کۆچبەرانی کورد.. کەرەستەیەکی نوێی ململانێ سیاسیە ناوخۆیی و دەرەکیەکان

جیهان

15/11/2021‌ 1387 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بیلا رووس یان رووسیای سپی، دەوڵەتێکی داخراوە لە ناو نەخشەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵاتدا، لە جەنگی جیهانی یەکەم لەدەستی ئەڵمانەکان رزگاری بووە و دوای پەیوەندیکرد بە یەکێتی سۆڤیەتەوە و بووبە یەکێک لە کۆمارەکانی ناو یەکێتی سۆڤێتی هەڵوەشاوە، بەڵام،چیرۆکی ململانێکردن لەسەر خاکی بیلارووسیا لێرەدا کۆتایی نەهات، پۆڵەندا لە رۆژئاوایەوە لەگەڵ سۆڤیەت و ئۆکرانیا لە رۆژهەڵاتیەوە، لەسەر دیاریکردنی سنووری نێوانیان لە ململانێدا بوون و شەرێکی چەند ساڵە بەرپا بوو.

لە ئەنجامدا، رێککەوتنی رێگا بەسترا، لە 1921 لە شاری رێگا، لە نێوان سۆڤیەت و ئۆکرانیا، پۆڵەندا، شەڕی پۆڵەندا سۆڤیەت کۆتاییهات، سنووری سۆڤیەت و پۆڵەندا دیاریکرا و سۆڤیەت بڕی 30 ملیۆن رۆبڵیشی وەک قەرەبوو دایە پۆڵەندا.

سنووری بیلارووسیا جیاکەرەوەی نێوان بیری سەرمایەداری و سۆسیالیستیە و پێی دەوترێت هێڵی کرۆزۆن، ئەم هێلە لەباکووری زەویەوە تا باشووری زەوی لەبەر شەڕ و ململانێ دەکوڵێت و ساردبوونەوەی نییە.

بلاڕوسیا نزیکەی ١٠ ملیۆن دانیشوانی هەیە و رووبەری زەویەکەی 207 کلیۆمەتر چوار گۆشەیە، داهاتی تاک لەو وڵاتە دەگاتە 81 هەزار دۆلاری ساڵانە، لە کۆی ١٨٠ وڵات پلەی ١٣٩ گرتووە لە ریزبەندی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، پشت بە پشەسازی و کشتووکاڵ دەبەستێت، زۆرترین بەرهەمی هەناردەکراوی بیلارووسیا بۆ دەرەوە تراکتۆری کشتوکاڵیە  لەگەڵ هەندێک دروستکراوی تر لە پیشەسازی بچووکدا.

بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان لەبەرامبەر ئەوەی بیلارووسیا وڵاتێکە رێزی ئۆپۆزسیۆن و رای ئازاد و رۆژنامەنوسان ناگرێت، سزای ئابووری بەسەردا سەپاندووە و چالاکیەکانی ناردنی بەرهەمە پیشەسازیەکانی وەستاندووە.

سزاکەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە پاش ئەوە دێت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا فڕۆکەیەکیان ناچارکرد لە فڕۆکەخانەی مینسک بنیشێتەوە کە رۆژنامەنوسێکی تێدابوو بەناوی  رامان پرۆتاسیفیچ)، بەناوی ئەوەی لەناو فڕۆکەکەیان بۆمبێک هەیە ناچاریان کرد بنیشێتەوە و پاشان رۆژنامەنوسەکەیان دەستگیر کرد بەو بیانوەی کە دژی ئاسایشی نەتەوەیی بلاڕوسیا کاری کردوە.

ئەم کارەی بلاڕوسیەکان ولاتانی یەکێتی ئەوروپاو نەتەوە یەکرتوەکانی توڕە کرد و ئاگری غەزەبیان هەڵگیرساو ئیدی دابڕانی نێودەوڵەتی و وڵاتی بلاڕوسیا دەستی پێکرد و گەمارۆیەکی دیپلۆماتی توندی خرایە سەر.

پەیوەندی کورد و بیلارووس.
پەنابەرەکان چەکی دەستی بیلارووسیان بۆ ئەوەی کیشوەی ئەوروپا بە تایبەت وڵاتانی دراوسێی بەڕووی ئەوروپادا ناچار بکات مامەڵەی لەگەڵ بکەن و لە گەمارۆی ئابووری دابڕانی سیاسی جیهانی رزگاری بببێت.

