پارتی و یەکێتی بۆچی بێدەنگن؟
بۆچی وەڵامی پەرلەمانتاران نادەنەوە؟

کوردستان

16/12/2021‌ 2309 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جارێکی  تر و بۆ چەندەمین جار، باسی ون بون و دیار نەبونی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوەتەوە بە بنێشتە خۆشەی سەرزاری هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران.

پەرلەمانتاران داتا و ژمارەی سەیر و جێی سەرنج دەخەنە بەردەست هاولاتیان و هێزە سیاسیەکان. باس باسی ون بون و دیار نەبونی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە کە دابەش بوە بەسەر دوو زۆنی سەوز و زەرددا.

ئەگەر لە ڕابردودا ئەو دوو زۆنە بە دوو زۆنی سیاسی و حزبی ناسرابن ئەوا ئێستا دەستەواژەکان گۆراون و بونەتە زۆنی دارایی و پەیدا کردنی داهات بۆ حزب لە ڕێگەی حکومەتەوە.

پەرلەمانتاران باس لەوە دەکەن کە داهاتی هەولیر و سلێمانی و دهۆک کە خۆیان لە دوو زۆنەکەدا دەبیننەوە ناچێتەوە سەر داهاتی حکومەتی هەرێم و لە ڕێگەی حزبەکانەوەو بە چەند بەشێک دەدرێتەوە بە حکومەت بۆ رایککردنی پێدانی موچە ئەگەر حکومەت خواستی هەبێت.

بە پێی ئەو خشتەو داتایانەی پەرلەمانتاران بڵاوی دەکەنەوەو هی خودی حکومەتی هەرێمە، لە ماوەی یەک سالی رابردودا بە رێژەیەکی دیاریکراو داهاتەکانی پارێزگاکان گەراوەتەوەو بۆ حکومەتی هەرێم و لەگەڵ هەر زیاد بون و کەمکردنێکی داهاتدا هیچ گۆرانکاریەک لە خشتەکاندا ڕوینەداوە، بەڵکو بە پێی خواست و داوای وەزارەتی دارایی لە پارێزگاکان یان راستتر بلێین لە حزبە فەرمانرەواکان ئەو داهاتە دیاریکراوە کە گەراوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم.

بە نمونە بە درێژایی یەک ساڵ ئەو داهاتەی دراوەتە وەزارەتی دارایی رێژەی لەسەدا ٤٣ی هی زۆنی سەوز و لەسەدا ٥٧ی هی زۆنی زەرد بوە.
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە دوو ئیدارەییەکی تەواو لە کۆکردنەوەی داهاتی مانگانەی هەرێمدا هەیەو هیچ کات بە پێی داهات پارە نەگەراوەتەوە بۆ حکومەت، بەڵکو بە پێی خواست و داوای وەزارەت لە دوو زۆنەکە پارە دراوەتە حکومەت.

پەرلەمانتار و چاودێران و میدیاکان هەموو باس لەوە دەکەن کە پارتی و یەکێتی دەستیان گرتوە بەسەر داهاتی هەرێمداو لە نیوان خۆیان دابەشیان کردوەو لە بری حکومەت مامەڵەی پێوە دەکەن و کەی ویستیان بەشی حکومەتی لێدەدەن.

راستەوخۆ دەستی تۆمەت بۆ پارتی و یەکێتی درێژ دەکرێت و ئەوانیش قسەیەکیان نیەو هیچ نالێن لەسەر ئەو تۆمەتەی ئاراستەیان دەکرێت.

هاولاتیان و چاودێران هەموو چاوەرێی ئەوەن پارتی و یەکێتی وەلامی هەموو ئەو تۆمەتانە بدەنەوەو بیسەلمێنن کە ئەوەی باسدەکرێت دورە لە راستیەوە خۆ ئەگەر بە زویی ئەمە نەکەن ئەوا بێدەنگییان دەبێتە سەلمێنەری راستی ودروستی هەموو ئەو قسانەی دەکرێت و چیدی هیچ ڕیگەیەک نامێنیتەوە بۆ ئەوەی باس لە شەفافیەت و گێرانەوەی راست و دروستی داهاتی هەرێم بکرێت بۆ حکومەتی هەرێم خەزێنەی حکومەت.