پارێزبەندی لەسەر 13 پەرلەمانتاری تری هەدەپە هەڵدەگیرێت

کوردستان

24/11/2021‌ 1571 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی میدیاکانی تورکیا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەیانەوێت پارێزبەندی لەسەر 13 پەڕلەمانتاری تری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هەڵبگرن، بۆئەوەش 16 دۆسیەی تاوانیان ئاراستەی پەڕلەمانتارانی ئەو پارتە کردوە.


میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە، وەزارەتی دادی تورکیا دۆسیەی هەڵگرتنی پارێزبەندی 13 پەڕلەمانتاری هەدەپەیان ڕەوانەی سەرۆکایەتیی پەڕلەمانی تورکیا کردوە، کە لەناویاندا پەروین بوڵدانی هاوسەرۆکی پارتەکە هەیە.

ئەو پەڕلەمانتارانەی هەدەپە کە دەویسترێت پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت بریتین لەپەروین بوڵدان هاوسەرۆک‌و پەڕلەمانتاری شاری ئیستەنبوڵ، موراد ساریساش پەڕلەمانتاری سەر بەشاری وان، بەردان ئۆزتورک لەئاگری، ئەلیکان ئۆنلوو لەتونجەلی، عومەر ئۆجەلان لەڕۆحا (ئورفه‌)، ڕەمزی تۆسون لەئامەد، سیزای تەمەللی لەوان.

لەو پەڕلەمانتارانەی تری هەدەپە کە وابڕیارە پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت بریتین لە: فەلەکناس ئوجا لەباتمان، فاتما کورتوڵان لەمێرسین، سدیق تاش لەسرت، ساڵیحە ئایدەنیز لەئامەد.

باس لەوەشکراوە، دوای پەسەندكردنى ئەو دۆسیانە لەلایەن سەرۆکایەتیی پەڕلەمانەوە، دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن‌و دەخرێنە بەرنامەی خشتەی کاری ئەنجومەنی گشتیی پەڕلەمانی تورکیا بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەربدرێت.