پەیوەندییەکانی ڕوسیاو ڕۆژئاوای کوردستان له‌چ دۆخدایە؟

کوردستان

28/10/2021‌ 3077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شاپرێس:

گەورە توێژەرێکی ڕوسیی ئاشكرایكرد، پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و ڕوسیا لەباشترین دۆخی خۆیدایە، دەشڵێت:"تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازیی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕوبەڕوی چەندین ئاڵنگاریی دەبێتەوە".


قوستەنتین تریستیڤ گەورە توێژەر لەپەیمانگه‌ی ڕۆژهەڵاتناسیی ڕوسیی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی "نۆرس پرێس" دەڵێت:"لەئێستادا ڕوسیاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) باشترین پەیوەندییان هەیە".

جەختیشیکردۆتەوە، "هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوبەڕوی چەند ئاڵنگارییەک دەبێتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوتردا بونیان نەبوو، لەگرنگترینیان ئەوەیە کە ڕوسیا بەهیچ شێوەیەک بەئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی تورکیا ڕازینابێت".

ئەو توێژەرە ڕوسییە پێشبینیکردوە، ڕوسیا بەرپەرچی هەر هێرشێکی سەربازیی تورکیا بۆسەر شارەکانی تەلڕەفعەت یان کۆبانێ یان مەنبەج لەڕۆژئاوای کوردستان بداتەوە.

ڕونیشیکردۆتەوە، هەماهەنگییەکانی نێوان لایەنی ڕوسیی‌و هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆژبەڕۆژ لەزیادبوندایە، بەتایبەت لەدوای زیادبونی بونی سەربازیی ڕوسیی لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، جگەلەوەی مۆسکۆ وەک نێوەندگیر لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان‌و ڕژێمی دیمەشق کاردەکات‌و هەماهەنگییان لەنێواندا دروستدەکات.

لەماوەی ڕابردودا گەورە بەرپرسانی تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێیان بۆ داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی تری ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد، چاودێرانیش پێیانوابوو، تورکیا دەیەوێت بەرامبەر کشانەوە لەڕێگه‌ی نێودەوڵەتیی M4 و ڕادەستکردنی بەڕوسیاو ئەسەد، لەداگیرکردنی مه‌نبه‌ج یان کۆبانێ یان تەلرەفعەت لەڕۆژئاوای حەلەب دەستکراوە بکرێت، بەڵام تائێستا ئەنکەرە گڵۆپی سەوزی لەلایەن واشنتۆن‌و مۆسکۆ بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەدەستنەهێناوە.

و: ئاکۆ ئاڵی