بزوتنەوەی گۆڕان بەدوای چارەسەری کێشەکاندا خولانەوە لەیەک بازنەدا

کوردستان

25/10/2021‌ 2196 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە دوای شکستی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی پەرلەمانی عێراق، بزوتنەوکە کەوتە خۆی و لە ژێر فشاری هەڵسوڕاو و لایەنگرانیدا ناچار بە زنجیرەیەک کۆبونەوەی بەردوەوام بوو کە سەرەنجام ڕێکخەر و ئەندامانی خانەی ڕاپەراندن دەستیان لەکارکێشایەوەو وا بڵاوکرایەوە کە بزوتنەوەکە چەند هەنگاوێکی تر لە دوای ئەو هەنگاوەوە دەنێت، بە مەبەستی ئاشتکردنەوەی جەماوەرەکەی و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی و پێداچونەوە بە کارەکانیدا.

بزوتنەوەی گۆران و ئەگەری کشانەوە لە حکومەت.
لەپاش دەستلەکار کێشانەوەی خانەی راپەراندن هەواڵی ئەوە بلاو بوەوە کە بزوتنەوەکە لە هەوڵی ئەوەدایە تیمی حکومیی خۆی لە حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنە خۆجێیەکان بکشێنێتەوەو بە تەواوی لە دەسەڵات دوربکەوێتەوە.

ئەم هەوڵە دوو بۆچونی دژ بەیەکی لە نێو بزوتنەوەکە دروستکرد و بە پێی زانیاریەکانی شارپرێس دوو بەرەی دژ بەیەک ماوەی زیاتر لە ١٠ رۆژە بە گەرمی گفتگوگۆی ئەو بژاردەیە دەکەن و تا ئێستا نەگەشتونەتە هیچ ئەنجامێک.

بەرەیەک پێیان وایە کشانەوە لە حکومەت و ئەنجومەنی پارێزگاکان و رادەستکردنەوەی سەرجەم پۆستەکان هیچ لە دۆخی بزوتنەوەکە ناگۆرێت و بزوتنەوەکە لە شونێکی ترەوە بریندارەو ئەو کشانەوەیە هیچ لە برینەکەی سارێژ ناکات، جگە لە دور کەوتنەوەیان لە گۆرەپانی سیاسی و حوکمرانی هەرێم کە بە وتەی ئەو بەرەیە لێکەوتەکانی خراپتر دەبن و بزوتنەوەکە دەخاتە دەرەوەی بازنەی هەموو هاوكێشەکان.
بەرەی دژ بەم بۆچونە پێی وایە بەشێکی گەورە لە شکستی بزوتنەوەکە بە هۆی چونە دەسەلات و وەرگرتنی ئەو پلەو پۆستانە بوە کە بزوتنەوەکە وەری گرتوون و بەشێکی کاراکتەرەکانی بزوتنەوەکەش نەیانتوانیوە پۆست و پێگەکانیان لە خزمەتکردنی خەڵک بەکار ببهێنن، ئەوان پێیان وایە دەنگدەران و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆران ئەو هەستەیان لە دروست بوە کە بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەکە لە خەمی بەدەسهێنانی پۆست و پێگەدان و بەدوای خۆشگوزەرانی خۆیان و کەسە نزیکەکانیانن بۆیە دەکرێت بەم کشانەوەیە ئەو هەستە لای دەنگدەرانی بزوتنەوەکە بڕەوێتەوە و وا پێشان بدرێت کە ئەوەی لای ئەوان گرنگە جەماوەری بزوتنەوەکەیە نەک پلەو پۆست و پێگە.

شارپێس لە سەرچاوەیەکی باڵای ناو بزوتنەوەکەوە ئەوەی زانیوە کە خەمی گەورەی بەرپرسانی بزوتنەوەکە لە ئەگەری بڕیاری کشانەوەی تیمی حکومیی بزوتنەوەکەدا ئەوەیە کە ژمارەیەک لە وەزیر و بەرێوەبەرانی گشتی و بەرپرسانی بزوتنەوەکە لە حکومەت نەکشینەوەو هەمان سیناریۆی ڕێباز حەملان دووبارە بکەنەوە کە لەگەڵ تیمەکەیدا نەکشایەوەو وەک وەزیری سەربەرخۆ لە کابینەی هەشت مایەوەو دواتر پارتی بوونی راگەیاند.

ئەو سەرچاوەیەی شارپرێس ئەوەشی نەشاردەوە کە بۆ ئەو مەبەستە بزوتنەوەکە گفتوگۆی لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی تیمی حکومیی بزوتنەوەکە کردوەو بەشێکی زۆریان لەگەڵ کشانەوە نەبوون و ئەوەش ترسەکەی زیاتر کردوە لای بەرپرسانی گردی زەرگەتە.

کێ بزوتنەوەی گۆران ڕێکدەخاتەوە؟
لە دوای دەستلەکار کێشانەوەی خانەی راپەراندن و دور کەوتنەوەیان لە ناوەندی بریاری بزوتنەوەکە، هەردوو جڤاتی نیشتمانی و گشتی بزوتنەوەکە لە ژمارەیەک کۆبونەوەی بەردەوامدان و گفتگوگۆی چر لە بارەی چارەنوسی بزوتنەوەکەو ڕێگەچارەی دەرباز بوون لەو دۆخە بەڕێوەدەچێت، بەڵام بە وتەی بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەکە کۆبونەوەکان تا ئێستا بێ ئەنجام بوون و هەموووان لە یەک بازنەی داخراودا دەخولێنەوەو هیچ ئەنجامێکی پێویست دیار نییە تا ئێستا.

شارپرێس زانیویەتی بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی بزوتنەوەکە چەند هەوڵێک هەبوون و تا ئێستا هیچکامیان بەرهەمدار نەبوە، بە نمونە هەر لەسەرەتاوە بریار درا لیژنەیەکی چەند کەسی بۆ بەرێوەبردنی بزوتنەوەکە دروست بکرێت و باس لە هەندێک ناویش کرا کە ئەندامی لیژنەکە بن، بەڵام نەگەشتونەتە ئەنجام بۆ دروستکردنی ئەو لیژنەیە و دوای ئەوە هەولێکی تر هەبوە بەشێک لە هەڵسورا و کادرەکانی بزوتنەوەکە کە ێشتر وازیان هێناوەو لە بزوتنەوکە دور کەوتونەتەوە بانگبکرێنەوەو لیژنەیەکی هاوبەش لە بەشێک لەو هەڵسوراوە زویر بوانەو بەشێکی لە هەڵسوراوانی ئێستا دروست بکرێت و بزوتنەوەکە بۆ ماوەی شەش مانگ بدرێتە دەست ئەوان، بەڵام جارێکی تر ئەو هەوڵەش ئەنجامی نەبوو.

لە چەند رۆژی رابردودا کورانی نەوشیروان مستەفا و بەشێک لە پەرپرسانی بزوتنەوەکە پەیوەندی دەکەن بە عوسمان حاجی مەحمود یەکێک لە دامەزرێنەران و سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوەکەوە کە ساڵانێکە دور کەوتۆتەوە، بۆ ئەوەی  بزوتنەوەکە رادەستی بکرێت و ببێتە کەسی یەکەمی بزوتنەوەو ئەرکی رێکخستنەوەی لە ئەستۆ بگرێت ، بەڵام ناوبراو ئامادەی ئەو ئەرکە نەبوەو پێی وابوە پێکهاتەی ئێستای بزوتنەوەکە زۆر جیاوازە لەو پێکهاتەیەی کە پێشتر هەیبوەو ئەو نایەوێت دەست بۆ بابەتێک ببات کە دەزانێت هەڵسوراوان و گروپەکانی نێو گۆران و دەرەوەی گۆران هێندە دور و دژ بەیەکن کۆکردنەوەی ئەو هەموو ئاراستەیە ئاسان نابێت و کاتێکی زۆری پرۆسەی ڕێکخستنەوەکە بەو بابەتەوە دەروات کە ئەویش نایەوێت بچێتە کارێکەوە کەشکست بهێنێت.

ئێستا بزوتنەوەی گۆران لە فەراغێکی حەقیقی بریاردان و سەرکردایەتیکردندایەو رۆژ بەرۆژ ئەو هیوایانەش دور دەکەونەوە کە هەڵسوراو و هەوادارانی بزوتنەوەکە چاویان خستبوە سەرو هیوایان پیا هەڵچنیبوو بۆ هەرچی زوتر ڕێکختسنەوەی بزوتنەوەکە.

رۆژانە کۆبونەوەکان لە گردەکەی زەرگەتە بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا بێ بەرهەمن و بزوتنەوەکەش لە چاوەروانیی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەدایە بۆ هەستانەوەو رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی و دەربازکردنی ئەو دۆخەی تێی کەوتوە.