شارپرێس:
دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندانو توڕەیی خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر خەرجنەکرانی دەرماڵەکانیان لەلایەن حکومەتەوە، ڕۆژی شەممە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ نوێنەری خوێندکاران کۆبۆوە، کۆبونەوەکە دوای ئەوەهات کە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم نەیتوانی بڕیار لەخەرجکردنی دەرماڵە بۆ خوێندکاران بدات، بەڵام ئەوەی لەقسەکانی ڕۆژی شەممەی مەسرور بارزانی جێگەی سەرنجو تاڕادەیەک شۆکبوو هەم بۆ خوێندکاران، هەمیش بۆ هاوڵاتیانی هەرێمیش ئەوەبوو کە وتی:"دەرماڵە بۆ خوێندنی خۆڕایی لەهیچ شوێنێكی دونیادا بونی نییە تا ئێمەش دابینی بکەین کە خوێندنمان بەخۆڕاییە".
قسەکانی مەسرور بارزانی زۆر بەخێرایی کاردانەوەی لێکەوتەوەو لەناوەوەو دەرەوەی وڵات هەموانی بەدەنگهێنا.
چاودێرانو خوێندکارانو نوسەران، شارەزایانو خوێندکارانی خوێندنی باڵا کە لەدەرەوەی وڵاتن، هەموو بەیەک ئاراستە هاتنەدەنگو ئەوەیان ڕەتکردەوە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوی دونیا هەبێت بەوجۆرە بێت کە سەرۆکی حکومەت باسیدەکات.
لەبەشێکی زۆر لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو بەتایبەت لەوڵاتانی ناوچەکە، حکومەت پارە دەداتە خوێندکارو قوتابییەکانی لەپای خوێندنیان لە کەرتی حکومی، چونکە هێشتا لێشاوی زانکۆو قوتابخانە ئەهلییەکان بەو شێوەیەی لەهەرێمی کوردستان بونی هەیە، لەو وڵاتانەدا نییە.
ئێمە لەم ڕاپۆرتەدا بەبەڵگە دەیخەینەڕوو کە خوێندکار لەوڵاتانی ئەوروپا، بەو وڵاتانەشەوە کە سەرچاوەی داهاتی تاک تیایاندا لەئاستێکی باڵادایە، هێشتا حکومەت پارە دەداتە خوێندکارەکانی.
لەنەمسا بەگوێرەی سیستمی خوێندنو پەروەردە لەو وڵاتە، خوێندن لەهەموو قۆناغەکان خۆڕاییەو خوێندکاریش مانگانە لەنێوان 500 بۆ 750 یۆرۆ دەرماڵە وەردەگرێت، جگە لەوەش کورسی خوێندنی باڵا بەتایبەت ماستەرو دکتۆرا هەر لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە پاڵپشتی مادی دەکرێت.
دەچینە بەریتانیا، یەکێک لەگرنگترین وڵاتەکانی ئەوروپاو جیهان لەڕووی پەروەردەو فێرکردنەوە، هاوکات یەکێک لەو وڵاتانەشە کە داهاتی تاک تیایدا لەئاستێکی باڵادایە، بەڵام حکومەت پشتگیرییەکی دارایی تەواوی فێرخوازانی دەکاتو نۆ هەزارو 250 پاوەند دەداتە خوێندکارەکانی، دواتریش ئەگەر ئەو خوێندکارە کاری دەستکەوتو مانگانە هەزارو 616 پاوەندی پەیداکرد، ئەوا مانگانە تەنیا چوار پاوەند دەداتەوە بەحکومەتی بەریتانیا.
واتا ئەگەر مانگی هەزارو 615 پاوەند پەیدابکات، ھەرپارەکە ناداتەوە بەدەوڵەت، جگەلەوەی لەچەند حاڵەتێکی جیاوازدا حکومەت لەدانەوەی پارەکە لێیخۆشدەبێت.
جەبار ئەمین پەرلەمانتاری پێشوی سویدو یەکێک لەو کەسایەتیانەی وەڵامی قسەکانی مەسرور بارزانی دایەوەو ڕایگەیاند، لەوڵاتێكی وەك سوید حکومەت مانگانە نزیکەی (1200) دۆلار دەداتە هەموو خوێندکارەکانی، بەشێکی وەك یارمەتیو دوو بەشی وەك قەرز تا کاتی دەرچوونیان لەزانکۆو دامەزراندنیان.
خوێندکارێکی خوێندنی ماستەر لەوڵاتی ئەڵمانیا لەوەڵامی قسەکانی سەرۆکی حکومەتدا دەڵێت: وەک ئەزمونێکی کەسیی دەتوانم ناڕاستیی ئەو قسەیەی سەرۆکی حکومەت بسەلمێنم کە دەڵێت “لەهیچ شوێنێک خوێندنی خۆڕایی نییە”. من وەک هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستانو هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی، لەوڵاتی ئەڵمانیا بەخۆڕایی بۆ بڕوانامەی ماستەر دەخوێنم، نەک تەنها خوێندنەکە بەخۆڕاییە، بەڵکو حکومەتی ئەم وڵاتە بە نرخێکی زۆر ڕەمزی شوێنێکی شایستەی مانەوەی بۆ دابینکردوم کە کوالێتییەکەی زۆر لەپڕۆژەو سیتییەکانی کوردستان باشترەو هەر خۆشیان پارەی ئاو، کارەباو گازو هەموو تێچووەکانی دیکەشم بۆ دەدەن.
هەروەها، لەڕێی ناسنامەی زانکۆکەمەوە دەتوانم بەخۆڕایی خزمەتگوزاریی هاتوچۆی گشتی لەهەموو ئەو هەرێمەی منی تێدام، کە 59 شارو شارۆچکەیە، بەپاسو شەمەندەفەرەوە بەکاربهێنم، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەخزمەگوزارییەکانی ڕۆژانەم، گەر ئەوە پاڵپشتیی حکومەتی ئەڵمانیا بێت بۆ خوێندکارێکی دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی، ئایا هاوکارییەکان بۆ خوێندکارە ئەڵمانییەکان چۆنە؟
بەپێی بەدواداچونەکانی شارپرێس لەژمارەیەکی زۆری وڵاتانی پێشکەوتوو کە هەرگیز ناگونجێت بەراوردی ژیانی تاکێکی ئەو وڵاتانەو تاکێکی کورد لەڕوی کوالێتی ژیانو داهاتی تاکەکەسەوە بکرێت، حکومەتی ئەو وڵاتانە پشتیوانێکی گەورەی پرۆسەی پەروەردەو خوێندنی وڵاتەکەیەو هاوکارێکی باشی خوێندکارەکانیەتی، بەنمونە لەوڵاتێکی وەک دانیمارک جگەلەوەی خوێندن بەتەواوی بەخۆڕاییە، هەموو خوێندکارێک مانگانە پێنج هەزارو 839 کرۆنی دانیمارکی کە دەکاتە نزیکەی 900 دۆلار وەردەگرێت بەپێی پڕۆگرامێکی جیگیری پاڵپشتیی دارایی کە خوێندکار بەهیچ شێوەیەک پێویست ناکات ئەو دەرماڵەیە بگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت تەنانەت ئەگەر واز لەخوێندنیش بهێنێت.
چاوەڕێدەکرێت قسەکانی مەسرور بارزانی کاردانەوەی زیاتر لای خوێندکاران دروستبکات، بەوپێیەی لەنێو قسەکانیدا وەڵامی بۆ خوێندکاران بەڕونی تیادابوو کە ئەویش ئەوەبوو بەخوێندکارانی وت:"چاوەڕێی خەرجکردنی دەرماڵەکانتان مەبن".
هاوشێوەی زۆرێک لەو قەیرانانەی دیکە کە کابینەی نۆ خۆی لەبەرپرسیارێتیەکەی دزیوەتەوە، لەکۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ خوێندکاران سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەوەی ڕاگەیاند، لەکابینەکەی ئەودا دەرماڵە نەبڕدراوەو ئەوە لەسەردەمی پێش ئەودابووە، واتا قەیرانەکەی خستە ئەستۆی کابینەکەی نێچیرڤان بارزانیو لەلایەکی تریشەوە دیسانەوە تۆپەکەی فڕیدایەوە گۆڕەپانی حکومەتی عێراقو نەناردنی بودجەی لەلایەن بەغداوە بەهۆکاری نەدانی دەرماڵە ناوبرد.
لەقسەکانی مەسرور بارزانیدا دوبارە خاڵێکی جێگە سەرنج وروژێندرا کە لاوازی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەرامبەر کۆکردنەوەی داهات ئاشکراکرد، ئەویش ئەوەبوو کە مەسرور بارزانی لەزاری خۆیەوە وتی:"ئەگەر هەموو پارێزگاکانی هەرێم وەك یەك داهاتەکانیان بۆ حکومەت بگەڕێننەوە، کێشەی دەرماڵەی قوتابیان چارەسەردەبێت"، بەوەش دەردەکەوێت بانگەشەی حکومەتی سەرتاسەرییو بەهێز کە کابینەی نۆ بانگەشەی بۆدەکرد، هێشتا خەونەو حکومەتی هەرێم لەتوانایدا نییە بەئەندازەی ئەوەی لەدهۆکو هەولێر کۆیدەکاتەوە، مانگانە هەمان داهاتیش لەسلێمانی کۆبکاتەوە.