ئاژانسێكى ئه‌ڵمانی: ئه‌وه‌ى ئێستا له‌هه‌رێمى كوردستان ڕوده‌دات گەشتی مردنه لەعێراقەوە بەرەو ئەوروپا

کوردستان

13/11/2021‌ 4099 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسێكى ئه‌ڵمانى باس له‌وه‌ده‌كات، گەندەڵیی‌و بێکاریی هۆکاری سەرهەڵگرتنی گەنجانی هەرێمی کوردستانە، ده‌شڵێت:"ئه‌وه‌ى ئێستا ڕووده‌دات، گەشتی مردنه‌ لەعێراقەوە بەرەو ئەوروپا".


ئاژانسی دویچە ڤیلەی ئەڵمانی ڕاپۆرتێکی لەسەر هۆکارەکان پشت کۆچکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوروپا لەژێر ناوی "گەشتی مردن لەعێراقەوە بەرەو ئەوروپا" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەکردوە، گەندەڵیی‌و نەبونی خزمەتگوزارییەکان‌و خراپ ئیدارەدانی وڵات هۆکارەکانی پشت نائومێدبونی خەڵک‌و کۆچکردنیان بەرەو ئەوروپا.

لەڕاپۆرتی ئاژانسە ئەڵمانییەکەدا هاتوە، "هەرچەندە ئەو گەشتەی لەپێناو گەشتن بەئەوروپا دەیگرنەبەر تاڕادەی گیانلەدەستدان پڕ مەترسییە، بەڵام دەیان کەس لەپێناو گەیشتن بەئەوروپا لەڕێگای وڵاتی بیلاڕوسیاوە چارەنوسی خۆیان دەدەنە دەست قاچاخچییە ناوخۆییەکان".

ئاماژەی بەوەشکردوە، گەنجانی نائومێدی کوردستانی عێراق بڕیاری کۆچکردنیانداوەو سەرەتاش بەشێوەیەکی یاسایی لەهەرێمی کوردستانەوە بەفڕۆکە دەگەنە هەرێمی مینسک‌و دواتر بەڕێگای وشکانیی‌و بەشێوەیەکی نایاسایی هەوڵی گەیشتن بەئەوروپا دەدەن، لەوەشدا لەسەر سنوری نێوان بیلاڕوسیاو پۆڵەندا ڕوبەڕوی مەترسیی گیانلەدەستدان دەبنەوە.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەی دویچە ڤیلەدا هاتوە، "بەهۆی بەهۆی زیادبونی نائومێدی خەڵک لەخراپی خزمەتگوزارییەکان، گەندەڵی، نەبونی هیواو ئومێد بۆ گۆڕینی پرۆسەی سیاسی، بێکاری بەرفراوان، نەبونی هەلیکارو دامەزراندن، هەژاری بەرفراوان، هەموو ئەمانە پڕۆسەی بازرگانیکردن بەمرۆڤیان لەهەرێمەکەدا زۆر زیادکردوە".

ئاژانسەکە لەسەر زاری چەند هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستانی گواستۆتەوە کە وتویانە ژمارەیەکی زۆر لەخزم‌و کەس‌و هاوڕێیانیان بۆ دابینکردنی خەرجی گەشتکردنیان بەرەو ئەوروپا ماڵ‌و موڵک‌و ئۆتۆمبێلەکانیان فرۆشتوە کە نزیکەی 15 هەزار یۆرۆی تێدەچێت.