لەتیف ڕەشید: لایەنەكان بە كاندیدێكی موناسبم دەزانن

کوردستان

14/01/2022‌ 2065 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

لەتیف ڕەشید، كاندید بۆ پۆستی سەرۆك  كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئامانجێتی دەنگی زۆربەی نوێنەرانی كورد بە دەستبێنێت و باس لەوەدەكات، زۆربەی لایەنەكان قەناعەتیان كردووە کەسێکی موناسبە بۆ ئەو پۆستە.


لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ڕووداو، لەتیف ڕەشید، كاندید بۆ پۆستی سەرۆك  كۆماری عێراق وتی: بۆم دەركەوتووە لەناو هەرێم و عێراقیشدا پشتگیری دەكرێم و بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیم بەزۆر لە لایەنەكانەوە كردووە و زۆربەی لایەنەكان قەناعەتیان كردووە کەسێکی موناسبم بۆ ئەو پۆستە.

سەبارەت بە بۆچونی یەكێتی ئاشكرایكرد، زۆربەی یەكێتی بە شیاوی دەزانن بۆ ئەو پۆستە و وتیشی: لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیشدا قسەم كردووە.

لە بارەی ڕەزامەندی لایەنە كوردییەكانەوە دەڵێت: ئامانجم ئەوەیە دەنگی زۆربەی نوێنەرانی كورد بەدەست بێنم و پەیوەندییەكی باشم لەگەڵ لایەنەكاندا هەیە و لە ڕابرددودا پەیوەندیم لەگەڵ پارتی باشبووە و ئێستاش لەگەڵ بەشێك لە سەركردەكانی پارتیدا پەیوەندیم باشە.

لەئەگەری داوا لێكردنی بۆ كشانەی لە خۆ كاندیدكردنی وتی: من جارێ بڕیارمداوە و خۆم كاندید كردووە، هیچ بڕیارێكم لە فكردانییە بۆ كشانەوە و بەردەوام دەبم لە مانەوەم.

س.س