عێراق‌و عێراقیەکان لەبەردەم گۆڕانکاریە گەورەکان‌و ئەگەرە کراوەکاندا

ڕاپۆرت

02/01/2022‌ 1009 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکۆتا ساتەکانی ساڵی 2021دا موستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق‌و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەن ڕایگەیاند، دوایین سەربازی شەڕکەری هاوپەیمانان لەعێراق کشاوەتەوەو ئێستا هیچ سەربازێکی شەڕکەری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەعێراقدا نەماوە، ئەوەش وەک ڕاگەیاندنی دۆخێکی نوێی سیاسی‌و سەربازی لەعێراق لێکدەدرێتەوە.

له‌ساڵی نوێدا، عێراق دەکەوێتە دۆخێکی نوێوە. دۆخێک کە لەهەموکات زیاتر چاوەڕێی ئاڵۆزبوونی سیاسی‌و سەربازی لێدەکرێت، چونکە ئیدی کشانەوەی هاوپەیمانان لەعێراق بووەتە واقع‌و هێزو لایەنە سیاسی‌و تەواوی پێکهاتەکان هەریەکەیان‌و بەپلان‌و ئەجێندایەکەوە دەیەوێت بچێتە ناو قۆناغی دوای ئەمریکا، قۆناغێک کە سیناریۆی جۆراوجۆر چاوەڕێی دەکات‌و چاودێرانی سیاسی پێیانوایە عێراق ڕوبەڕوی ململانێیەکی سەختی ناوخۆیی‌و ناوچەیی دەکاتەوە.

لەسەر ئاستی ناوخۆ چۆن لەکاتی بوونی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەعێراق پێکهاتەکان دابەشبوبوون بەسەر هەردوو بەرەی ئەمریکاو دژە ئەمریکا، بەهەمانشێوە لەدوای بەتەنیا مانەوەی عێراق چاوەڕێدەکرێت پێکهاتەکانی کوردو شیعەو سوننە، نەتوانن بەئاسانی لەسەر بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان ڕێکبکەون، ئەوەش بەهۆی ئەو هەموو کێشە ساسییە ئاڵۆزانەی کە لەنێوانیادا هەیەو کشانەوەی ئەمریکا ناتوانێت چارەسەری بکات، ئەگەر ئاڵۆزتریشی نەکات.

لەسەر ئاستی سەربازیش هیچ سیناریۆیەکی دڵخۆشکەر پێشبینی بۆ ناکرێت، ئەوەش بەهۆی بونی چەندین هێزی چەکداری فەرمی‌و نافەرمی کە دابەشبوون بەسەر پێکهاتەو لایەنە سیاسییەکاندا، چونکە ئەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق بۆ زۆرێک لەو هێزانە دڵخۆشکەر نەبوو، سەرەڕای ئەوەش بەشێکی زۆر لەو هێزە چەکدارانە تائێستا تەسلیمی ئیرادەی حکومەت‌و هێزی فەرمیی دەوڵەت نەبوون، کە ئەوەش هەموکات دەرگای بەسەر ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریدا بەڕوی عێراقدا کردووەتەوە، چونکە سەرەڕای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەک لەو هێزانەو هەڕەشەی تێکدانی دۆخی ئەمنی عێراق‌و ڕوبەڕوبوونەوەی چەکداریی دەکەن.

کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تەنیا مەترسی سەربازیی‌و کێشەی سیاسیی پێکهاتە جیاوازەکان لەسەر عێراق دروستنەکردووە، بەڵکو کشانەوەکە هاوکاتە لەگەڵ وادەی دەستپێکردنی جموجۆڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، کە بڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوەو گەورەترین کوتلەی براوە لەهەڵبژاردنەکان ڕابسپێرێت بۆ ئەوەی لەماوەی 90 ڕۆژی داهاتوودا کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێت.

بەشێک لەچاودێرانی دۆخی عێراق پێیانوایە، عێراق بەم دۆخە ئاڵۆزە سیاسیی‌و سەربازییەوە، بەتایبەت کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا کشابێتنەوە، نەک ناتوانێت لەماوەی دیاریکراودا حکومەت پێکبهێنێت، بەڵکو ململانێ هەرێمی‌و ناوچەییەکانیش بۆ سەر کێشەکانی سەربار دەکات‌و ئەوەش دۆخەکە زۆر لەئێستا ئاڵۆزتردەکات‌و دەبێتە هۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

ئێستا کە سەرەتای قۆناغی دوای ئەمریکایە لەعێراق، ئاماژە سیاسی‌و سەربازییەکان چەندین پرسیاریان لەبارەی ئایندەی نزیک‌و دوری عێراقەوە هێناوەتە ئاراوە، کە خۆیان لەکات‌و چۆنیەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت‌و ململانێی نێوان سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان‌و هاوکات ململانێی هێزە هەرێمی‌و ناوچەییەکان لەعێراقدا دەبینێتەوە.

هێشتا دیمەنی عێراقی دوای کشانەوەی ئەمریکا دیمەنێکی ناڕون‌و ئاڵۆزە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کارەکتەرەکانی جیاوازو هەمەجۆرن، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ هەم لەئاستی دەرەوەشدا، ئەمە بێجگە لەهاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە بەگشتی کە کاردانەوەی ڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوی پرۆسەی سیاسی‌و سەربازی لەعێراق هەیە.

هەرێمی کوردستان‌و داهاتوی ئەم بەشەی کوردستانیش بەدەرنییە لەو ئەگەرانەو هیچ گەرەنتیەک نییە بۆ ئەوەی لەپاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەرێمی کوردستان وەک 18 ساڵی ڕابردوو ئارام بێت‌و خاوەنی سەروەری دامەزراوە فەرمیەکان بێت، بەشێک لەچاودێران پێیانوایە هەرێمی کوردستان جیاواز لەعێراق دەکەوێتە بەردەم ئاڵەنگاری‌و مەترسیە ناوخۆیی‌و دەرەکیەکانەوە، دورنییە حەشدی شەعبی‌و هێزە مەزهەبگەراکانی عێراق هاوشێوەی داعش نەبنە مەترسی بۆ سەر ئایندەی خاکەکەیی‌و لەپرۆسەی سیاسی عێراقیشدا پاشەکشەی بەرچاو بەپێکهاتەی کورد نەکرێت لەعێراقی داهاتودا، چونکە ئەگەر لەڕابردودا نیەتێک بۆ پێکەوەکارکردن لەگەڵ کورد هەبوبێت لای بەشێکیان ئەوا بەشەکەی تریان لەژێر هەڕەشەو هەژمونی هاوپەیمانان‌و ئەمریکا بە تایبەت ناچار بەوکارە دەبوون.