لە مانگی نیسانی 2021ەوە دەستی کردووە بە بەکارهێنانی ئەم چەکە، خەڵکێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ئاسیاوە، روویان لە بیلارووسیا کردووە بەو ئامانجەی بگەنە وڵاتانی ئەوروپا، ئەویش سنورەکانی بەڕویاندا کردەوەو هیچ ڕیگریەکی نەکرد و لە گەشتنیان بە ولاتانی دراوسێی لە رێگەی ئەوەوە.

لە مانگی تەمووزی 2021ەوە هەواڵەکە لە هەرێمی کوردستانی بڵاوبوویەوە و خەڵک بەلێشاوی گەورە روویان لەو وڵاتە کردووە، ڕێژەیەکی زۆری خەڵک دەربازی سنوور بوون، لەگەڵ توندبوونەوەی سەرما و سنوورەکان، ئەمجارەیان کوردەکان بە هەزاران و بەلێشاوی گەورەتر روویان لەو ناوچانە کردووە و بوونەتە دیمەنی بەرچاوی کامیرای میدیاکانی جیهان و کێشەی پۆڵەندا و بیلارووسیا بە کوردەکان زیاتر گەرمبووە.

بلاروسیا دەیەوێت بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی دراوسێی و لەوێشەوە بۆ یەکێتی ئەوروپا کۆچی کۆچبەران بکاتە چەکێکی بەهێز و هەرەشەی توند لە دراوسێکانی بکات، بلاروسیا هەر لە سەرەتاوە  نەیشاردەوە ڕێگەدان بە کۆچبەران لە پێناو بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆیدایەو ئەگەر وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت پۆڵەندا مل بۆ داواکانی نەدات دەروازەکانی بە تەواوی دەخاتە سەر پشت و کۆچبەران دەگەیەنێتە سەر سنورەکانی پۆڵەندا...

هەر واشی کرد و بە لێشاو و بە شێوەیەکی بەردەوام کۆچبەران دەگەنە سەر سنورەکان و رۆژ بەرۆژ گرژیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەش توند تر دەبێتەوە.

سەرۆکوەزیرانی بلاڕوسیا رۆژێک دەڵێت ئەگەر یەکێتی ئەوروپا ڕازی بە داواکانمان نەبێت وێرای لێشاوی کۆچبەران غازی هەناردەکراویش لە وڵاتانی کڕیار دەگرمەوەو قەیرانێکی گەورو دروست دەکەم لە یەکێتی ئەوروپا.

رۆژێکی تریش دەڵێت مەترسی ئەوە هەیە کۆچبەران چەکدار بکرێن و بە مەرامی سیاسی بەکار بهێنیرن و ببنە سوتوی ئاگری شەرێکی ئابوریی.

لە هەمان کاتدا پۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپاش هەڕەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر بلاڕوسیا لەسەر هەمان سیاسەت بەردەوام بێت و سنورەکانی بەڕوی کۆچبەراندا دانەخات سزای توندتری بەسەردا دەسەپێنن و گەمارۆکانیان قورستر دەکەن.

لە شەڕی چاڵدێرانەوە کورد قوبانی شەڕی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوایە، شەرێک کە لەسەردەمی  عوسمانی و سەفەویەکانەوە دەستی پێکردووە و لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەم رووس و ئینگلیز هاتنە ناو ململانێکەوە و تا ئێستا کورد وەک تۆپی گۆڕەپانەکە یاری پێدەکرێت.

وێرای خواستی کورد بۆ دەوڵەت و پێکهاتەیەکی سیاسی تایبەت بە خۆی، کۆماری مهاباد رووسەکان پشتگیریان کرد و دروستیان کرد بۆ ئەوەی پەستان لەسەر ئینگلیز دابنێن بەشێک لە نەوتی ئێرانیان دەست بکەویت، بە دەستکەوتنی نەوتەکە پشتی کۆماریان بەردا و رووخا.

ئەمڕۆ بیلارووس کۆچبەرە کوردەکان بەکاردەهێنێت دژی ئەوروپا بۆ ئەوەی دەستکەوتی ئابووری خۆی بەدەستبهێنیتەوە، ئەو رۆژەی رێککەوتنە ئابووریەکەی واژوو دەکات کەس نازانێت چی بەسەر پەنابەرە کوردەکانی سنووری بیلارووس و پۆڵەندا دێت.

کەس نازانێت بلاروس چۆن هەموویان دیپۆرت دەکاتەوەو پۆڵەنداش چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، چونکە ئیدی ئەوان دراوسێن و دوای ڕێککەوتن هیچ ئیشێکیان بە کۆچبەرەکان نامێنێت.