.

لەکۆتاییدا باس لەوەکراوە، ڕاپۆرتەکە لەمیانی دانیشتنەکانی دادگاییکردنی ئەفسەرەکەی دەزگای هەواڵگری تورکیا بەتۆمەتی لایەنگریکردنی بۆ گروپی فەتحوڵڵا گیولەن پیشاندراوە، بەڵام نازانرێت کە چۆن ئەو ڕاپۆرتە ڕوسییە کەوتۆتە دەست سیخوڕە تورکەکە.