سەعدی پیرە: کۆبونەوەی پارتی‌و یەکێتی ئارامی بەشەقامی کوردی بەخشی

کوردستان

21/12/2021‌ 739 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شاپرێس:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی كۆبونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوی نێوان یەكێتی‌و پارتییەوە دەڵێت:"کۆبونەوەكه‌ ئارامیی زۆری بەشەقامی کوردی بەخشی‌و پێکەوە وەرەقەیەک بۆ بەغدا ئامادەدەکەن".


سەعدی ئه‌حمه‌د پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتوه‌، "کۆبونەوەی پارتی‌و یەکێتی بەئەرێنی دەبینم، لەبەرئەوەی بەداخەوە زۆرجار بۆ ماوەیەکی درێژ کۆبونەوەی نێوانمان بەڕێوەناچێت، ئەوەش وایکردوە ڕاگەیاندنی نادۆست ڕۆڵی خراپ بگێڕێت".

ده‌شڵێت:"من لەگەڵ ئەوەدام پارتی‌و یەکێتی زوو زوو کۆببنەوە، ئەگەر بابەتی بنەڕه‌تیش باسنەکرێت، بەڵام ئێمە پێکەوە لەحکومەتین‌و ڕەوشی خەڵک پێویستی بەوەیە کۆببینەوە، بەتایبەتی لەعێراق كه‌ خەریکی پێکھێنانی حکومەتی نوێیە".

مه‌كته‌ب سیاسیه‌كه‌ى یه‌كێتى باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ڕەنگە لەکۆبونەوەی ڕابردوو نەچوبینە نێو وردەکاریی ھەموو بابەتەکان، ئەوەی گرنگە کۆبونەوەو تەباییی نێوان ھەردولایەن زۆر ئارامیی بەشەقامی کوردی بەخشی، خەڵک وای وێنە دەکرد پارتی‌و یەکێتی زۆر لێک دورن، به‌ڵام ئێمەو پارتی زۆر لێک دورنین، بەڵام جیاوازیمان ھەیەو دەبێت لەڕێگەی گفتوگۆ چارەسەربکەین".

سەبارەت بەچۆنێتی گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدا وتی:"پارتی‌و یەکێتی ھەردولا ھاوڕاین پێکەوە وەرەقەیەک بۆ بەغدا ئامادەبکەین، پێکەوە دەستەیەکی ھاوبەش بۆ دانوستان ڕەوانەی بەغدا بکەین، بێگومان کۆبونەوەی دیکەش لەئارادایەو پێویستە قسە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش بکرێت‌و ئەوانیش بەشداربن لەئامادەکردنی وەرەقەیەک بۆ بەغداو لەشاندی بەغداشدا بەشداربن".

س.س