هەرەسهێنانی لیرە تورکیاو دەسەڵاتی ئەردۆغان دەخاتە مەترسییەوە

جیهان

20/11/2021‌ 2652 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرەسهێنانی لیرە، ئابوری تورکیای قەیراناوی تر کردوەو کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی بژێویی دانیشتوانەکەی دروستکردوە، هەروەک چاودێرانی دۆخی تورکیا دەڵێن، دابەزینی بەهای لیرە هەڕەشە لەمانەوەی دەسەڵاتی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بەسەر تورکیاشەوە دەکات کە ماوەی نزیکەی دوو دەیەیە بەردەوامە.


لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت:"هەرەسهێنانی بەهای لیرەو دابەزینی بۆ ئاستێکی پێوانەیی "برینێکە لەخودی ئەردۆغاندا" بەوپێیەی خۆی وەک بەشێک لەستراتیژییەتێکی ئابوری ناکلاسیکی بڕیاری دابەزاندنی بەهای سوی بانکی دەرکردوەو پێیوابوو کە دەبێتە هاندەری گەشەی ئابوری وڵاتەکە".

ڕۆژنامەکە لەزاری تیم ئاش پسپۆڕی بازاڕە گەشەسەندوەکان لەدامەزراوەی بلوبای گواستوویەتیەیوە کە وتویەتی:"دابەزاندنی بەهای سوو لەلایەن ئەردۆغانەوە کارێکی شێتانەیەو ئەو هەنگاوە هیچ پاساوێکی نییە، وادیارە ئەردۆغان خۆی بەتەنها سیاسەتی نەختینەیی وڵاتەکەی هەڵدەسوڕێنێت".

لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکەدا هاتوە، "ئەردۆغان کە بەپشتیوانی چینی ناوەندی تورکیا دەسەڵاتی گرتەدەست، ئێستا ڕوبەڕوی مەترسییەک بۆتەوە کە لەساڵی 2003وە مەترسیی لەوشێوەیەی ڕوبەڕوونەبۆتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەڵاوسان‌و کاریگەرییەکانی لەسەر موچە، بەرزبونەوەی کاڵا بنەڕەتییەکانی وەک خۆراک‌و دەرمان‌و سوتەمەنی بونه‌تە هۆی هەڵوەرینی ئاستی جەماوەریی ئەردۆغان‌و دورکەوتنەوەی ئەو جەماوەرەی لەماوەی ڕابردودا پشتیوانیان کردوە.

ئەوەش هاتوە، "لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا ئابوری تورکیا بەهۆی لێکەوتەکانی کودەتا شکستخواردوەکەی ساڵی 2016و نەبونی سەقامگیریی بەهۆی جەنگی عێراق‌و سوریاو پاشەکشەی کەرتی گەشتیاریی بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناوە ئابوری تورکیا توشی شڵەژان هاتوەو چەندین مەترسیی دەگمەنیان لەسەر ئەردۆغان دروستکردوە".

هەروەک بەپێی دامەزراوەی میترۆپۆلی تورکی بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسیی، لەمانگی ئۆکتۆبەردا ڕێژەی پشتیوانیکردنی ئەردۆغان بۆ لەسەدا 38.9 دابەزیوەو بەراورد بەمانگی ڕابردوو بەڕێژەی لەسەدا 2.5 کەمیکردوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوش ڕێبەرانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا لەناویاندا کەمال کڵچدار ئۆغڵوی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری‌و میراڵ ئەکشناری سەرۆکی پارتی چاکەی تورکیا داوایانکرد، بەهۆی تێکچونی دۆخی ئابوری ئەو وڵاتەوە دەستبەجێ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت کە وادەی دیاریکراوی خۆی ئەوەیە دەبێت لەساڵی 2023 ئەنجامبدرێت.