له‌ساڵێکدا 11 هەزار کەس لەسەر بەکارهێنان‌و بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر دەستگیرکراون

عیراق

20/12/2021‌ 399 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکان لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لەماوەی ئەمساڵدا 11  هەزار کەسیان لەسەر بەکارهێنان‌و بازرگانیکردن‌و برەودان بەمادە هۆشبەرەکان دەستگیرکردوە، هەروەک ئەو پارێزگایانەشی ئاشکراکردوە، لەناو پارێزگاکانی عێراقدا زۆرترین بەکارهێنەرو قاچاخچێتیی مادە هۆشبەرەکانی تێدایە.


عەقید بیلال سوبحی بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان‌و ڕاگەیاندن لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکان بەئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاندوە، "بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەپێی یاسای ژمارە 50ی ساڵی 2017 تایبەتمەندە بەبەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکان، بۆئەوەش لەماوەی ئەمساڵدا توانیویانە 11 هەزار کەس لەسەر بەکارهێنان‌و بازرگانیکردن بەو مادەیە دەستگیر بکەن".

بەوتەی ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکان، لەکۆی ئەو 11 هەزار کەسەی دەستگیرکراون، لەسەدا 60 یان تۆمەتی بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکانیان دراوەتەپاڵ‌و لە40%یان بەکارهێنەربون.

سوبحی ئەوەشی ئاشکراکردوە، هەردوو پارێزگای بەسرەو میسان لەناو پارێزگاکانی باشوری عێراقدا لەڕوی بەکارهێنان‌و قاچاخچێتیکردن بەمادە هۆشبەرەکان پلەی یەکەمیان هەیە، بەڵام لەپارێزگاکانی ڕۆژئاوای عێراق حەبی کەپتاگۆنیان لەسوریاو لەڕێگه‌ی بیابانەوە بۆ داخڵدەکرێت‌و دەهێنرێتە پارێزگای ئەنبارەوە.

جەختیشیکردۆتەوە، مادە هۆشبەرەکان ڕوبەڕوی هەموو کۆمەڵگه‌ بۆتەوە، بەڵام ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ  25ساڵیدایە زیاتر تێوەگلاون‌و بەکارهێنەری ئەو مادەیەن.